44 كه‌س خۆیان بۆ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار كاندید كردووه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌یه‌كى په‌رله‌مانى ئاشكراى ده‌كات 44 كه‌س خۆیان بۆ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار كاندید كردووه‌ و هه‌ندێكیان ژنن، گه‌نجێكى 18 ساڵیش به‌ هه‌ڵه‌ ناوى ده‌كه‌وێته‌ ناو پرۆسه‌كه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 12ى كانوونى دووه‌مى 2022 سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئاشكراى كردووه‌، 44 كه‌س ناوى خۆیان كاندید كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بچنه‌ ناو پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمارى عێراقه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ به‌ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى راگه‌یاندووه‌ هه‌ندێك له‌و كاندیدانه‌ ژنن، به‌ڵام ژماره‌ى ژنه‌كانى ئاشكرا نه‌كردووه‌.

په‌یوه‌ندیدار به‌ بابه‌تى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار، هه‌ڵه‌یه‌كى بچووكى فه‌رمانگه‌ی یاسای په‌رله‌مانه‌، كه‌ له‌ دوێنێه‌وه‌ بووه‌ته‌ "به‌زمى میدیاى عه‌ره‌بى و عێراقى" ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ژماره‌ى ته‌له‌فۆنى گه‌نجێك به‌ هه‌ڵه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌یانه‌وێ خۆیان كاندید بكه‌ن.

ماڵپه‌رى كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ، "ئه‌و گه‌نجه‌ دانیشتووى به‌غدایه‌ و ناوى جه‌عفه‌ر سادقه‌ و ته‌مه‌نى 18 ساڵه‌" وه‌ك ماڵپه‌ڕه‌كه‌ باسى ده‌كات له‌ دوێنێه‌وه‌ سه‌دان په‌یوه‌ندى به‌ جه‌عفه‌ره‌وه‌ كراوه‌ و داواى مه‌رجه‌كانى خۆكاندیدكردنى لێده‌كرێت، ئه‌ویش به‌ ناچارى بۆیان روون ده‌كاته‌وه‌  كه‌ هه‌ڵه‌ن.

جه‌عفه‌ر به‌ نیازه‌ سكاڵا له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌ى یاسایى په‌رله‌مان تۆمار بكات، به‌هۆى ئه‌و جاڕسكردنه‌ى بۆیان دروستكردووه‌، باسى له‌وه‌یش كردووه‌ ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندى ده‌كه‌ن سه‌ره‌تا به‌ رژدى "جدى" قسه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و دواتریش كه‌ راستییه‌كه‌ ده‌زانن ده‌یكه‌ن به‌ گاڵته‌ و گه‌پ.

ره‌عد هاشم چاودێرى سیاسى بۆ ماڵپه‌ڕى ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، نابێت هه‌ڵه‌ى له‌م جۆره‌ رووبدات، دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ ده‌رگاكردنه‌وه‌ بۆ تۆماركردنى كاندیده‌كان كارێكى رۆتینیه‌، چونكه‌ ده‌زانرێت پۆستى سه‌رۆك كۆمار بۆ پێكهاته‌یه‌كى دیاریكراوه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین