ئه‌مریكا و قه‌ته‌ر و ئۆكرانیا زۆرترین چه‌ك له‌ توركیا ده‌كڕن شیکاری

نوچەنێت:

له‌ چەند ساڵی ڕابردوو پێشه‌سازی سه‌ربازیى توركیا ژماره‌یەکى پێوانەیى له‌كۆتایی ئه‌مساڵ تۆمارکردووە، کە فرۆشی سێ ملیار دۆلار دەبێت، ئه‌مەریكا و قه‌ته‌ر و ئیمارات و ئۆكرانیا و ئازربیجان له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ن زۆرترین چه‌ك و پێداویستی فڕۆكه‌وانیان له‌ توركیا كڕیووه‌.

به‌گوێره‌ی راپۆرتی ئه‌نجوومه‌نی هه‌نارده‌كارانی توركیا،  كه‌رتی پیشه‌سازی سه‌ربازیی توركیا له‌ (2018) فرۆشی دوو ملیار (35) ملیۆن دۆلار بووه‌، له‌ ساڵی (2019) به‌ رێژه‌ی (34.6%) به‌رز بۆوه‌، به‌مه‌ش گه‌یشته‌ دووملیار و (740) ملیۆن (988) دۆلار.

به‌هۆی په‌تای كۆڕۆنا له‌ كۆتایی ساڵی رابردوو به‌ڕێژه‌ی له‌ (16.8%) دابه‌زی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بڕی دوو ملیار و (278) ملیۆن و (27) هه‌زار دۆلار داهاتی بووە.

سه‌باره‌ت به‌ داهاتی ئه‌مساڵ، به‌گوێره‌ی دوایین ئاماری كۆتایی ئه‌مساڵ ژماره‌ی پێوانه‌یی تێپه‌ڕاندووه‌، له‌ هه‌موو بواره‌ جۆراوجۆره‌كان، به‌تاییبه‌ت توركیا ئێستا بایه‌خی تایبه‌ت به‌ كه‌رتی ته‌ندروستی و پیشه‌سازی سه‌ربازی ده‌دات، به‌مه‌ش قه‌باره‌ی هه‌نارده‌ی له‌ 11 مانگی رابردوو دوو ملیار و (793) ملیۆن و 974 دۆلار بووە، كه‌ ئه‌وه‌ ده‌ریده‌خات ئه‌مساڵ رێژه‌کە له‌ (39.7%) به‌رزبۆته‌وه‌، ئه‌و ژماره‌یه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌نارده‌ی كه‌لو په‌لی سه‌ربازی و فڕۆكه‌وانی .

لە باشترین کڕیارەکانى تورکیا، ئه‌مریكا له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ زۆرترین پێداویستی سه‌ربازی له‌ توركیا كڕیووه‌، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ تا مانگی ڕابردوو بایی ملیارێك و (32) ملیۆن و (615) هه‌زار دۆلار چه‌كى كڕیووه‌، به‌ڵام ئه‌و ڕێژه‌یه‌ له‌ ساڵی ڕابردوو بایی (687) ملیۆن و (402) هه‌زار دۆلار بوو، كه‌ (50%)به‌رزبۆته‌وه‌.

دوای ئه‌مریكا ئازربیجان له‌ پله‌ی دووه‌م دێت له‌ كڕینی كه‌لو په‌لی سه‌ربازی، ئه‌مساڵ بایی (192) ملیۆن و (126) هه‌زاری كڕیووه‌، ئه‌وه‌ش به‌رێژه‌ی له‌ (24.8%) دابه‌زیووه‌، به‌ڵام ساڵی رابردوو بایی (255) ملیۆن و (650) هه‌زار پێداویستی سه‌ربازی له‌ توركیا كڕی بوو.

لە دوای ئه‌مریكا و ئارزبیجان، قه‌ته‌ر له‌ پله‌ی سێیه‌می ئه‌و وڵاتانه‌یه‌، کە ئه‌مساڵ بایی (180) ملیۆن (544) هه‌زار دۆلاری تانك و سه‌كۆی مووشه‌كی ده‌ریایی و چه‌كی تری له‌ توركیا كڕیووه‌، به‌راورد بە ئاماری ساڵی رابردوو به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه‌، چونكه‌ له‌ (2020) بای (43) ملیۆن و (560) هه‌زار دۆلار چه‌كی له‌ توركیا كڕیووه‌، ئه‌وه‌ش به‌ رێژه‌ی‌ (314.5%.) زیادی كردووه‌.

ئیمارات كه‌ تا ئه‌مساڵیش له‌گه‌ڵ توركیا ناكۆك بوو، ئه‌مساڵ بایی (161) ملیۆن و (373) هه‌زار دۆلار چه‌كی له‌ توركیا كڕیوه‌، ئه‌وه‌ش به‌ به‌رارد به‌ ساڵی رابردوو دابه‌زیوه‌، چونكه‌ له‌ ساڵی رابردوو بایی (188) ملیۆن و (203) دۆلار چه‌كی كڕیووه‌.

ئه‌ڵمانیا له‌ پله‌ی پێنجه‌مه‌، یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی زۆرترین پێداویستی سه‌ربازیى فڕۆكه‌وانی له‌ توركیا ده‌كڕیت، ئه‌مساڵ بایی (144) ملیۆن دۆلار و (467) هه‌زار دۆلار چه‌كی كردووه‌، به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو هه‌مان رێژه‌یه‌، چونكه‌ له‌ ساڵی رابردوو به‌رلین بایی (142) ملیۆن و (816) هه‌زار دۆلار چه‌كی كڕیوه‌.

ئۆكرانیا یه‌كێكی تره‌ له‌و وڵاتانه‌ی بڕێكی زۆری پێداویستیی سه‌ربازی و ئاسمانی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ كڕیوه‌، له‌ (2020) بایی (17) ملیۆن و (589) هه‌زار دۆلار چه‌كی كڕیوه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ بایی (123) ملیۆن و (193) هه‌زار دۆلار چه‌كی كڕیوه، ئه‌وه‌ش حه‌وت ئه‌وه‌نه‌دی ساڵی رابردووه‌ زیاترە.

حكومه‌تی توركیا له‌ (1985) ده‌سته‌یه‌كی به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تی پیشه‌سازیی سه‌ربازی دامه‌زراندووه‌، خۆی سه‌رپه‌رشتی پێداویستی پارێزگاری له‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌ ئامانجی دابیكردنی پێداویستییه‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌.

ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ئێستا نووسینگه‌ی سه‌رۆك کۆمار راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، له‌ (2003) كه‌ ئه‌ردۆغان هاتۆته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات رێژه‌ی پێشه‌سازی سه‌ربازیی تورکیا له‌ (20%)وە بۆ‌ (70%) بوویەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین