گوته‌بێژى حكومه‌ت: با هیچ لایه‌نێك خۆیان نه‌كه‌نه‌ جێگره‌وه‌ى دادگاكان کوردستانی

نوچه‌نێت

گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ده‌ڵێ سه‌رۆكى حكومه‌ت پاڵپشتى ته‌واوى خۆى بۆ دادگاكان دووپات ده‌كاته‌وه‌ و داوایش له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كات خۆیان نه‌كه‌نه‌ جێگره‌وه‌ى دادگاكان.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م سێى ئادار له‌سه‌ر دۆسیه‌ى هێرشكردنه‌ سه‌ر غالب محه‌مه‌دى په‌رله‌مانتار له‌ سلێمانى، لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى له‌ تویتێكدا كه‌ "میدیاكانى یه‌كێتى" بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، باسى له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ گوایه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى ئه‌و سێ كه‌سه‌ ئازاد بكرێن كه‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ گیراون، لاهور شێخ جه‌نگى ده‌ڵێ، "دەستیان داوەتە كاروباری دادگا بۆئەوەی ئەو سێ كەسە ئازاد بكرێن و كەیسەكە دیزە بە دەرخۆنە بكرێت".

دوا به‌ دواى ئه‌مه‌ جوتیار عادل گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات سه‌رۆكى حكومه‌ت پاڵپشتى ته‌واوى خۆى بۆ دادگاكان دووپات ده‌كاته‌وه‌، له‌ ده‌قى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ هاتووه‌، "سەرۆکی حکومەت پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ دادگاکانی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و سەربەخۆییانە و دوور لە ئەجێندا و بەرژەوەندی هیچ لایەک و دوور لە فشاری تاک و لایەنە سیاسیەکان، بڕیار لە سەر هەموو کەیسەکان بدات و هیچ کەیسێکیش پشتگوێ نەخرێت".

گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم باس له‌ چه‌ند كه‌یسێك ده‌كات كه‌ "نابێت پشتگوێ بخرێن" له‌وانه‌، "کەیسی ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵەکەی". له‌كۆتایى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یش به ‌ناوى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان "داوا لە هەموو لایەک دەکات، خۆیان نەکەنە جێگرەوەی دادگاکان".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین