سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جه‌خت له‌ ڕاستبێژی و پیشه‌ییبوونی ڕۆژنامه‌وانان دەکاتەوە کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان پشتیوانى خۆى ڕۆژنامەنووسان دووپات دەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (3/ئاگادار/2022)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان کۆبووەوە، کە تێیدا،  ڕه‌وشی ڕۆژنامه‌گه‌ریی و ئاسته‌نگه‌كانی به‌ر‌ده‌م كاری ڕۆژنامه‌وانی و ڕێوشوێنی باشتر ڕێكخستنی بواره‌كه‌ به‌ جۆرێك هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان ئازادی و به‌رپرساریدا فه‌راهه‌م بكرێت، باسکرا، هه‌روه‌ها نەقیبى سەندیکاى ڕۆژنامەونوسان "ڕاپۆرتی ساڵی پێشێلكارییه‌كانی بواری ڕۆژنامه‌گه‌رییان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كرد كه‌ ساڵانه‌ له‌لایه‌ن سه‌ندیكاوه‌ ئاماده ‌ده‌كرێت."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی پشتیوانیی به‌رده‌وامى بۆ سه‌ندیكا و كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان، "جه‌ختی له‌ ڕاستبێژی و پیشه‌ییبوونی ڕۆژنامه‌وانان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ زه‌مینه‌یه‌كی ئازاد و دوور له‌ فشار و پێشێلكاریدا دێته‌ دی. دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ گه‌لی كوردستان بۆ ئازادی خه‌باتی كردووه‌، بۆیه‌ ناكرێ ئازادی لێ زه‌وت بكرێ، هه‌روه‌ها هیوای خواست سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان هه‌میشه‌ پارێزه‌ر و داكۆكیكارێكی بوێری ڕۆژنامه‌وانان بێت."

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى پشتگیریی خۆی بۆ باشتر ڕێكخستنی یاسای كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند به‌ مه‌رجێك‌ هه‌ر هه‌مواركردنێكی یاساكه‌ دواجار‌ له‌ خزمه‌ت گونجاندنی زیاتری زه‌مینه‌ی كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری بێت و پره‌نسیپه‌كانی ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌به‌رچاو بگرێت."

سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پشتیوانی و هاوكاریی خۆی بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی داهاتووی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان ده‌ربڕی و "هیوای خواست ئه‌نجامه‌كانی گوزارشت له‌ خواست و به‌رژوه‌ندیی پیشه‌ییی ڕۆژنامه‌نووسان بكات و ده‌ربڕی خواستی ئازادانه‌ی كۆی ڕۆژنامه‌نووسانی هه‌رێمی كوردستان بێت."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین