هێزه‌كانى عێراق له‌ ده‌ورى زیندانى ئه‌بوغریب ده‌خرێنه‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كان ئاشكرایان كردووه‌، ئه‌مڕۆ هێزێكى زۆرى عێراق به‌ ده‌ورى زیندانى ئه‌بوغریب خراونه‌ته‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌، له‌ مه‌ترسى ئه‌وه‌ى نه‌وه‌ك هاوشێوه‌ى رۆژئاواى كوردستان هێرش بكرێته‌ سه‌ر زیندانه‌كه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 23ى كانوونى دووه‌مى 2022 سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منى عێراق به‌ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى راگه‌یاندووه‌ هێزێكى چڕى ئه‌منى له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ به‌ ده‌ورى زیندانى ئه‌بوغریب بڵاویان پێكراوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێ، "له‌ رێگه‌ى خێراى ئاراسته‌ى رووه‌و به‌غدا، به‌ دیاریكراوى له‌ ناوچه‌كانى نزیك له‌ زیندانى ئه‌بوغریب هێزێكى ئه‌منى بڵاویان پێكراوه‌، بۆئه‌وه‌ى له‌ ئاماده‌باشى بن بۆ هه‌ر هێرشێكى تیرۆریستى وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ سووریا به‌ر له‌ دوو رۆژ روویدا".

ئه‌مڕۆ روانگه‌ى سوورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ رایگه‌یاند، له‌ رووداوه‌كه‌ى چه‌ند رۆژه‌ى زیندانى غوێران له‌ شارى حه‌سه‌كه‌ى رۆژئاواى كوردستان، 28 شه‌ڕڤانى هه‌سه‌ده‌ و پێنج مه‌ده‌نى و 56 تیرۆریستى داعش كوژراون و به‌ ده‌یان تیرۆریستى تریش رایانكردووه‌.

دواى نه‌مانى داگیركارییه‌كه‌ى رێكخراوى تیرۆریستى داعش له‌ سووریا و عێراق، به‌ هه‌زاران تیرۆریست له‌ زیندانه‌كانى رۆژئاواى كوردستان و عێراقن. هه‌رچه‌نده‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مریكا چه‌ندان جار داواى له‌ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى كرد چاره‌سه‌رى ئه‌و گیراوانه‌ بكه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و دۆسیه‌یه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین