وه‌زیرى دارایى عێراق : هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ گۆڕینى به‌هاى دینار نییه‌ کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى دارایى عێراق دووپاتى كرده‌وه‌ له‌ ئێستادا هیچ ده‌رفه‌تێكى گونجاو بۆ گۆڕینى نرخى دینار به‌رانبه‌ر به‌ دۆلار نییه‌ و گوتیشى، "هه‌ر ده‌ستكارییه‌ك بكرێت ئه‌وا ئاژاوه‌ دروست ده‌كات".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 28ى شوباتى 2022 له‌ په‌رله‌مانى عێراق پرساندن له‌گه‌ڵ عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى دارایى عێراق كرا، بۆ تاوتوێكردنى نرخى دینار به‌رانبه‌ر به‌ دۆلار.

وه‌زیرى دارایى عێراق له‌ میانه‌ى دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مان دوایین قسه‌ى خۆى كرد، پێداگریى كرد له‌وه‌ى ئێستا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بارودۆخ له‌بار نییه‌ بۆ گۆڕینى نرخى دینار به‌رانبه‌ر به‌ دۆلار، گوتیشى ئه‌گه‌ر كارێكى وه‌ها بكرێت ئه‌وا ئاژاوه‌یه‌ك له‌ ئابوورى عێراق دروست ده‌بێت.

عه‌لاوى له‌ به‌شێكى قسه‌كانى باسى له‌وه‌ كرد هۆكارێك كه‌ له‌ پشت به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخى دۆلار بوو، به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى خۆراك بوو له‌سه‌ر ئاستى جیهان، گوتیشى، "به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى دۆلار 23% داهاتى حكومه‌تى عێراقى به‌رز كرده‌وه‌".

كۆتایى ساڵى 2020 به‌ بڕیارێكى بانكى ناوه‌ندى نرخى دۆلار به‌رانبه‌ر دینار به‌رزكرایه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌یش ناڕه‌زاییه‌كى زۆرى به‌ دواى خۆى هێنا و تا ئێستایش مشتومڕى له‌سه‌ر ده‌كرێت.

سه‌رچاوه‌ : ماڵپه‌ڕى په‌رله‌مانى عێراق

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین