ساكۆ: دواى سه‌ردانه‌كه‌ى پاپایش مه‌ینه‌تى مه‌سیحیه‌كان به‌رده‌وامه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

لویس ساكۆ پاتریاركى كه‌نیسه‌ى كه‌لدانى له‌ عێراق و جیهان له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌یه‌كى بیانى له‌ ساڵیادى سه‌ردانى پاپا فرانسیس بۆ عێراق ده‌ڵێ، "دواى سه‌ردانه‌كه‌یش كۆچى مه‌سیحییه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ى عێراق به‌رده‌وامه‌".

رۆژنامه‌ى "زه‌ نشناڵ" راپۆرتێكى له‌سه‌ر ساڵیادى یه‌كه‌مى سه‌ردانه‌كه‌ى پاپا فرانسیس پاپاى ڤاتیكان بۆ عێراق كردووه‌، رۆشنایى خستووه‌ته‌ سه‌ر بارودۆخى مه‌سیحییه‌كان دواى سه‌ردانه‌كه‌.

رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى پوخته‌یه‌كى راپۆرته‌كه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ تێیدا لویس ساكۆ پاتریاركى كه‌نیسه‌ى كه‌لدانى قسه‌ى كردووه‌ و دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، دواى سه‌ردانه‌كه‌ى پاپا بارودۆخى ده‌روونى مه‌سیحیه‌كان زۆر باشتره‌ و مه‌سیحیه‌كان له‌ هیچ رووییه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى نیگه‌ران نیین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆچى مه‌سیحیه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ى عێراق به‌رده‌وامه‌.

ساكۆ پێیوایه‌ ئه‌و جاره‌ كۆچه‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ ململانێى ئاینى و مه‌زهه‌بى نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندى به‌ بارودۆخى ئابوورى عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ به‌ گوته‌ى ئه‌و، "بۆ هه‌ر كه‌سێك بێت زه‌حمه‌ته‌ جا مه‌سیحى بێت یان موسڵمان". سه‌باره‌ت به‌و بانگه‌وازه‌ى كه‌ حكومه‌ت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى مه‌سیحیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ كردوویه‌تى، ساكۆ ده‌ڵێ، "بارودۆخى ئێستا هانده‌ر نییه‌ بۆ  ئه‌و عێراقییه‌ى خوازیارى كه‌ڕامه‌ت و ئازادى بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ وڵات، جا مه‌سیحى بێت یان نا".

له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ ژماره‌ى مه‌سیحیه‌كانى عێراق به‌ر له‌ ساڵى 2003 ملیۆن و 300 هه‌زار ده‌خه‌ملێنرا، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا نزیكه‌ى 500 هه‌زار كه‌سیان له‌ عێراق ماون. ساڵى رابردوو 2021 له‌ پێنجى ئادار پاپا فرانسیس سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و عێراقى كرد و سه‌ردانه‌كه‌ى تا هه‌شتى ئادار به‌رده‌وام بوو.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین