شه‌پۆڵێكى ترى كۆچكردن رووبه‌ڕووى عێراق ده‌بێته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ، عێراق ساڵانه‌ پێویستى به‌ 53 ملیار مه‌تر سێجا ئاو هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ وشكه‌ساڵیدا 44 ملیار مه‌ترسێجا ئاوى ده‌بێت، ئه‌مه‌یش گوندنشینه‌كان ناچارده‌كات به‌ره‌و شاره‌كان كۆچ بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ چوارى كانوونى یه‌كه‌م ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ راپۆرتێكى له‌باره‌ى هه‌ڕه‌ِشه‌كانى كه‌مئاوى بۆ سه‌ر دانیشتووانى عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

عێراق ساڵانه‌ پێویستى به‌ 53 ملیار مه‌ترسێجا ئاو هه‌یه‌

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، به‌هۆى كه‌مئاوى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ده‌ستبه‌ردارى 50% پلانه‌كانى بۆ ساڵى داهاتوو بووه‌. چونكه‌ جیا له‌وشكه‌ساڵى ئێران و توركیایش ئاوێكى كه‌متر له‌ جاران ده‌ڕژێننه‌ عێراقه‌وه‌.

به‌گوێره‌ى ئاماره‌كانى ماڵپه‌ڕى جه‌زیره‌ عێراق ساڵانه‌ پێویستى به‌ 53 ملیار مه‌ترسێجا ئاو هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ساڵێكى ته‌ڕ و به‌ باران بێت ئه‌وا 77 ملیار مه‌تر سێجا ئاوى پێده‌گات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وشكه‌ساڵى بێت ئه‌وا 44 ملیار مه‌تر سێجا ده‌بێت.

بۆ ده‌رخستنى زیانه‌كان ئه‌و بڕه‌ كه‌مه‌، عه‌لى كازم ئه‌ندازیارى ئاو له‌ لێدوانێكى بۆ جه‌زیره‌ ده‌ڵێ، "كه‌مبوونى حه‌وت ملیار مه‌تر سێجا ئاو به‌ واتاى ئه‌وه‌ دێت 300 هه‌زار دۆنم زه‌وى له‌ بازنه‌ به‌رهه‌مى كشتوكاڵى ده‌رده‌چێت".

ئه‌و خاڵه‌ى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ رۆشنایى خستووه‌ته‌ سه‌ر كۆچكردنى جووتیارانه‌ بۆ شاره‌كان له‌ ئه‌نجامى وشكبوونى زه‌وییه‌كانیان. پێشبینى ئه‌وه‌ كراوه‌ شه‌پۆلێكى ترى كۆچكركردن له‌ لادێكانه‌وه‌ بۆ شاره‌كان ده‌ستپێبكات و به‌ دووریش نازانرێت رووى شه‌پۆله‌كان به‌ره‌و به‌غدا بێت، كه‌ به‌ خۆى به‌ ده‌ست چڕى دانیشتووانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ.

ئه‌سغه‌ر مووسه‌وى بریكارى پێشوو له‌ وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانى عێراق ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر ئه‌م شه‌پۆڵه‌ رووبدات ئه‌وا ئاڵه‌نگارییه‌كى گه‌وره‌ ده‌بێت له‌به‌رده‌م عێراق و ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین