دانیشتنى داهاتووى پەرلەمان.. سازشى سیاسى یان رۆیشتن به‌ره‌و چاره‌نووسێكى نادیار عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

بڕیاره‌ سبه‌ى چوارشه‌ممه‌ دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار به‌ڕێوه‌بچێت، رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ یان ده‌بێت به‌ سازشى سیاسى ناكۆكییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت و یانیش عێراق به‌ره‌و چاره‌نووسێكى نادیار ده‌چێت.

بڕیاره‌ سبه‌ى چوارشه‌ممه‌ 30ى ئادارى 2020 دانیشتنى په‌رله‌مان تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار بكرێت، تا ئێستا هیچ ئاماژه‌یه‌كى نوێ نییه‌، له‌وه‌ى دانیشتنه‌كه‌ له‌ دانیشتنى رۆژى شه‌ممه‌ى رابردوو جیاواز بێت كه‌ په‌رله‌مان نه‌یتوانى رێژه‌ى یاسایى ئاماده‌بووان بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار ته‌واو بكات.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى كه‌ رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هه‌ردوو لا ده‌یانه‌وێ هاوپه‌یمانى رزگاركردنى نیشتیمان و چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ژماره‌ى په‌رله‌مانتارانیان زیاد بكه‌ن، له‌وانه‌ رزگاركردنى نیشتیمان ده‌یه‌وێ 18 په‌رله‌مانتارى تر كۆبكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێ دانیشتنه‌كه‌ سه‌ربخات. له‌ به‌رانبه‌ردا چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌ڵێ ژماره‌ى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى ناچنه‌ دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌ 126 په‌رله‌مانتاره‌وه‌ بۆ 133 زیاد بووه‌.

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت باس له‌وه‌ ده‌كات، پرۆسه‌كه‌ له‌ به‌رده‌م دوو سیناریۆ دایه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ سازشى سیاسى بكرێت، واته‌ یه‌كێك له‌ پارتى و یه‌كێتى كاندیدى خۆیان بكێشنه‌وه‌، ره‌وتی سه‌در و چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگیش بگه‌نه‌ رێككه‌وتن بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت. سیناریۆى دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و مسته‌فا كازمى وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران و به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك سه‌رۆك كۆمار بمێننه‌وه‌. ئه‌مه‌یش به‌لاى رۆژنامه‌كه‌وه‌ رۆیشتنه‌ به‌ره‌و چاره‌نووسێكى نادیار.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین