داواى چاره‌سه‌ركردنى دیارده‌ى ئاماده‌نه‌بوونى په‌رله‌مانتاران ده‌كرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

شاره‌زاییه‌كى یاسايى باس له‌ ئاماده‌نه‌بوونى په‌رله‌مانتارانى عێراق ده‌كات له‌ دانیشتنه‌كان و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ به‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ئه‌و دیارده‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت. بڕیارده‌رى په‌رله‌مانیش ره‌تیده‌كاته‌وه‌ له‌ دانیشتنى رۆژى شه‌ممه‌ى رابردوو ساخته‌كارى له‌ ناوى ئاماده‌بووان كرابێت.

شه‌ش دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق له‌ خولى پێنجه‌مى به‌ڕێوه‌چووه‌، له‌ هه‌ر دانیشتنێكه‌ نزیكه‌ى زیاتر له‌ 100 په‌رله‌مانتار ئاماده‌ نابن، ئه‌مه‌یش بووه‌ته‌ جێى ره‌خنه‌. سالم حه‌واس راوێژكارى یاسایى له‌ عێراق له‌ راگه‌یێندراوێكدا كه‌ میدیاكانى عێراق بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و بۆیه‌ ده‌بێت په‌یڕه‌وه‌كه‌ جێبه‌جێ بكرێت.

سالم حه‌واس ده‌ڵێ، "ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى به‌ پێویستى ده‌زانێت ناوى ئاماده‌نەبووان له‌ تۆمارى ئاسایى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ و یه‌كێك له‌ رۆژنامه‌كان بڵاوبكرێته‌وه‌". حه‌واس باس له‌وه‌یش ده‌كات كۆمه‌ڵێك سزا وه‌ك ئاگاداركردنه‌وه‌ و لێبڕینى مووچه‌ بۆ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ دانراوه‌ كه‌ پێنج دانیشتن ئاماده‌ نابن.

دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ ده‌بێت ئه‌م دیارده‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ خه‌ڵك ده‌نگى به‌ په‌رله‌مانتار بۆ ئه‌وه‌ى یاسا دابنێت و چاودێر بێت، چاره‌سه‌رى گه‌نده‌ڵى بكات، نه‌وه‌ك په‌رله‌مان به‌شێك بێت له‌ ئاژاوه‌ و پێشێلكردنى ده‌ستوور.

هاوكات هه‌ر له‌سه‌ر ئاماده‌بوونى په‌رله‌مانتاران به‌یدا خزر بڕیارده‌رى په‌رله‌مانى عێراق راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ یارى به‌ ژماره‌ى ئاماده‌بوونى دانیشتنى رۆژى شه‌ممه‌ى رابردوو 26ى ئادار كرابێت و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ به‌ڵگه‌ 202 په‌رله‌مانتار له‌ دانیشتنه‌كه‌ ئاماده‌بوون.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین