حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر ده‌توانێ پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بكات کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

شاره‌زاییه‌كى یاسایى رایگه‌یاند، حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌رى عێراق ده‌توانێ پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى عێراق بۆ ساڵى 2022 ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بكات، چونكه‌ پڕۆژه‌كه‌ كاتێك ئاماده‌ كراوه‌، هێشتا حكومه‌ته‌كه‌ كاربه‌ڕێكه‌ر نه‌بووه‌.

ساڵێك و شه‌ش رۆژ به‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ى ساڵى رابردوو تێپه‌ڕیوه‌، تا ئێستا هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ  بودجه‌ى ئه‌مساڵ "2022" نییه‌. له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى فه‌یسه‌ڵ رێكان شاره‌زایى یاسایى ئەمڕۆ پێنجشەممە حەوتی نیسان رایده‌گه‌یه‌نێ حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌رى حكومه‌تى عێراق ده‌توانێ پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى ئه‌مساڵ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بكات.

فه‌یسه‌ڵ رێكان سه‌ره‌تا روونكردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ ده‌دات، حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر ناتوانێ پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى ئاماده‌ بكات و ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانیش رێگه‌ى پێ بدات، چونكه‌ ده‌بێت رێپێدانه‌كه‌ به‌پێى ده‌ستوور بێت. 

دواتریش ده‌ڵێ، "به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ى حكومه‌تى ئێستا ببێته‌ حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر ئه‌وا پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى ئاماده‌ كردووه‌، بۆیه‌ ئێستا ده‌توانێ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى بكات، په‌رله‌مانه‌كه‌یش په‌رله‌مانێكى نوێیه‌، ده‌توانێ تاوتوێى بكات و په‌سه‌ندى بكات".

بودجه‌ى گشتى عێراق بۆ ساڵى 2021 له‌  31ى ئادارى هه‌مان ساڵ په‌سه‌ند كرا، به‌ هۆى ئه‌وه‌ى عێراق له‌ قه‌یرانێكى ئابوورى و ته‌نگژه‌یه‌كى سیاسى بوو، په‌سه‌ندكردنى بودجه‌كه‌ زیاتر له‌ سێ مانگ دواكه‌وت. تا ئێستایش هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ بودجه‌ى ئه‌مساڵ نییه‌، چونكه‌ تا ئێستا حكومه‌تى نوێى عێراق پێكنه‌هێنراوه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین