ئاسایشى هەولێر دەستگیرکردنى دوو تاوانبار بەتۆمەتى دەستدرێژى و دزى ڕاگەیاند کوردستانی

نوچەنێت:

بەڕێوەبەرایەتیى گشتى ئاسایشى هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى دوو تۆمەتبارى ڕاگەیاند، کە یەکێک لەو کەسانەى دەستگیرکراوە تۆمەتەکەى دەستدرێژکردنە بۆ سەر کەسانى تر.

ئەمڕۆ سێشەممە (22/شوبات/2022)، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان بەهاوکاری هێزەکانی دژەتیرۆر و وەزارەتی ناوەخۆ و پۆلیس توانیان دوو تۆمەتبار دەستگیر بکەن.

بەپێى ڕاگەیێندراوەکەى ئاسایشى هەولێردا تاوانبارى یەکەم (س.ج.ع) هەڵساوە بە "هەوڵی دەست درێژی کردنە سەر ئافره‌تێك بەناوی (ن.ع.ع) و دواتر کوشتنی لە گەڕەکی نازنازی شاری هەولێر."

هەروەک لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، تاوانبارى دووەم "لەبەرواری 3/12/2021 هەڵسابوو بە دزینی بڕی چوارسەد ملیۆن دینار لە بانکی ئاشووریی ئەهلی لە گەڕەکی بەختیاریی شاری هەولێر."

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش، پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و ده‌ستگیركردنی دوو تۆمه‌تباره‌كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر و وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئه‌نجامدراوه‌.

ده‌قی راگه‌یێندراوەکەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر:

لە درێژەی کاروچالاکیەکانی بەرێوەبەرایەتیمان بۆ بەدواداچوونی تاوانەکان و دۆزینەوەی تاوانباران، پاش ئەنجامدانی دوو تاوانی جیا لە دوو شوێنی شاری هەولێر، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان بەهاوکاری هێزەکانی دژەتیرۆر و وەزارەتی ناوەخۆ و پۆلیس، توانیان هەردوو تاوانەکە ئاشکرا بکەن و دواتریش لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە دەستگیریان بکەن، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە و رێکارە یاساییەکان، دانپێدانانی تاوانباران لەو تاوانانە بڵاودەکەینەوە:-

1ـ دەستگیرکردنی تاوانبار (س.ج.ع) بە ماددەی (406) کە لەبەرواری 4ى شوباتی 2022 هەڵسابوو بە هەوڵی دەست درێژی کردنە سەر ئافره‌تێك بەناوی (ن.ع.ع) و دواتر کوشتنی لە گەڕەکی نازنازی شاری هەولێر.

2ـ دەستگیرکردنی تاوانبار (ع.ا.ح) بە ماددەی (443)، کە لەبەرواری 3/12/2021 هەڵسابوو بە دزینی بڕی چوارسەد ملیۆن دینار لە بانکی ئاشووریی ئەهلی لە گەڕەکی بەختیاریی شاری هەولێر.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین