ئایا چین کۆتایی دەهێنێت بە  ڕۆڵی ڕێبەرایەتیی ئەمریکا لە جیهاندا؟ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە

چین بە هێزی ئەنجامدەری گۆڕانکاریی بنەڕەتی دادەنرێت لە سیستمی ئێستای جیهانیدا لە ئاستەکانی ئابووری، تەکنۆلۆجی و سەربازیدا، بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ئاڵنگاریی سەرەکی دادەنێت لە بەردەم پێگەی جیهانیی خۆیدا.

ڕوانگەی ئەمریکییەکان بۆ ئاڵنگارییەکەی چین چونیەک نییە، لەم میانەیەدا سەرۆک بایدن و ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوە، دەڵێن سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بریتییە لە "کێبڕکێ"، کەچی میدیا و هەواڵگریی ئەمریکا دەڵێن سروشتی پەیوەندییەکە بریتییە لە "ململانێ"، هەرچی مایک پێنس جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپە، ئەوە 14ی تەمووزی 2021 وتی کە "مەترسیی ئێستای چین لەسەر ئەمریکا، گەورەترە لە مەترسیی یەکێتیی سۆڤیەت لەسەر ئەمریکا لە سەردەمی جەنگی سارددا".

پێناسەی ڕاستەقینەی چین لای ئەمریکا هەر کام لەو سیانە بێت، ڕاستییەکە ئەوەیە ئەمریکا چاوی خستووەتە سەر جمووجوولەکانی ئەو وڵاتە نەک تەنیا بەرامبەر ئەمریکا، بەڵکو بەرامبەر هەموو دەوڵەتانی جیهان.

چین خاوەنی پڕۆژەیەکی جیهانیی خۆیەتی بەناوی پشتێنە و ڕێگا، هەروەها چەمکێکی تایبەتیی جیهانگیریی هەیە کە پشت بە هاریکاریی ئابووری دەبەستێت و ئەوەش هەلی دەخاتە بەردەم کە پەیوەندیی هاریکاری و ئاڵوگۆڕ لەگەڵ سەرجەم وڵاتان دابمەزرێنێت بێ گوێدانە سیستمی حوکمڕانی و ڕوانگەی سیاسی و ئایدیۆلۆجییان، هەر ئەوەش وای کردووە پڕۆژەی چین هەر بۆ وڵاتانی ڕوو لەگەشەی ئاسیایی و ئەفریقایی سەرنجڕاکێش نەبێت، بەڵکو تەنانەت پەلیش بکێشێت تەنانەت بۆ یەکێتیی ئەوروپایش کە لە 30ی دیسەمبەری 2020 ڕێککەوتننامەیەکی هەمەلایەنەی وەبەرهێنانیانین لەگەڵ چین واژوو کرد.

ئەو ڕێککەوتنە لەکاتێکدابوو سەرۆک ترەمپ دەمێک بوو هۆشداری دەدایە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی سەبارەت بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین، بە تایبەت لە بواری گەیاندن و تەکنۆلۆجیای نەوەی پێنجەم (فایڤ جی).

ئەوەی ترسی ئەمریکای زیادکردووە، ئەوەیە چین کەرەستە و توانای پێویستی هەیە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە جیهانییەکەی، کە پشت دەبەستێت بە زیادکردنی پەیوەندی و پێکبەستن لەنێوان خۆی و وڵاتانی دیکە، بە دروستکردنی ڕێگای تازە، ڕاکێشانی هێڵی ئاسنین، فراوانکردنی بەندەرەکان و بڵاوکردنەوەی کێبڵەکانی گواستنەوەی زانیاری بە قووڵایی دەریاکاندا.

یەکێک لە نموونەکان ڕارەوی ئابووریی نێوان چین و پاکستانە، کە بریتییە لە دروستکردنی ڕێگایەکی وشکانی لەنێوان شاری کاشگەری ڕۆژئاوای چین و بەندەری کوادیر لە باشووری ڕۆژئاوای پاکستان، کە بەپێی ڕێککەوتننامەیەک جێبەجێدەکرێت کە بۆ ماوەی 43 ساڵ مافی بەڕێوەبردنی بەندەرە پاکستانییەکە دەداتە چین.

گەیشتنی چین بەو بەندەرە پاکستانییە دەبێتە دەروازەیەک بۆ چین بەسەر يەریای عەرەبدا و بەسەر ئەو ڕێگەیەی دەچێتە سەر بەندەری هورمز کە شادەماری خووڵەی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوتە.

یەکێکی دیکەش لە پڕۆژەکان، هێڵێکی ئاسنینە کە درێژییەکەی زیاتر لە 10 هەزار کیلۆمەترە و لە چینەوە درێژدەبێتەوە تاوەکو ئێران و بە خاکی هەریەکە لە کازاخستان و تورکمانستاندا تێپەڕ دەبێت.

هەروەها ڕێککەوتنامەیەک لەگەڵ ئیسرائیل بە پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی بەندەری حەیفا بۆ ماوەی 25 ساڵ.

چێن هەروەها چەندین هێڵی کێبڵی بە درێژایی هەزاران کیلۆمەتر بە ژێر دەریاکاندا ڕاکێشاوە بۆ گواستنەوەی زانیاری و پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکان، کە دەتوانێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و وەبەرهێنانی چینی لەگەڵ سەرجەم کیشوەرەکان چەند قات زیاد بکات.

ئەم پێشکەوتنەی تواناکنی چین هاوکات بووە لەگەڵ ڕێژەیەکی باڵای گەشەی ئابووریدا بە ڕێژەی ساڵانەی سەرووی 10% بۆ ماوەی 20 ساڵ، کە يارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی گەورە بکات لە پەرەپێدان و نوێکردنەوەی ژێرخانەکەیەدا، هەروەها وەبەرهێنانی گەورە لە بوارەکانی زیرەکیی دەستکرد، تەکنۆلۆجیای زانیاری، فەزا و چەکی پێشکەوتوو، هەروەها وەکوو سەرچاوە ئەمریکی و ڕۆژئاواییەکان دەڵێن چین هەستاوە بە دروستکردنی چەندین دورگەی پیشەسازی لە دەریای باشووری چیندا، کە ئاوەدانی کردوونەتەوە بە دانیشتوان و دامەزراوەی پێویست و هێزیشی لەسەر بڵاوکردوونەتەوە، ئەوەش ڕووبەری هەرێمە ئاوییەکانی وڵاتەکەی زیادکردووە، هەروەک لە دەرەوەی وڵاتەکەش لە کەمبۆدیا و جیبۆتی بنکەی سەربازیی بونیات ناوە.

هەروەها بابەتی دیکەش هەن کە سەرەڕای گرنگیی لە ڕادەبەدەریان، میدیا وەکو پیویست تیشکیان ناخاتە سەر، وەکو پشتبەستنى ئەمریکا بە چین لە بەدەستهێنانی کانزا دەگمەنەکان، کە بەهایەکی تایبەتییان هەیە لە تەکنۆلۆجیاکانی ئەم سەردەمەدا، وەکو بەکارهێنانیان لە تەکنۆلۆجیاکانی: لەیزەر، ئامێرە ئەلیکترۆنییە کوانتەمییەکان، سیستمی ڕادار و ئاراستەکردنی ئەلیکترۆنی، مانگە دەستکردەکان، مووشەکە زیرەکەکان و ئامێرەکانی جەنگی دژ بە ژێردەریاییەکان.

بەرهەمهێنانی ئەم کانزا دەگمەنانە لە ئەمریکا ئێجگار کەمیکردووە و پشتبەستنی زیاتر بووە بە هاوردەکردنیان لە چینەوە و ئێستا چین کۆنترۆڵی نزیکەی 90%ی بەرهەمهێنانی جیهانیی ئەم ماددانە دەکات.

بەرپرسانی ئەمریکا ترسیان هەیە چین زاڵبوونی خۆی بەسەر ئەم کانزایانەدا بکاتە کارتی فشار دژ بە ئەمریکا، وەکو ئەوەی ساڵی 2010 دژ بە ژاپۆن کردی و وەکو سزایەک بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەکانی ئەم کانزایانەی بۆ ئەو وڵاتە دا.

هەموو ئەوەی باسمانکرد کاریگەریی دەبێت لە پرسی هاوبەشیی ستراتیجیی نێوان چین و ڕووسیادا، کە هەردووکیان ئارەزوویەکی هاوبەشیان هەیە بۆ گۆڕینی بنەماکانی سیستی جیهانی و داننەنان بە پێگەی ئەمریکا وەکوو ڕێبەر و فەرماندە.

لای خۆیەوە واشنتن هەوڵدەدات ئەو هاوبەشێتییە لاواز بکات و ئەو وێنەیە بدات کە ئەمریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا باش دەکات، بە تایبەت لەپاش کۆبوونەوەی لووتکە لەنێوان هەردوو سەرۆک جۆ بایدن و ڤلادیمیر پووتین لە 16ی حوزەیرانی ڕابردوو.

چین ئاگاداری ئەم هەوڵەی ئەمریکایە و دەڵێت هیچ لایەک ناتوانێت درز بخاتە نێوان پەکین و مۆسکۆ، و هەنگاوەکانی چین بەرەو پێشەوە نەدەوەستێنرێن و نەدەشێوێنرێن، ئەمەش ناوەڕۆکی وتەی شی جین پینگ سەرۆکی کۆماری چین بوو لە یەکی تەمووز ساڵیادی تێپەڕبوونی سەدەیەک بەسەر دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی چین.

وا دیارە مێژوونووسانی داهاتوو ئەوە تۆماردەکەن کە باڵاکردنی چین گرنگترین پەرەسەندنی ستراتیجی بوو لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا و سەرەنجام چین هێزی سەرەکیی گۆڕانە لە سیستمی ئێستای جیهانیدا.

 

  ئەلعەین

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین