خه‌زعه‌لى بۆ سه‌در: به‌ نیازن ئاژاوه‌مان له‌نێوان بنێنه‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

قه‌یس خه‌زعه‌لى ئه‌میندارى گشتى میلیشیاكانى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق، له‌سه‌ر كوژرانى سه‌ركرده‌یه‌كى عه‌سائیب په‌یامێك ئاراسته‌ى موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ده‌كات، پێى ده‌ڵێ بكوژانى سه‌ركرده‌كه‌ له‌ ریزى میلیشیاكانى سه‌رایا سه‌لامى سه‌ربه‌ سه‌درن و ده‌شڵێ، “به‌م كاره‌ مه‌به‌ستیان ئاژاوه‌نانه‌وه‌یه‌”.

له‌سه‌ر كوژرانى ئه‌فسه‌رێك به‌ ناوى حوسام عه‌لیاوى كه‌ براكانى به‌رپرسیارێتیان له‌ عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق هه‌یه‌، قه‌یس خه‌زعه‌لى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ سێى شوبات په‌یامێك به‌ موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ده‌دات.

خه‌زعه‌لى په‌یامه‌كه‌ى له‌ تویته‌ر بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ده‌ڵێ، "ئه‌و ده‌سته‌ى حوسام عه‌لیاوى كوشت، هه‌مان ئه‌و ده‌سته‌یه‌ كه‌ پێشتر ویسام عه‌لیاوى و پێشتریش عیسام عه‌لیاوى كوشتووه‌، ئه‌م ده‌سته‌ ته‌نیا ده‌یه‌وێ ئاژاوه‌ بنێته‌وه‌، به‌ تایبه‌تى له‌و كاته‌دا".

دواتر خه‌زعه‌لى ئه‌وه‌ روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى حوسامیان كوشتووه‌ ناسراون، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناتوانن ده‌ستگیریان بكه‌ن، خه‌زعه‌لى ده‌ڵێ، "نیازباشى ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ كه‌ برامان موقته‌دا سه‌در بێبه‌ریبوونى خۆى له‌و بكوژانه‌ راده‌گه‌ینێت كه‌ فرمانى گرتنیان بۆ ده‌رچووه‌، به‌ڵام ده‌زگا ئه‌منییه‌كان تواناى جێبه‌جێكردنى ئه‌م فه‌رمانانه‌ى نییه‌".

ئه‌میندارى گشتى میلیشیاكانى ئه‌هلى حه‌ق راشكاوانه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات بكوژه‌كان سه‌ر به‌ میلیشیاى سه‌رایا سه‌لامن كه‌ موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات و به‌ پێوبستیشى ده‌زانێت بێبه‌ریبوونى سه‌رایا له‌و بكوژانه‌ رابگه‌ینرێت.

ئه‌مڕۆ میدیاكانى عێراق بڵاویان كرده‌وه‌ حوسام عه‌لیاوى كه‌ پله‌كه‌ى رائیده‌ له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق، له‌ لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ له‌ شارى عماره‌ "میسان"ى باشوورى عێراق كوژراوه‌، پێشتریش له‌ ساڵى 2019 براكانى كوژراون، كه‌ به‌رپرسیارێتیان له‌ناو میلیشیاكانى عه‌سائیب هه‌بوو.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین