سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: بە خێرایى پێداویستییەکانى هێزەکانى پێشمەرگە دابین بکرێ کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆ لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکاندا ڕایدەگەیێنێت، "بۆ تێکشاندنى داعش  ده‌بێ ئه‌وپه‌ڕى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى سه‌ربازیى تۆكمه‌ له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عیراقدا هه‌بێت و بۆشایى و كه‌لێنى ئه‌منیى نێوانیان پڕ بكه‌نه‌وه تاكوو پێكه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى داعشى دوژمنى هاوبه‌شمان."

ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە شەشى کانوونى یەکەمى (2021)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزى پێشمه‌رگه‌ له سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان کۆبووەوە، کە تێدا هەر یەک لە جێگرانى سه‌رۆك، وه‌زیرانى پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ، فه‌رمانده‌ى یه‌كه‌كانى حه‌فتا و هه‌شتا و فه‌رمانده‌ باڵاكانى پێشمه‌رگه‌ به‌شدار بوون.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان كرد و هاوخه‌مى له‌گه‌ڵیاندا ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها هیواى زووچاكبوونه‌وه‌ى بۆ برینداران خواست."

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، کە" تیرۆرستان سوود له‌و بۆشایى و كه‌لێنه‌ وه‌رده‌گرن كه‌ له‌ ناوچه‌كانى نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانى سوپاى عیراقدا هه‌یه‌ و تیرۆستان بۆ هێرش و په‌لاماردان ده‌یقۆزنه‌وه‌ و لێیانه‌وه‌ دزه‌ ده‌كه‌ن تا له‌و سنووره‌ په‌لامارى پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكى سڤیلى ناوچه‌كه‌ بده‌ن."

لە بەشێکى ڕاگەیێندراوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێمدا هاتووە، "سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى فه‌رمانى دا كه‌ بۆ دۆخى هه‌نووكه‌یى، به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان به‌په‌له‌ پێداویستییه‌ خێراكان، بۆ داهاتووش پێداویستییه‌كانى دیكه‌ى پێشمه‌رگه‌ دابین بكرێن و فه‌رمانده‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى ڕاسپارد به‌ خێرایى دۆخى به‌ره‌كان و خاڵه‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆرستان ڕێكبخرێنه‌وه‌ و كه‌موكوڕى و كه‌لێنه‌كان پڕ بكرێنه‌وه‌، له‌ سه‌رتاسه‌رى میحوه‌ره‌كانیش ئه‌وپه‌ڕى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان پێشمه‌رگه‌دا هه‌بێت."

فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزى پێشمه‌رگه‌، لە کۆبوونەوەکەدا، "ئه‌وپه‌ڕى سوپاس و پێزانین و ده‌ستخۆشى پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان كرد كه‌ به‌ خوێن و گیان به‌رگرى له‌ هه‌رێمى كوردستان و ده‌سكه‌وته‌كانى ده‌كه‌ن و قاره‌مانانه‌ ڕووبه‌ڕووى دژومێنكى دڕنده‌ ده‌بنه‌وه‌."

سەرۆکى هەرێمى کوردستان، جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌ "خۆڕاگرى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، دوژمن ده‌به‌زێت و له‌ناوده‌چێت."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، "خه‌ڵكى كوردستانى دڵنیا كرده‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ هه‌موو توانایه‌ك به‌رگرییان لێده‌كات و سه‌رۆكایه‌تى و حكوومه‌ت و هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانیش، هه‌موو هاوكارى و پشتگیرییه‌كى پێویست بۆ سه‌ركه‌وتنى پێشمه‌رگه‌ دابین ده‌كه‌ن."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین