وتەبێژى حکوومەتى هەرێم روونکردنەوەیەک لەسەر بیرە نەوتەکانى باى حەسەن بڵاودەکاتەوە کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

وتەبێژى حکوومەتى هەرێمى کوردستان روونکردنەوە لەسەر داگیرکردنى چەند بیرە نەوتێک بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "ئەم هەڵمەتە بنەمایەکى یاسایی نییە."

ئەمڕۆ شەممە (14/ئایار/2022) د. جوتیار عادل، وتەبێژى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە حکومەتی هەرێم بە پشتیوانی هێزی چەکداری، دەستی بە سەر چەند کێڵگەیەکی نەوتی بای حەسەن و داودگورگەی سەر بەکۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووکدا گرتووە و داگیری کردوون."

 

دەقى ڕوونکردنەوەکەى وتەبێژى حکوومەتى هەرێمى کوردستان:

ڕوونكردنەوەیەك لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە حکومەتی هەرێم بە پشتیوانی هێزی چەکداری، دەستی بە سەر چەند کێڵگەیەکی نەوتی بای حەسەن و داودگورگەی سەر بەکۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووکدا گرتووە و داگیری کردوون.

ئاشکرایە بە پێی دەستووری عێراق، سامانی گشتی هی هەموو خەڵکی عێراقە و هی کۆمپانیایەک نییە. کۆمپانیای نەوتی باکوور چەندین ساڵە بەبێ هەبوونی یاسای نەوت و غاز، کار دەکات و دەستوور پێشێل دەکات. ئەگەر كۆمپانیای نەوتی باکوور، لە خەمی چارەسەکردنی کێشەکانە، با یاسای نەوت و غاز بە پێی دەستور تەشریع بکرێت.

بۆیە ئەو هەڵمەتەی دژی هەرێم دەستیان پێکردووە هۆکارەکەی سیاسییە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نیە و ئەو تۆمەتانەی دژی هەرێم بڵاوی دەکەنەوە، دوورن لە ڕاستییەوە و تەنیا بۆ دروستکردنی ئاژاوە و دژی مافەکانی خەڵکی کوردستانە. 

د.جوتیار عادل

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

14ی ئایاری 2022

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین