ئیسرائیل سزاكانی سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ سووك ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت:

رۆژنامه‌ی هارتسی ئیسرائیلی بڵاویكرده‌وه‌، حكومه‌تی ئیسرائیل بڕیاری داوه‌ هه‌ندێك له‌ سزا سه‌پێندراوه‌كانی سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ كه‌م بكاته‌وه‌، به‌و هیوای ده‌رگایه‌ك له‌ دانیشتوانی ئه‌و به‌شه‌ی فه‌ڵه‌ستین ببێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی فشار بخه‌نه‌ سه‌ر حه‌ماس و پارێزگاری له‌ دۆخی سه‌قامگیری ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكات، ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی ئه‌وجاره‌ی ته‌لئه‌بیب جیاوازه‌ له‌وانه‌ی پێشوو، چونكه‌ هیچ مه‌رجێكی پێشوه‌خته‌ی نییه‌.

رۆژنامه‌ی هارتسی ئیسرائیل له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (26)ـى کانوونى یەکەمى (2021)‌ راپۆرتێكی بڵاویكردۆته‌‌وه‌، حكومه‌تی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستی به‌ گفتوگۆكردن كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك پێداویستی بگاته‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، به‌ڵام هه‌ندێك له‌و پێداویستیانه‌ ده‌تواندرێت بۆ دروستكردنی مووشه‌ك و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان به‌كار بێت، وه‌ك ماده‌ی (UGW)، بۆیه‌ ئێستا به‌ وردی له‌و خاڵه‌ ده‌كۆڵنه‌وه‌، كه‌ رێگه‌ نه‌درێت بۆ مه‌به‌ستی تر به‌كار بێت.

له‌ هه‌مانكات رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی رایانگه‌یاندووه‌، "حكومه‌تی  نه‌فتالی بنێتی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی ئیسرائیل تاوتوێی ئاسانكاری بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ژماره‌یه‌كی زیاتری دانیشتوانی ئه‌و به‌شه‌ی فه‌ڵه‌ستین‌ له‌ ئیسرائیل كاربكه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌و ژماره‌یه‌ رێكنه‌كه‌وتوون"

له‌به‌شێكی تری ئه‌و راپۆرته‌ هاتووه‌، ئه‌گه‌ر ته‌لئه‌بیب رێگه‌ی دا ئه‌و پێداویستیانه‌ بگاته‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، پێویسته‌ تیمێكی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رپه‌رشتی ئه‌و پێداویستیانه‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا له‌ كه‌رتی بیناسازی به‌كاربێت، رێگه‌ نه‌درێت بگاته‌ ده‌ستی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ حه‌ماس.

رۆژنامه‌ی هارتس ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌، حكومه‌تی ئیسرائیل لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر رێگه‌پێدانی نوێژ له‌ مزگه‌وتی ئه‌قسا ده‌كات، كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌دوای په‌تای كۆڕۆنا نوێژی تێدا كراوه‌، چونكه‌ هه‌ر رێگه‌دانێكی له‌و جۆره‌ په‌یوه‌ستكراوه‌ به‌ مۆڵه‌تپێدانی ده‌زگای ئاسایشی گشتی (شاباك) كه‌ ئه‌وانه‌ی نوێژ ده‌كه‌ن نابێت چالاكی دژ به‌ ئیسرائیل ئه‌نجام بده‌ن.

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ ئیسرائیل هیواخوازه‌ ئه‌و پلانه‌ كێشه‌ ئابوورییه‌كانی دانیشتووانی كه‌رتی غه‌ززه‌ كه‌م بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فشار بخه‌نه‌ سه‌ر حه‌ماس پارێزگاری له‌ ئارامی بكات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و پلانه‌ پێچه‌وانه‌ی داخوازییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌، كه‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كه‌رتی غه‌ززه‌ی په‌یوه‌ست كردووه‌ به‌ ئازادكردنی ئه‌و دوو هاووڵاتییه‌ سیڤیله‌ی ده‌ستگیریان كردووه‌، بۆ پێدانه‌وه‌ی روفاتی سه‌ربازێكی ئیسرائیلی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین