چوار مانگ له‌ ته‌مه‌نى په‌رله‌مان بێ ده‌ركردنى هیچ یاسایه‌ك تێپه‌ڕى عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانى عێراق چواره‌م مانگى له‌ ته‌مه‌نى خۆى تێپه‌ڕاند، بێ ئه‌وه‌ى هیچ یاساییه‌ك ده‌ربكات. سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان وه‌رزى په‌رله‌مان درێژ ده‌كاته‌وه‌ و هه‌وڵ ده‌دات كۆتایى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ دانیشتنێك ئه‌نجام بدات.

ئه‌مڕۆ نۆى ئایارى 2022 چوار مانگ به‌سه‌ر یه‌كه‌م دانیشتنى ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مانى عێراق تێده‌په‌ڕێت، چونكه‌ دانیشتنى یه‌كه‌مى له‌ نۆى كانوونى دووه‌مى ئه‌مساڵ بوو. كه‌چى وه‌ك رۆژنامه‌ى مه‌دا له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌م ماوه‌یه‌دا په‌رله‌مانى عێراق هیچ چالاكییه‌كى یاسادانانى نه‌بووه‌ و هیچ یاسایه‌كى ده‌رنه‌كردووه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، دوێنێ محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو جێگره‌كه‌ى كۆبووه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان له‌م هه‌فته‌یه‌دا دانیشتنێك ئه‌نجام بده‌ن.

سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان به‌گوێره‌ى ماده‌ى 58 ى ده‌ستوور خولى ئه‌م وه‌رزه‌ى بۆ ماوه‌ى مانگێك درێژ كردووه‌تەوە و چاوه‌ڕوانده‌كرێت "به‌ تاوانناساندنى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل" و "پڕۆژه‌ یاساى پاڵپشتى فریاگوزارى ئاسایشى خۆراك" له‌ دانیشتنه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى په‌رله‌مان تاوتوێ بكرێن و ده‌نگیان له‌سه‌ر بدرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین