ته‌نیا حزبه‌كانى شیعه‌ له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌ترسن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ، ته‌نیا لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌ترسن، له‌ به‌رانبه‌ردا ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دووباره‌ بكرێته‌وه‌، رۆژنامه‌كه‌ پێیوایه‌ چانسى سه‌ربه‌خۆكان به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌ و ره‌وتى سه‌در و كورد و سوننه‌كانیش ئه‌نجامه‌كه‌یان به‌ به‌راورد به‌م جاره‌ جێگیر ده‌بێت.

رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13ى نیسانى 2022 له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ هه‌ڵوێستى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات له‌به‌رانبه‌ر دووباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن، كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ وه‌ك بژارده‌یه‌ك بۆ ده‌رچوون له‌ قه‌یرانى سیاسى عێراق باس ده‌كرێت.

رۆژنامه‌كه‌ پێیوایه‌، لایه‌نه‌كانى شیعه‌ ئه‌وانه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگین له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌ترسن، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندى به‌ كه‌مبوونه‌وه‌ى ده‌نگده‌رانیان هه‌یه‌، دووه‌میش په‌یوه‌ندى به‌ بودجه‌كانیان هه‌یه‌، چونكه‌ به‌ لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ هه‌ر كاندیدێك پێویستى به‌ هه‌شت ملیۆن دینار هه‌یه‌ بۆ پرۆگه‌نده‌ى هه‌ڵبژاردن، هۆكارى سێیه‌میش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ یاساى هه‌ڵبژاردن رازى نیین و ئه‌گه‌ریش وه‌ك ناچاریى ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن بده‌ن، ئه‌وا یه‌كه‌م مه‌رجیان هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساكه‌ ده‌بێت.

له‌به‌رانبه‌ردا رۆژنامه‌ى مه‌دا پێشبینى ده‌كات ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دووباره‌ بكرێته‌وه‌، ئه‌وا لایه‌نه‌ كوردى و سوننى و ره‌وتى سه‌در به‌ نزیكه‌ى هه‌مان ده‌نگى ئێستایان ده‌بێت و به‌ڵام چانسى سه‌ربه‌خۆكان به‌هێزتر ده‌بێت.

10ى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوو هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام تا ئێستا حكومه‌تى عێراق پێكنه‌هاتووه‌ و سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵنه‌بژێدراوه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین