قۆستنەوەى دەرفەتە دیپلۆماسییەکان بۆ پتەوکردنی پێگەى خود
(خوێندنەوەیەک بۆ سەردانەکەى سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتى قەتەر)
قۆستنەوەى دەرفەتەکان
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى 16/10/2021 ، لەسەر بانگهێشتى ئەمیرى قەتەر بە سەردانێکى دیپلۆماسی گەیشتە ئەو وڵاتە. ئەو سەردانە یەکەمین جار نییە بۆ وڵاتانى کەنداو، بەڵکوو لە ساڵی 2019 لە نێوهندى بەشداریکردنى سەرۆکی هەرێم لە کۆنفڕانسی میونیخ بۆ ئاسایش لە دەوحە لەگەڵ ئەمیرى قەتەر، تەمیم بن حهمد ئال سانی، سەبارەت بە چەندان ڕەهەندى پەیوەندیى نێوان هەرێم و قەتەر و هاوکێشەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست گفتوگۆى کرد. دواتر سەرۆکی هەرێم لە کۆنفڕانسی شەراکەت و هاوکارى لەسەر بانگهێشتی حکوومەتى عێراقی لە 28/8/2021 لە بەغدا بەسترا؛ لە پەراوێزی کۆنفڕانسهکە لەگەڵ بەرپرسانی بەشداربوو کۆ بوونەوە و چەندان دۆسیەى گرنگیان تاوتوێ کرد. ڕۆژى 30/9/2021یش لە هەولێر سەرۆکی هەرێم پێشوازیى لە باڵیۆزى وڵاتى قەتەر لە عێراق کرد.
ئەوەى کە لێرە گرنگە ئاماژەى پێ بدرێ ئەوەیە کە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تواناى قۆستنەوەى فورسەتە دیپلۆماسییەکانى هەیە، تا وڵاتان و کۆمپانیاکانى وەبەرهێنان بەرەو کوردستان بانگهێشت بکات؛ وەک ئەزموونیش لەگەڵ هەر بینینێکی دیپلۆماسی، بەدوایدا چەندان بینین و پەیوەندیی دیپلۆماسیی لێ کەوتۆتەوە و ڕۆژ دواى ڕۆژیش ئەو دەرفەتە دیپلۆماسییانە زێتر دەبن. هەر بۆیە دەبێ هەرێمی کوردستان پلانێکی دروست و هاوسەنگى بۆ ئەو تۆڕە لە پەیوەندییەکان هەبێت، چونکە ئەوەى کە پرسی نەتەوەییی لە برەودا هێشتۆتەوە دواى ڕەواییبوونى پرسەکە، پەیوەندییەکانى هەرێمە لەگەڵ فاکتەرە دەرەکییە کاریگەرەکانى هەرێمی و جیهانى و بەرەوپێشبردنیان، بهتایبەتیش دواى ئەو سەرکەوتنە باشەى کە حزبەکانى هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقی لە 10ی ئۆکتۆبەرى 2021 بەدەستیان هێنا.
پێگەى هەرێمی کوردستان لە ستراتیژییەتى وڵاتى قەتەردا
سەردانەکەى بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، لە ساتێکی هەستیاردایە؛ بە هەمان شێوەیش دواى ڕووداوێکی هەستیار لە عێراق کە ئەویش هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراقە؛ لەوەیش زیاتر چاوەڕوانکردنە، کە چەندان هاوکێشەى نوێ بێنە ئاراوە و دووریش نییە دۆزێکی پڕمەترسیدار لە عێراق بکەوێتەوە کە تەواوى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى تێوە دەگلێ، ئەویش جهنگى ناوخۆیە، یان هاتنەناوەوەى ئێرانە بۆ عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنى ناوچەکە. لەو بارەیەیشەوە خەریکە هەوڵە دیپلۆماسییەکانى ڕۆژاوا لەگەڵ ئێران دەگەنە بنبەست و بە وتەى یەکێتیى ئەوروپا و ئەمریکا، ئێران بێجگە لە کات بەفیڕۆدان هیچی ترى چنگ ناکەوێ. لەو بارەیەوە دەکرێ بپرسین: ئایا هەرێمی کوردستان چ پێگەیەکى لە ستراتیژییەتى قەتەردا هەیە؟ ئایا قەتەر بە نیازى چییە بۆ هەرێمی کوردستان؟ ئایا لە ڕوانگەى ئەو پەیوەندییانەوە کوردستان دەکەوێتە کام بەرەى هاوکێشەکان؟ ئایا لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان دەبێ چی بۆ وڵاتى قەتەر بکات؟ ئایا هەرێمی کوردستان لەو نێوەندە دژوارەدا چۆن هاوسەنگى دەپارێزێ؟ بۆ ئەو مەبەستە، پوختەى وەڵامى ئەو پرسیارانە لە چەند خاڵێکدا کۆ دەکەینەوە:
• هەرێمی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەک کیانێکی سیاسیی کامڵ مامەڵەى لەگەڵ دەکرێ، لەسەر ئاستى: هێز، دیپلۆماسییەت، بازرگانى، جەنگى دژەتیرۆر، یەکەیەکی فەرمانڕەوایی. هەر بۆیە وڵاتى قەتەر هیچ هەستیارییەک لەو بارەیەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان نابینێ و پێش ئەویش دەوڵەتانى خاوەن ڤیتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتى مامەڵەى وەک یەکەیەکى فەرمانڕەواییی لەگەڵ دەکەن و زۆر جاران لەسەریشی بەوەڵام دێن.
• ئێستا جۆرێک لە پشبڕکێی دەوڵەتانى کەنداو هەیە بەرەو هەرێمی کوردستان، کە پێدەچێ وڵاتى قەتەر کەمێک لەو بارەیەوە دوا کەوتبێ، بەڵام هەرێمی کوردستان پێشدەستیى کرد و ئەو تەڵەزمەیهى شکاند و دەرگهى هاریکارى و وەبەرهێنانى لە هەرێم بۆ کردنەوە. وڵاتانى کەنداو لە دواى 2010وە بەرەو هەرێم هاتوون، ئەوە بوو زۆربەى دەوڵەتى کەنداو یەک لە دواى یەک لە هەرێم کونسوڵخانەیان کردەوە، وەک: ئیمارات لە ساڵی 2012، کوێت 2015، سعوودیا 2016، دواتریش وڵاتى قەتەر بەنیازە لە 2021؛ لەلایەن هەرێمیشەوە لەسەر ئاستى وەبەرهێنان و سەردانیکردن، ئاسانکارى بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانە کراوە. هەر بۆیە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە لە ساڵى 2014 بەبێ ڤیزە دەیانتوانى بێنە کوردستان؛ هەرچەندە بەرزترین ئاستى وەبەرهێنانى کەنداو لە هەرێم بەر دەوڵەتى ئیمارات کەوتووە و بەنیازیشن زیاتر لە 300 کۆمپانیاى ئیماراتی بێننە هەرێم.
• وەرچەرخانێکی ناوازەیە لە هەڵوێستى سیاسی و دیپلۆماسیی وڵاتى قەتەر، کە ئەویش هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکی هەرێم، کە توانى لە ماوەى سێ ساڵدا ئەو بەرهەمەى لێ بخاتەوە کە ئێستا دەیبینین، چونکە وڵاتى قەتەر یەکێک بوو لەو وڵاتانەى کە تەواو دژى ڕیفراندۆم بوو و بە مەترسیی بۆ سەر یەکپارچەییی خاکی عێراق و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمیی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى وەسف دەکرد.
• وەرچەرخانێکی دیپلۆماسی و ستراتیژى لە سیستهمى عێراقیدا دەبینرێ، ئەویش کەمکردنەوەى قەڵەمڕەو و هەژموونى ئێرانە بەسەر عێراقەوە؛ ئەگەر بێت و ئێران ئەو هەوڵە لەبار نەبات. هەر بۆیە حکوومەتى عێراق بەنیازە بەهاوسەنگى بگەڕێتەوە ناو ژینگەى عەرەبی، لەناویشیاندا وڵاتى ئوردن و کەنداوە؛ تەنانەت مەبەستیەتى کەموکورتیى وزەى بە وڵاتانى کەنداو پڕ بکاتەوە. لەو بارەیەوە وڵاتى قەتەر مەبەستیەتى لەو پرۆسەیە نە بێبەش بێ، نە دوا بکەوێ، چونکە ئەگەر بۆ وڵاتانى ترى کەنداو تەنیا ڕواڵەتى سیاسی و ئابووریى هەبێت، بۆ قەتەر ڕواڵەتى ستراتیژییشی لێ دەکەوێتەوە؛ بەوەى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق، زووتر و ئاسان دەیگەیەنێتە هەرێمی کوردستان؛ لە هەرێمى کوردستانیشەوە ئاسان تێکەڵ بە هاوپەیمانە هەرێمییەکەى دەبێتەوە کە تورکیایە، چونکە تورکیا و قەتەر ڕێککەوتنامەى سەربازى و ئابوورى و ستراتیژییان بەیەکەوە هەیە، نەک تەنیا لەسەر ئاستى دوو وڵات، بەڵکوو بۆ تەواوى هاوکێشەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. هەر بۆیە ستراتیژییەتى قەتەر و تورکیا تەواوکارى یەکترین؛ لە کوێ قەتەرى لێ بوو، تورکیایشى لێ شین دەبێ، بەپێچەوانەیشەوە. چونکە ئەو پەیوەندییەى کە قەتەر لەگەڵ تورکیا هەیەتی، تەنیا پشتى بە ڕایەڵەى ئاسمانى بەستووە، ئەویش کارێکى زۆرتێچووە. هەرچەند ئێستا لە عێراقەوە بۆ قەتەر ڕۆژانە نزیکەى 8 گەشتى ئاسمانى هەن، بەڵام کردنەوەى کەناڵێکی وشکانى کە بە هەرێمدا تێ دەپەڕێ، کارەکە ئاسانتر و کەمتێچووتر دەکات.
• قەتەر مەبەستیەتى وەبەرهێنانى باش لە هەرێم و عێراق بکات؛ بۆ ئەو بابەتەیش کەمێک لە دواى دەوڵەتانى ترى کەنداوەوە دێت. بەڵام دواى سەردانەکەى سەرۆکی هەرێم لە ساڵى 2019 بۆ قەتەر، هەوڵەکانى ئەو وڵاتە بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و هەرێم چڕ بوونەوە و دەستیان پێ کرد؛ دواترینیان ئەوە بوو کە بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى گشتیى پێشانگهکان و خزمەتگوزارییە بازرگانییەکان لە وەزارەتى بازرگانیى عێراق لە 8/9/2021 لەو بارەیەوە ڕای گەیاند کە، وەبەرهێنانى قەتەرى دەست پێ دەکات و 18 کۆمپانیاى قەتەرى بەنیازن بەرەو بازاڕى عێراق و هەرێمی کوردستان بێن. لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش بازرگانیى قەتەر 100 ملیۆن دۆلارى تێ پەڕاندووە و چەندان شاندی بازرگانییش هاتوونەتە هەرێم. بەو پێیەیش دەرگهى ئیمارەتێکی دەوڵەمەند بەڕووى هەرێمدا دەکرێتەوە.
• سوودمەندبوونى قەتەر لە بەروبوومى کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان.
• بەڕێوەبردنى وەبەرهێنان و هاوکێشەکانى کارى وڵاتى قەتەر لە عێراق لە ڕێگەى هەرێمی کوردستانەوە؛ هەروەک چۆن چەندان وڵاتى هەرێمی و ئەوروپی و ئەمریکا پەنایان بۆ بردووە. زۆر جاران ئەوەندەى هەرێمی کوردستان ناوەندى دیپلۆماسی بووە، ئەوەندە پشت بە حکوومەتى عێراقی نەبەستراوە.
• زۆر جار سەرۆکی هەرێم لە نێوهندى سەردانە دیپلۆماسییەکانییەوە هەوڵی ئەوەى داوە سەقامگیری بۆ عێراق بگێڕێتەوە و بچێتەوە پێگەى کاریگەریى جارانی؛ هەندێ جاریش بۆ یەکلاییکردنەوەى هاوکێشەکان پەناى بۆ بردراوە. ئەو دیپلۆماسییەتەى سەرۆکی هەرێم، تەواوکارى دیپلۆماسییەتى عێراقە و ڕۆڵى بەرچاوى هەیە و چەندان هەڵوێستى ئەرێنیی بۆ عێراق تۆمار کردووە. هەر بۆیە لەلایەن حکوومەتى عێراقییەوە تا ئێستا هیچ نیگەرانییەک لەو سەردانانەى سەرۆکی هەرێم نەکەوتۆتەوە.
• وڵاتانى کەنداو ئێستا لە بەردەم بڕیارێکی چارەنووسسازدان: یان ئەوەیە پشتیوانیى هەرێمی کوردستان بکەن وەک کیان و یەکەیەکی فەرمانڕەواییی سوننى لە عێراق، یان دەبێ ڕێخۆش بکەن هەژموونى ئێران لە نێوهندی دەوڵەتى عێراقییەوە تەواوى عێراق بگرێتەوە. گەرچی وڵاتانى کەنداو لەو بابەتەدا زۆر هەستیارن بەڵام مەبەستیانە بێنە هەرێم و پەیوەندییەکانیان پتەو بکەن. لە لایەکی تریشەوە ستراتیژییەتیان هەماهەنگە لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا لە ناوچەکە و ڕکابەرە لەگەڵ ئێران. ئەوان گەرچى لەگەڵ کیانێکی کوردیدان بەڵام زیاتر مەبەستیانە بە دانوستان و ئاشتى بێت لەگەڵ حکوومەتى عێراق؛ هەروەک ئەوەى لە باشوورى سوودان ڕووی دا. ئەگەر بەو شێوەیە بکەوێتەوە هیچ نیگەرانییەکیان نییە، بەڵکوو زۆر مەبەستیشیانە؛ چونکە لە لایەک دراوسێی هەرێمێکی سوننیى دیكهن لە عێراق کە دروست دەبێ، لە لایەکی تریشەوە هەردوو هەرێمە سوننییەکە سەرەڕاى پەرتکردنى بونیادی قەڵەمڕەوى ئێران لە ناوچەکە، بهتایبەت لەگەڵ سووریا و لوبنان، دەبنە پشتێنەیەکیش بۆ وەستاندنى هەژموونى ئێرانی بەرەو قووڵاییی نیمچەدوورگەى عەرەبی.
• پێگە و ڕۆڵی کاریگەر و ئەرێنیی هەرێمی کوردستان لە هێورکردنەوەى گرژییە هەرێمییەکان و جەنگى دژەتیرۆر، وای کردووە ببێتە ڕەهەند و سەرەداوى پەیوەندییەکان و، تەواوى وڵاتان وەک میحوەرێکی زیندوو و کاریگەر له هەرێم دهڕوانن، چونکە زۆربەى هاوکێشە ئاسایشییە هەرێمییەکانى ناوچەکە بەبێ هەرێمی کوردستان ئاسان نییە و کەمتێچوویش نابێ. هەر بۆیە سەرەڕاى ئەوەى کە حکوومەتى هەرێم لە ڕووى سەربازییەوە بەشداریى ئەرێنیى هەیە، هەر ئەوەیشە کە لە بونیادنانەوەى وەزارەتى پێشمەرگە لەلایەن دەوڵەتانى هاوپەیمانەوە نیگەرانییهكی ئەوتۆى لەسەر ئاستى عێراق و دەوڵەتانى ناوچەکە لێ نەکەوتۆتەوە. ئەمەیش خاڵێکی ئەرێنییە بۆ دیپلۆماسییەتى هەرێمی کوردستان؛ بەوەى توانیویەتى ئەو ترس و نیگەرانییانە بڕەوێنێتەوە.
بونیادنانەوەى ستراتیژییەت، پاش پەرتبوونى سیستهمى ئاسایشی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست
وڵاتى قەتەر مەبەستیەتى دواى دوو ڕەهەندى کاریگەر، کە دەکەونە دواى ساڵى 2017، ستراتیژییەتى خۆى دابڕێژێتەوە: چەندان هاوکێشەى نوێ دواى لەناوچوونى داعش دێنە ئاراوە؛ لە لایەکی تریشەوە دواى ئەوەى قەتەر توانى گەمارۆى وڵاتانى کەنداو لە دژى خۆی نەهێڵێ، ئێستا بە دواى فاکتەرى نوێدا دەگەڕێ تا هەمان سیناریۆ دووبارە نەبێتەوە، یان ئەگەر دووبارە بووەوە پێشوەخت ئامادەباشیی هەبێت. هەر بۆیە مەبەستیەتى کەمتر لە جاران پشت بە دەوڵەتانى کەنداو ببەستێ. ئەو توانایەیشی هەیە، چونکە وڵاتى قەتەر پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی ناوازەى هەیە و پەیوەندییەکانى بە هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە و دونیا ڕاگرتووە؛ هەرچەندە بەڕوونى لە خولگەى ستراتیژییەتى ڕۆژاوایی لە ناوچەکە دەخولێتەوە و گەورەترین سەربازگەى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەو وڵاتەدایە.
لە لایەکی تریشەوە بەگەڕخستنى پرۆسەى وەبەرهێنانى قەتەرى لە ناوچەکە، کە عێراق ئەو پرسەیە وابەستەى یەکتر دەکات و جووڵەى بازرگانى و وەبەرهێنانى لە ناوچەکە بۆ ئاسانتر دەکات و زووتر و کەمتێچووتر دەیبەستێتەوە بە قەتەر، لە ئاییندەیشدا لە ڕێگەى هەرێم و عێراقەوە دەتوانێ بەئاسانی بگاتە بازاڕەکانى ئەوروپا. چونکە داڕشتنەوەى نەخشەى نوێی سیاسیی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەسەر بنەماى وزەیە، هەروەک چۆن لە کۆتاییی ساڵی 2018 لەلایەن ڕۆژنامەى "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"هوه پلانی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئاشکرا بوو؛ ئەو نەخشەیەیش لەلایەن جیمس جیفری، نێردەى ئەمریکا بۆ کاروبارى سووریاوە داڕێژرابوو. بۆ ئەو مەبەستەیش و تایبەت بۆ ئاگادارکردنەوەى ئەردۆغان، جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکارى ئاسایشى ئەمریکا سەردانى تورکیاى کرد و نزیکبوونەوەى ئەو وڵاتەی لە وێستگەکانى وزە، بهتایبەت لە سووریا و عێراقی بە هێڵی سوور دانا لەلایەن ئەمریکاوە. کوردستانیش لەنێو ئەو نەخشەیەدا پێگەى کاریگەرى بۆ دانراوە، چونکە خاوەنى زیاتر لە 45 ملیار بەرمیل نەوتە، لەگەڵ چەندان ترلیۆن سێجا لە گازى سروشتى؛ بەمەیش هەرێمی کوردستان ئەگەر سەربەخۆ بێت، لە ڕیزبەندى هەشتەمدا دەبێت لەسەر ئاستى جیهان.
کورد دەبێ لەو پێناوەدا چی بکا؟
دەتوانین لە چەند ڕەهەندێکدا کۆیان بکەینەوە:
• بوونى پلانێکی دروست و هاوسەنگ بۆ پاراستن و بەردەوامبوونى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى هەرێم لەگەڵ وڵاتانى هەرێمی؛ لەو نێوەیشدا ڕۆڵی کاریگەر بۆ سەرۆکی هەرێم دەمێنێتەوە.
• بەردەوامبوونى هاوسەنگى لە پەیوەندییەکانى هەرێم لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە. گەرچی هەرێم کەوتۆتە ناوچەیەکی دژوار و دژبەیەک، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیوەندییشی لەگەڵ هەموویان هەیە. ئەوەیش حیکمەتى سیاسیی پێویستە، کە چۆن دژبەیەکەکان کۆ بکاتەوە و بەرژەوەندییەکانى لەو نێوەندەدا بپارێزێ و کورد گوتەنى: هێڵکەکان نەخاتە تەنیا یەک سەبەتەوە.
• پەلکێشکردنى وەبەرهێنانى قەتەرى بۆ هەرێم؛ تا بتوانین لەو نێوهندهوە ژێرخانى هەرێم کامڵ و پتەوتر بکەین.
• بونیادنانى پشتێنەیەکی دیپلۆماسیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ پرسی نەتەوەییمان؛ چونکە فاکتەرى دەرەکی، کاریگەریى زۆری هەیە لەسەر بەئاکامگەیشتنى پرسەکەمان.
* شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment