پرسی ژن لە ئەولەویەتی کاری حکومەتدا نییە
بەهرە حەمەڕەش
کێشەکانی ژنان کەمبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی بە فۆرم و شێوازی نوێتر توندوتیژی دەردەکەوێت؟
بەهار: توندوتیژی هەبووەو بەردەوامە. بەڵێ فۆرمی جیاواز وەردەگرێ، لەگەڵ ئەوەشدا پێموانییە رێکخراوەکان بێدەنگبن بەڵام کەمی کار لەم بوارە، بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێستا هەرێمی کوردستان لە قەیرانی جددیدایە. ساڵانی (٢٠٠٥-٢٠١٠) دەتوانین بە ماوەی زێڕین بۆ گرنگیدان بە پرسەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان دابنێین. ئەوکاتە کارکردن لەسەر کێشەکانی ژنان لەسەرەوەی ئەجێندای کاری حکومەت بوو. حکومەت بە دەنگی بەرز وەڵامدەرەوەی کێشەکان بوو، بۆیە بەرهەمی هەبوو یاسای باش هەموارکران و دام و دەزگای تایبەتی دامەزران. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠ بە دواوە ئەم گرنگیدانە کەمبووەوە، تا هاتنی داعش و جینۆسایدی ئێزدییەکان، ئەمە وایکرد حکومەت هەموو سەرنجی لەسەر گرنگیدان بە بواری سەربازی و رووبەرووبوونەوەی داعش بێت. هەروەها هاتنی ئاوارەکان، حکومەت و رێکخراوەکانیشی بە جۆرێکی تر سەرقاڵ کرد. رێكخراوەکانیش بەهەمان شێوە لەدوای ساڵی(٢٠٠٣) زۆر چالاکبوون، هەتا زۆر لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کارەکانی خۆیان هێنایە عیراق، بە تایبەت هەرێمی کوردستان. پارەکانیان بۆ کارکردن لەسەر ئەم دۆسیەیە خەرج دەکرد. بۆیە دەیان رێکخراو بۆ کارکردن لەسەر مەلەفی ژنان دروستبوون.
لەو قۆناغەدا رێکخراوی زۆر چالاک هەبوون کاری زۆر دەکرا، چونکە هەم حکومەتی هەرێم و هەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، وەڵام دەربوون بۆ کێشەکان، لەم قۆناغەش وێڕای کێشەکان ئەوەنییە کە رێکخراوەکان کارنەکەن، بەڵام لە دوای قەیرانەکانەوە کەم لەو رێکخراوانە توانییان بەردەوام بن، ئەوەشی کە بەردەوام بوو ناچاربوون کار لەسەر رەوشی ئاوارەکان و دابینکردنی خۆراک و ئاو بۆ ئاوارەکان کاربکەن. ئەولەویەت گۆڕا چونکە ئاوارەیەکی یەکجار زۆر روویانکردە هەرێمی کوردستان. راستە باسکردن و قسەکردن لەسەر کێشەکان گرنگەو زۆر بابەت دەگۆڕدرێت بەڵام لە پاڵ قسەکردن پێویستت بە بوار رەخساندن، بەرنامەو هاوکارییە بۆ ئەوەی بتوانی رووبەرووی دیاردە دزێوەکانی کۆمەڵگە ببیتەوە. ئەگەر بەتایبەتتر باسی رێکخراوەکانی ژنان بکەم، ئەوانەی مانەوە لەناو ئەو لێشاوەی کە هات ژمارەیەکی کەمبوون. بۆیە پێموانییە بێدەنگ بن بەڵام ئەگەر لە ساڵەکانی دوای (٢٠٠٧-٢٠٠٨) کار زیاتر ئەدڤۆکەسی بوو میدیاش زیتر گرنگی پێدەدا بەڵام لە ئێستادا ئیشی رێکخراوەکان پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە، چونکە حکومەت لە دۆخێکی ئابوری یەکجار خراپدایە. ئەو خزمەتگوزاریانەی کە لە دەزگا حکومییەکان خەرج دەکرێت بەشی ئەوە ناکات کە ژنان لەناو کۆمەڵگەدا رووبەرووی دەبنەوە. پێویستە بزانین کە کێشەکانیش لەوە زیاترە حکومەت بتوانێ بەتەنیا رووبەرووی ببێتەوە، بۆیە زۆرێک لە ریکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەتایبەتیش رێکخراوەکانی ژنان، خزمەتگوزاری راستەوخۆی کۆمەڵایەتی، تەندروستی و دەرونی پێشکەشی ئەم ژنانەی بکەن کە لەدەستی داعش رزگاربوون، سروشتی ئیش و خزمەتگوزاری هەندێ کار بە جۆرێکە کە پێویستە نەدرێتە میدیا. بۆنموونە کارکردن لەسەر ئەو ئافرەتانەی کە لەدەستی داعش رزگاربوون. پێویستە تایبەتمەندی و نهێنییان بپارێزرێت. زۆر هەڵەیە کاتێک میدیا دێت وێنەو ڤیدیۆیان بڵاودەکاتەوە، کارکردن بەمجۆرە بەردەوام قوربانییەکان دەخاتەوە حاڵەتی خراپتر.
پێتوایە راگەیاندن بەشیوەی هەڵە باسی قوربانیانی دەستی داعش یان توندتیژی دەکەن؟
بەهار: بەڵێ، کاری راگەیاندن دوولایەنەیە دەتوانێ بە باسکردنی کێشەکان رای گشتی دروست بکات بەڵام من مەبەستم مامەڵەکردنە لەگەڵ یەک بە یەکی کەیسەکان. بۆنموونە کاتێک کچێک دێنن لەسەر تەلەفزیۆن وردەکاری دەستدرێژی و نەهامەتییەکانی لێدەپرسن، وردەکاری ئەو پیاوەی کە دەستدرێژی کردووەتە سەری کە لە سەدان بەرنامە ئەم چیرۆکانە دووبارە بوونەوە، کە دەبێتە هۆی ئازاردانەوەی کەیسەکان و تووشی ترامایان دەکات. بۆئەوەی راگەیاندن بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ قوربانیانی توندوتیژی نەکات، پلانی رێکخراوەکان چییە؟ بەهار: ئێمە و رێکخراوی تریش کار لەسەر راگەیاندن و چۆنێتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کەیسەکانی توندوتیژی و بڵاوکردنەوەی، خولی زۆر بۆ ئەو مەبەستە کراونەتەوە، بەڵام هەست دەکەم پابەندی راگەیاندنکاران بەم پرەنسیپانە زۆر زۆر کەمە.
ئایا کردنەوەی خول یان کاری رێکخراوێک بەسە بۆئەو مەبەستە، ئەگەر فشار دروست نەکەن یانیش پاڵپشتی و رێکاری یاسایی دروست نەبێت بۆ مامەڵەکردنی زانستی لەگەڵ قوربانیان؟
بەهار: میساقێکی شەرەف هەیە بۆ مامەڵەکردنی میدیاکاران لەگەڵ ئەم کێشانە، بەڵام تا ئێستا پێموانییە وابەستەبوونەکە لە ئاستی پێویست بێت. راگەیاندنەکان مینەریان زۆرە. ئێمەی رێکخراوەکان مینبەرمان تەنیا سۆشیال میدیای خۆمانە. راگەیاندن بەشێوەیەکی نادروست مامەڵە لەگەڵ دۆخی توندوتیژی دەکات، بۆ نموونە کاتێک چاوپێکەوتن لەگەڵ رێکخراوێکیش ئەنجام دەدەن، یەکەم پرسیار ئەوەیە کە بۆچی ژنکوشتن زۆربووە، لەگەڵ زۆربوونی رێکخراوەکان؟ بەجۆرێک پرسیاردەکەن و دەیخەنە بەرباس وەکو ئەوەی کە ریکخراوەکان هۆکاری زۆربوونی توندوتیژی و کوشتن بن، بۆیە ئەم تێگەیشتن و ئەتەکێتەی راگەیاندن وادەکات زۆرجار پلان و مەبەستی ئیش پێچەوانە ببێتەوە، بەداخەوە بەشێک لە راگەیاندنەکان بەهەمان ئەدای مەلاکان و خەڵکی عەشایەردەڵێن"هەبوونی رێکخراوەکان هۆکارە بۆ زیادبوونی کێشەکانی ژنان" بۆیە دەڵێم بەرزی و نزمی دەنگی رێکخراوەکانی ژنان، پەیوەندی بەم دۆخەوە هەیە.
ئایا ئێستا پرسی ژن لە پەراوێزی کاری حکومەتە؟
بەهار: لە سەرەوەی لیستەکە نییە. پێشموانییە بە تەواوی پەراوێز خرابێت بەڵام زۆر گرنگ نییە لای حکومەت هەرچەندە چەندجارێک سەرۆکی حکومەت دەرکەوتووە سەردانی شەڵتەری کردووە. رەنگە حکومەت لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا بڵێت هۆکار باری ئەمنی و داراییە، بەڵام بێگومان بەرای من لە ئەولەویەتی کاری حکومەت نییە.
بۆچی لە کوردستان بزووتنەوەیەکی فیمینیزمی، یان بڵێین بزووتنەوەیەکی ژنانی رێکخراو نییە؟
بەهار: من پێموانییە بزووتنەوەی ژنان نەبێت، بەڵام راستە رێکخراونییە. ئەگەر پێناسەمان بۆ گروپ ئەوەبێ کە بریتییە لە گروپی جیاواز لە شوێنی جوگرافیای جیاواز، کار بۆ هەمان مەبەست بکرێت ئەگەر رێکخراوبن یاننا، بزووتنەوەیە.
چۆن هەیە؟ پێتوایە ژنی کورد لە رووی فکرییەوە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە لە چوارچێوەی فکرەو فەلسەفەیەکدا کار بۆ پرسەکانی بکات؟
بەهار: زۆربەی ئەو ژنانەی لە کوردستان لەسەر بزووتنەوەی ژنان کاردەکەن ئەگەر بەدەنگی نزم بێت یان بەرز، تێگەیشتنمان بۆ یەکسانی و توندوتیژی هەمان تێگەیشتنەو هاوڕاین، بەڵام راستە تا ئێستا دانەنیشتووین، لەسەر چەمک، پێناسەیە و چوارچێوەیەکی فکری رێکبکەوین. مێژووی بزووتنەوەی فیمینیستی لە دنیا سەدان ساڵی تێپەڕاندووە، بەڵام لای ئێمە زۆر تازەیە. لەبەرئەوەی بارودۆخی سیاسی و ئابوری لەم وڵاتە، زۆر ناجێگیرە بۆیە بوار نەبووە ئەم بزووتنەوەیە لەسەر مەسەلە فکرییەکان دابنیشێت، هەروەها خوێندنی ئەکادیمی لەم بوارەدا زۆر سنوردار بووە، بۆیە رێککەوتن لەسەر کۆنتێکست و پێناسەو فکرێک بۆ ئەم بزووتنەوەیە کە گونجاوبێت لە کۆمەڵگەی خۆت پێویستی بەم بوار رەخساندنەیە کە ئێمە نەمانبووە. تا ئێستا ئەوەی هەیە دەوستپێشخەری تاکە کەس و ریکخراوە، بەڵام هەموومان لەسەر هەندێ شت رێککەوتووین، لە ماوەی رابردوو نزیکەی بیست رێکخراو و کەسانی چالاک کە لە بواری دۆسیەی ژناندا کاردەکەن، چەندین کۆبوونەوەمان کرد کە چۆن بتوانین جۆرێک لە دیدار و گفتوگۆ لەسەر پرسی ژن بکەین. بەشێک لەم کارە بۆ ئەوەیە کە چۆن کار لەسەر ئەو چەمکە فکریانە بکرێت کە پێویستن، بەڵام ئەمانە پەیگیری و بوار رەخساندنی دەوێت. بۆیە ئەوەی کە تا ئێستا نییە من بە ئاسایی دەیبینم، چونکە هیچ شتێ بە بازدانێک دروست نابێت، دەبێ هەوڵ و تێکۆشان هەبێت. ئەوەتا ئێستا کە تۆ ئەم پرسیارە دەوروژێنی کە بۆچی چەمکێکی فکریمان نییە پێشتر کەس نەیپرسیوە، کەواتە ئاماژەیە بۆئەوەی کە خەریکە بواری بۆ دەڕەخسێت و بیری لێدەکەینەوە. ماوەیەکە ژن وەک جەستە بە فۆرمی جیاجیا نمایش دەکرێت، خاوەن ئایدۆلۆژیا و سەرمایەدار جەستەی ژن وەک ئامرازی شەڕ و بازرگانی، ململانێ و ریکلامی سیاسی بەکاردەهێنن. شەڕکردن بە جەستەی ژن وەک ئامرازێک، دەمانگەیەنێتە کوێ؟ ئایا ژنانی راستەقینە و خاوەن فکر لە ژێر هەڕەشەدانین؟ بەهار: پیاوان ژن لە کات و شوێنی جیاجیا و بەناوی جیاجیا بەکار دەهێنن. وەکو ئەوەی کە بینیمان لە هەڵەبجە بەبیانوی باڵاپۆشی وەکو ریکلامی سیاسی بەکارهێنران. من خۆم خەڵکی هەڵەبجەم، پێموانییە ئەو هەموو کچە لە هەڵەبجە باڵاپۆش نەبووبن. باڵاپۆشی وەک ئازادی تاکەکەسی دەبینم، بەڵام کاتێک بۆ مەرامی سیاسی بەکاردەهێنرێت دەبێ کاری لەسەر بکرێت، چونکە ئەوە بەکارهێنانی ژنانە. لە لایەکی تر تۆڕێکی تر لە پیاو هەن، بەناوی بازرگانی و مەرامی ترەوە جەستەی ژنان بەکاردەهێنن. لەشفرۆشیان پێوەدەکرێت. وەک دەبینین لە شەڕەکانیشدا دیسان ژنان مامەڵەی سێکسیان پێوەدەکرێت. بارودۆخی سیاسی، ئەمنی و دارایی کوردستان زۆر گونجاوە بۆ ئەو پیاوانەی کە دەیانەوێ بازرگانی بە کچی گەنجەوە بکەن، رەنگە ئەگەر کار لەسەر دۆسیەی ئەم ئافرەتانە بکەیت دەبینی کە بەهۆی دۆخی خێزانی و هەژارییەوە دووچاری کارکردن لەگەڵ ئەم تۆڕانە بوون. لە کاتێکدا دام و دەزگای بەهێزمان نییە بۆ پاراستنی ژنان، ئەوا هەڵخلیسکانیان بۆ ئەم ناو ئەمجۆرە تۆڕانە ئاسانتر دەبێت. بۆیە بەداخەوە لە کوردستان ژنان بەبیانووی جل و بەرگ و کرانەوە، هەم بەبیانووی دین ئیستیغلال دەکرێن. دۆسیەی پاراستنی ژنان لەم توندوتیژیانە وەک دۆسیەی ئەمنی قەومی تەماشا ناکرێت، کە پێویستە ئەو فۆرمانە لە توندوتیژی وەک بەشێکی گرنگی ئەمنی قەومییە. تۆڕەکان گەورەتر دەبن، هەتا لە رووی ئاسایشەوە زیانی گەورە بە کوردستان و کەسانی سیادیش دەگەیەنن لە پاڵ پاراستنیان وەک جاڕی گەردونی مافەکانی مرۆڤ وەک دۆسیەیەکی ئەمنیش سەیر بکرێت.
رێکخراوەکان پلان و رۆڵیان چییە بۆ گەڕاندنەوەی رۆڵی راستەقینەی ژن، ژن وەک مرۆڤ نەک وەک جەستە؟
بەهار: ئەگەر واقیعی بین دەزانین کە ئەو دیاردانە تازەنین، بەڵام ئێستا شەڕیان پێدەکرێت و سۆشیال میدیا هەیە زووتر شت بڵاودەبێتە، جاران ماڵی لەشفرۆشی لە زۆربەی شارەکان هەبووە. شتێکی تازەنییە لە دنیاشدا تازە نییە، بەداخەوە یەکێک لەو شەڕانەی بزووتنەوەی فیمینیزمی دەیکات هەتا ئەو ناوەی لەشفرۆش جۆرێک چەمکی بۆ بەکار نەیەت کە وەک ئیش سەیر بکرێت چونکە ئێمە وەک ئیش نا بەڵکو وەک چەوساندنەوە قۆرخکاری سەیری دەکەین. ئێمە وەکو رێکخراوەکان، بەرنامەی ئێمە ئەوەیە کە بەردەوام بین لە هوشیارکردنەوەی ئافرەتان بۆئەوەی خۆی بپارێزێت و ئیستیغلال نەکرێت. ئیتر ئێمە زۆر ئیش لەنزیکەوە دەکەین هەتا چۆن دەزگاکانیش کۆمەڵێک پەیماننامەیان هەبێت کە ستافەکانیش نەبنە هۆی ئیسیغلال، وەکو بڵێی ئەخلاقیاتی ئیش، توانا سازی دەزگا حکومییەکان و جێبەجێکردنی یاساکان کە پەیوەندن بە پاراستنی مافی مرۆڤ و مافی ژنان، رۆڵی رێکخراوەکانی تێدایە. هەروەها چۆن چاودێری لایەنی جێبەجێکار بکەین، هاوکات چاودێری یاسایشمان هەیە کە بزانین ئایا کام یاسا دەبێتە هۆی ئەوەی بوار بۆ توندوتیژی بڕەخسێنێت یان پاڵپشی بکات کاری لەسەر دەکەین. رێکخراوەکان هەریەکیان لە بوارێک کاردەکات، مەرج نییە هەموویان هەمان بواری کاریان هەبێت، هەروەها لە راگەیاندنیش خەڵک هەیە کە کار بە ئاراستەی کەمکردنەوەی توندوتیژی دەکات، بەڵام کێشەکان و چاوچنۆکی پیاوان بۆ جەستەی ژن ئەوەندە زۆرەو ئەوەندە پاڵپشتی هەیە بۆیە ئەو کارانەی کە دەکرێت کاریگەری کەمترە وەک ئەوەی کە ئەو هەموو پیاوە چاوچنۆکە چاویان بڕیوەتە ئیستیغلال کردنی ژنان. ئێمە ئەگەر بمانەوێت ئەم دیاردانە کەم بکەینەوە، پێویستە ئیتر ناسنامەی حکومەت ئاشکرا بێت، ئایا حکومەتێکی ئاینی یان سیکۆلاری مەدەنییە، ئێمەی ژنان رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی تەنها لە دزینی پارە و قۆرخکاری ئابوری نابینینەوە، پێویستە چاکسازی لە بواری کێشەکانی ژنان و یەکسانی بەشێک بێت لەو چاکسازییەی کە حکومەت بانگەشەی بۆ دەکات.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment