شیعه‌كان هه‌وڵى شكاندنى بێده‌نگى سه‌در ده‌ده‌ن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ، شیعه‌كان هه‌وڵى شكاندنى بێده‌نگى سه‌در ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێ ناچارى بكه‌ن بێته‌ده‌نگ، بۆئه‌مه‌یش چه‌ندان تۆمه‌تى ئاراسته‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10ى نیسانى 2022 رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا باسى له‌وه‌ كردووه‌، هه‌فته‌یه‌ك به‌ سه‌ر بێده‌نگى موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در تێپه‌ڕى، بۆیه‌ لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ نیگه‌رانن و ده‌یانه‌وێ بێده‌نگییه‌كه‌ى بشكێنن. 

موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در له‌ 31ى مانگى رابردوو په‌یامێكى ئاراسته‌ى لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى كرد و داواى لێكردن ده‌ست بكه‌ن به‌ دانوستاندن بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت. سه‌در روونیشى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌رفه‌ته‌كه‌ى بۆ ماوه‌ى 40 رۆژه‌.

رۆژنامه‌ى مه‌دا ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرته‌كه‌ى باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌فته‌یه‌ك له‌ بێده‌نگییه‌كه‌ى سه‌در تێپه‌ڕى، لایه‌نه‌كانى شیعه‌ ده‌یانه‌وێ سه‌در تۆمه‌تبار بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ى بێده‌نگییه‌كه‌ى نه‌مێنێ، بێته‌وە نێو ململانێیه‌ سیاسییه‌كه‌وه‌.

به‌گوته‌ى رۆژنامه‌كه‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان ده‌یانه‌وێ سه‌در جاڕس بكه‌ن، بۆیه‌ جارێك ده‌ڵێن حكومه‌تى سه‌درى ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ و جارێكى تریش ده‌ڵێن كۆده‌تایه‌ك له‌سه‌ر پێكهاته‌ى شیعه‌ هه‌یه‌ و ده‌ستى ده‌ره‌كى له‌گه‌ڵه‌. جیا له‌م دوو بابه‌ته‌یش ده‌یانه‌وێ سه‌در به‌وه‌ تووڕه‌ بكه‌ن، كاتێك ده‌یانه‌وێ بڵێن سه‌در پلانى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى هه‌یه‌.

رۆژنامه‌ى مه‌دا ده‌ڵێ، "لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌یانه‌وێ فشار له‌سه‌ر سه‌در بكه‌ن، له‌ میانه‌ى تێكه‌ڵكردنى به‌ پڕۆژه‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى شیعه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێ سه‌در جاڕس بكه‌ن تا له‌ گۆشه‌گیرییه‌كه‌ى بێته‌ده‌ره‌وه‌".

رۆژنامه‌كه‌ باسیى له‌وه‌یش كردووه‌، كه‌ زانیارییه‌كان له‌ ژووره‌ داخراوه‌كان دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌، به‌ ته‌واوى ته‌نگژه‌كه‌ قووڵبووه‌ته‌وه‌. سه‌رچاوه‌كانیش له‌ نزیك سه‌دره‌وه‌ ده‌ڵێ، "قسه‌كردن له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى شیعه‌، هه‌ڵبه‌ستراوێكى دۆڕاوه‌ و هه‌وڵى شێواندنى هاوپه‌یمانى سێقۆڵییه‌ له‌گه‌ڵ جاڕسكردنى سه‌در بۆئه‌وه‌ى بێته‌ده‌نگ".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین