حه‌شد له‌ شانۆیه‌كدا چیرۆكى ئاده‌م و قاسم سوله‌یمانى تێكه‌ڵ به‌ یه‌كتر ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

حه‌شدى شه‌عبى له‌ به‌سڕه‌ شانۆیه‌كى دوو كاتژمێریى پێشكه‌ش كردووه‌، كه‌ به‌ خه‌ڵقبوونى ئاده‌م ده‌ستپێده‌كات و به‌ رووداوى كوشتنى قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران كۆتایى دێت، ئه‌مه‌یش بووه‌ته‌ جێى سه‌رنجى خه‌ڵك و میدیاكانى عه‌ره‌بى و جیهانى.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ شه‌شى كانوونى دووه‌م، رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب راپۆرتێكى به‌ ناونیشانى "شانۆ نوێترین چه‌كى حه‌شدى شه‌عبى عێراقى له‌ جه‌نگه‌ نه‌رمه‌كه‌ى" بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا سه‌رنج له‌سه‌ر ئه‌و شانۆیه‌ ده‌دات كه‌ له‌ به‌سڕه‌ پێشكه‌ش كراوه‌ و حه‌شدى شه‌عبى سپۆنسه‌رى ده‌كات.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى فرانس پرێس بڵاوى كردوونه‌ته‌وه‌، شانۆكه‌ له‌ لایه‌ن میدیاكانى حه‌شدى شه‌عبى رێكلامى بۆ ده‌كرێت و هه‌وڵیش ده‌درێت له‌ ته‌واوى شاره‌كانى عێراق نمایش بكرێت. 140 ئه‌كته‌رى عێراقى و ئێرانى به‌شدارییان تێدا كردووه‌ و ماوه‌ى نمایشه‌كه‌ دوو كاتژمێره‌. سه‌عید ئیسماعیلى ده‌رهێنه‌رى ئێرانى كارى ده‌رهێنانى شانۆكه‌ى كردووه‌.

ئه‌وه‌ى به‌ لاى میدیاكانه‌وه‌ جێى سه‌رنج بێت، ئه‌وه‌یه‌ چیرۆكى نمایشه‌كه‌ به‌ خه‌ڵقكردنى ئاده‌م ده‌ستپێده‌كات و دواتر به‌ كورتى باس له‌ چه‌ندان كه‌سایه‌تى مێژوویى ده‌كات، وه‌ك پێغه‌مبه‌ران نوح و محه‌مه‌د و دواتر حوسێنى كوڕى عه‌لى، دواجاریش باس له‌ رووداوى كوشتنى قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس جێگرى سه‌رۆكى حه‌شدى شه‌عبى له‌ به‌غدا له‌ سێى كانوونى دووه‌مى 2020 له‌ هێرشێكى ئه‌مریكا كوژران.

ئه‌و شانۆیه‌ بووه‌ته‌ جێى توانجى خه‌ڵك، ته‌نانه‌ت ئاژانسى فرانس پرێسیش راپۆرتى له‌سه‌ر كردووه‌ و باسى له‌وه‌ كردووه‌ ئه‌مه‌ به‌ چه‌كێكى نوێى حه‌شد داده‌نرێت. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش كراوه‌ له‌ 2014 حه‌شدى شه‌عبى له‌ ناوه‌ندى شیعه‌ جه‌ماوه‌رى هه‌بووه‌، به‌ڵام دواتر سه‌ركرده‌كانى تێكه‌ڵى سیاسه‌ت بوون و ئه‌و هێزه‌ بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ پارێزگاریكردن له‌ سیسته‌مى گه‌نده‌ڵێ.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین