یەکێتی زانایانی کوردستان: داخستنى یانەى شەوانە و دەستگیرکردنى باندى لەشفرۆشى جێگەى دەستخۆشیە کوردستانی

نوچەنێت:

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دەستخۆشى پارێزگاى هەولێر و هێزە ئەمنییەکان دەکات لە داخستنى چەند یانەیەکى شەوانە و دەشڵێت، ئەوانە "مەترسی گەورەیان لەسەر کۆمەڵگە هەیە."

ئەمڕۆ شەممە (15/کانوونى دووەم/2022) یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى باندێکى لەشفرۆشى و داخستنى چەندو یانەیەکى شەوانە بەرزدەنرخێنێت و "بە هەنگاوێکی پێویست و دروست" ناوى دەبات.

دەقى ڕاگەیێندراوەکەى یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان:

لەو چەند رۆژەی رابردوو هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بە بڕیاری پارێزگای هەولێر، باندێکی گەورەی لەشفرۆشیان دەستگیر کردو چەند یانەیەکی شەوانەشی داخست، کە مەترسی گەورەیان لەسەر کۆمەڵگە هەیە لەرووی شێواندنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و هەڵوەشاندنەوەی سنوورو بەها ئەخلاقیەکان و تێکدانی نەریت و رەوشتی رەسەنی کوردەواری، وە لەگەڵ هیچ بەهاو پێشکەوتنێک یەک ناگرێتەوەو پێچەوانەی بنەمای یاسایی و رێساکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە.

لەو سۆنگەوە یەکێتی زانایان دەستخۆشی لە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دەکات و ئەم بڕیارەی حکومەت و پارێزگای هەولێر بەرز دەنرخێنێت و بەلایەوە هەڵوێست و هەنگاوێکی پێویست و دروستەو جێی پێزانینە، چونکە یەکێتی زانایان لەو رووەوە هەوڵی خۆی داوەو پەرۆشی نەریت و رەوشت و بەهای کۆمەڵگەیەو نایەوێ بەهیچ شێوەیەک تێک بچێت، بۆیە خوازیارە حکومەت لەو هەوڵ هەنگاوانه بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی هەموو ئەو شوێن و کەس و یانانەی مەترسیان بۆ کۆمەڵگەو شیرازەی کۆمەڵایەتی هەیە دابخات و رێکاری پێویست لە بەرامبەریان بگرێتە بەر.

 

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین