سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە (8)ـى مارسدا: ئه‌م دۆخه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵكراو نییه‌ هەواڵ

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ڕۆژى جیهانى (8)ـى مارس دا پەیامێکى بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیێنێت، "وه‌ك هه‌میشه‌ داكۆكى له‌ ماف و ئازادییان ده‌كه‌ین و به‌ هه‌موو توانایه‌كمان، به‌رگرییان لێده‌كه‌ین."

ئەمڕۆ سێشەممە (8/ئادار/2022)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە (8)ـى مارس دا، بە بۆنەى ڕۆژى جیهانى ئافرەتان لە پەیامێکدا دەڵێت، "له‌ كاتێكدا ئه‌م یاده‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ له‌ ئامارى توندوتیژى و كوشتن و ئازاردانى ژنان و پێشێلكردنى مافه‌كانیان ده‌ڕوانین كه‌ كاریگه‌رییه‌كى نه‌رێنى كردووه‌ته‌ سه‌ر دۆخى کۆمەڵایەتی و ناو و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان."

 

دەقى په‌یامى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌ یادى هه‌شتى مارس دا:

یادى هه‌شتى مارس ڕۆژى جیهانیى ئافره‌تان، له‌ ته‌واوى ئافره‌تانى كوردستان له‌ وڵات و له‌ هه‌ر كوێیه‌كى جیهان بن، به‌ گه‌رمى پیرۆز ده‌كه‌م. هیواى به‌ره‌وپێشچوونى به‌رده‌وام و سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.

له‌م یاده‌دا وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى هه‌موو پشتگیرییه‌كمان بۆ ژنان و كچانى كوردستان، دڵنیایان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ داكۆكى له‌ ماف و ئازادییان ده‌كه‌ین و به‌ هه‌موو توانایه‌كمان، به‌رگرییان لێده‌كه‌ین.

له‌ كاتێكدا ئه‌م یاده‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ له‌ ئامارى توندوتیژى و كوشتن و ئازاردانى ژنان و پێشێلكردنى مافه‌كانیان ده‌ڕوانین كه‌ كاریگه‌رییه‌كى نه‌رێنى كردووه‌ته‌ سه‌ر دۆخى کۆمەڵایەتی و ناو و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان. جەخت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌م دۆخه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵكراو نییه‌ و ده‌بێ بە تەواوی كۆتایى بێت.

به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى و ڕێگرى له‌ كوشتنى ئافره‌تان به‌ هه‌ر پاساو و به‌هانه‌یه‌ك بێت، ئه‌ركێكى هاوبه‌شى هه‌موومانه‌‌ له‌ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمى كوردستان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی حکوومەت و ڕێکخراوەکان و مامۆستایانى ئایینى و میدیا و كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتى.

هه‌روه‌ها له‌ ڕێى په‌روه‌رده‌ و ئاگایى و وشیاریى تاك و خێزانه‌وه‌، ‌دەبێ هەموومان هەماهەنگ و هاوکار بین و هه‌وڵى جددى بده‌ین بۆ نه‌هێشتن و بنبڕكردنى توندوتیژى دژى ئافره‌تان و بره‌ودان به‌ كولتوورى ناتوندوتیژى و لێبورده‌یى و یەکسانی و مسۆگه‌ركردنى به‌شدارى و هاوبه‌شیى كاراى ئافره‌تان له‌ هه‌موو جومگه‌ و كایه‌كانى ژیان و ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و كارگێڕیدا و به‌هێزكردنى تواناكانیان.

به‌رز و شكۆدار بێت یادى هه‌شتى مارس، سه‌ركه‌وتن بۆ خه‌بات و تێكۆشانى ئافره‌تان و ئازادیخوازان له‌پێناو دابینکردنی ماف و دادوەری و یەکسانیدا. سڵاو له‌ گیانى قوربانیانى توندوتیژى دژى ژنان.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

8ى مارسى 2022

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین