بایدن : سه‌رۆكى داعش به‌ فه‌رمانى من كوژرا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ جۆ بایدن سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا رایگه‌یاند ئه‌بوئیبراهیم قوڕه‌شى سه‌رۆكى رێكخراوى تیرۆریستى داعش له‌ ئۆپراسیۆنێك دوێنێ له‌ سووریا كوژراوه‌.

له‌ راگه‌یێندراوێكدا كه‌ له‌ لایه‌ن كۆشكى سپى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ سێى شوباتى 2022 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، جۆ بایدن ده‌ڵێ، "به‌ فه‌رمانى من، هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ باكوورى خۆرئاواى سووریا سه‌ركه‌وتووانه‌ ئۆپراسیۆنێكیان له‌ دژى تیرۆر و بۆ پاراستنى گه‌لى ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانى ئه‌نجامدا، بۆئه‌وه‌ى جیهان بكه‌ینه‌ شوێنێكى سه‌لامه‌تتر".

بایدن له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ى ده‌ڵێ، "به‌ شاره‌زایى و ئازایى هێزه‌ چه‌كداره‌كانمان، ئه‌بو ئیبراهیم هاشمى قوڕه‌شى سه‌رۆكى داعش له‌ گۆڕه‌پانى شه‌ڕ كوژرا" دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ هیچ ئه‌مریكییه‌ك له‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌ نه‌كوژراون.

ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌ى وۆڵ ستریت جوڕناڵ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، "ئه‌و شوێنه‌ى هێرشه‌كه‌ى كراوه‌ته‌سه‌ر 15 میل له‌و شوێنه‌ دووره‌ كه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى تیرۆریستى له‌ ئۆكتۆبه‌رى 2019 تێدا كوژرا".

بایدن باسى له‌وه‌ كردووه‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌ دوێنێ ئه‌نجام دراوه‌، ئاژانسى ساناى سووریایش باسى له‌وه‌ كردووه‌، هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌یه‌كى نێوان ئیدلب و عه‌فرین دابه‌زیون و له‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌ 13 كه‌س كوژراون، كه‌ شه‌شیان منداڵ و سێیان ئافره‌تن.

ئه‌بوئیبراهیم قوڕه‌شى له‌دایكبووى 1976 شارۆچكه‌ى ته‌له‌عفه‌ره‌، دووه‌م سه‌رۆكى رێكخراوى تیرۆریستى داعشه‌، له‌دواى كوژرانى ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى له‌ ساڵى 2019 بوو به‌رپرسیارێتى رێكخراوه‌كه‌ى له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین