ڕاستیەکانی سەرهەڵدانی قەیرانی وزە لە وتارەکەی سەرۆکی ڕووسیادا
نوچەنێت - هەفتەی وزەی رووسیا (1)
لە ڕێکەوتی 13 تا 15ــی ئۆکتۆبەر و لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا، کۆربەندی هەفتەی وزەی رووسیا Russian Energy Week International Forum بۆ ساڵی 2021 بەڕێوەدەچێت، تیایدا چەندین سەرکردە و کەسانی تایبەت بە بواری وزە لە کۆربەندەکە ئامادە دەبن و هاوکات هەریەکە لە کۆمپانیاییە جیهانیەکانی BP و Total و ExxonMobil , DaimlerAG , MercedesBenz ئامادەن لە کۆربەندەکەدا.
ڤلادمیر پوتین لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی کۆربەندەکە وتارێكی پێشکەش کرد. دەستپێكی وتارەکەی سەرۆکی ڕووسیا، گرنگی بەستنی ئەو کۆنگرەیە و بەشدارایی کارایی بەرپرسە جیهانیەکان بوو بۆ قسەکردن لەسەر هاوکاری و هەماهەنگیە گشتیەکان لە پێناو کۆنترۆڵکردنی ئەو قەیرانەی بەرۆکی بازارەکانی وزەی گرتووە. هاوکات پوتین باسی لە ئالنگاری و چارەسەرەکان بۆ رووبەرووبوونەوە و ڕێگریکردن لە قەیرانەکە کرد و پێشنیازەکانی ئاراستەی ئامادەبووانی کۆربەندی هەفتەی وزەی رووسیا کرد.
گرنگترین باسەکانی وتاری سەرۆکی رووسیا ئەمانە بوون:
کۆرۆنا و وزە
پوتین لە بارەی سەردەمی کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی لەسەر کەرتی وزە وتی" لە بەهاری ساڵی ڕابردوودا، نرخی نەوت بۆ ژێڕ سفر دابەزی، ئەم شۆکەی تووشی بازاڕەکانی وزە و نەوت هات، لە مێژووی سەرهەڵدانی نەوت یەکەم جارە ڕووبدات و هیچ کاتێک بازارەکانی نەوت تووشی ئەو شۆکە نەهاتوون".
هەروەها وتیشی "کۆرۆنا بووە هۆی دابەزینی ئاستی خواستی بەکار بەر بۆ نەوت بە رێژەی ٪4.6، ئەم داتەپینە بەراورد بە 70 ساڵی رابردوو، نزمیترین ئاستە"
پوتین ئەوەیشی زیاد کرد" یەکەم جارە لە مێژووی پیشەسازی نەوتدا، نرخی عەمبارکردنی نەوت گرانتر بێت لە نرخی بەرمیلێک نەوت، کۆرۆنا بووە هۆی خوڵقاندنی ئەو دیاریدەیە تازەیە لە مێژووی ئاسایشی وزەدا، ئەنجام نرخی نەوتی بۆ نزمترین ئاست دابەزاند".
سەبارەت بە نرخی گازی سروشتی و جۆری وزەکانی تر لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا ڕایگەیاند" هیچ یەکێک لە ئێمە و ئێوە، پێشبینی نەدەکرد، بارودۆخی بازارەکانی وزە بەو ئاستە بگات، کۆرۆنا بووە داخستن و وەستانی بازارەکان و بەمەیش خەڵک لە ماڵەکانیان مانەوە و ئەنجام خواست بۆ سەر گازی سروشتی و جۆرەکانی تری وزە کەمبوویەوە"
پوتین ئەوەیشی خستەروو" کۆرۆنا بووە هۆی دابەزاندنی خواست بۆ گازی سروشتی بە رێژەی ٪60، لە هەمانکاتدا نرخی هەر هەزار تۆن پێ سیجای گازی سروشتی بۆ 113 دۆلار دابەزی و ئەمەیش بەراورد بە نرخی گاز لە ساڵی 2019 کە 159 دۆلار و لە ساڵی 2018 کە 282 دۆلار بوو، دابەزینێكی شۆکهێنەر بوو، بە تایبەت دوای ئەو گەشە خێراییەی خواستی جیهان بۆ گازی سروشتی بە خۆیەوە بینیبووی".
ڕۆلی بڕیارەکانی ئۆپێک پلەس لە قەیرانی وزەدا
ڤلادمیر پوتین لە درێژەی وتارەکەیدا، باسی لە گرنگی ڕۆڵ و کاریگەری بڕیارەکانی ئۆپێک پلەس کرد بۆ تێپەراندنی ئەو شۆکەی کە بازارەکانی نەوت بە خۆیەوە بینی بووی و ڕایگەیاند" ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپێک و ئۆپێک پلەس توانیان لە ڕێگەی هەماهەنگی و پێکەوە کارکردنیان، ڕۆڵی بەرچاو بگێرن لە هێشتنەوەی بازارەکانی نەوت و گاز بە هاوسەنگی و دواتریش دەرکردنی بڕیاری دروست بۆ گەشانەوەی پلەبەندی بازاڕەکانی نەوت دوای پەتای کۆرۆنا".
هاوکات وتیشی" لە کارە هەرە گرنگەکانی ئۆپێک پلەس لە سەردەمی پەتای کۆرۆنا، خۆگونجاندنی ئەندامانی ڕێکخراوەکە بوون لەگەڵ هەلو مەرجی بارودۆخی وەبەرهێنان و کەرەسەتەکانی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوەتا ئەمڕۆ ئەنجامی ئەو تێگەیشتنەی کارکردن بەسەر بازارەکانی نەوتەوە دەبینین".
سەبارەت بە داهاتووی بازارەکانی نەوت و بڕیارەکانی ئۆپێک پلەس بۆ زیادکردن یان کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و خستنەڕووی نەوت، سەرۆکی رووسیا وتی" لە ئێستادا جیهان بەرەو بواژنەوەی ئابووری هەنگاو دەنێت و خواستی جیهان و بەکاربەر بۆ نەوت لە هەڵکشاندایە، بۆیە بازارەکانی پێویستیان بە سەقامگیری و هاوسەنگی لە هاوکێشەی خواست وخستنەروو دا هەیە"
سەرۆکی رووسیا دووپاتیکردەوە، کە رووسیا سەرکردایەتی ئۆپێک پلەس دەکات و بە هاودەنگی ئەندامانی رێکخراوەکە، کار بۆ هێشتنەوە و درێژکردنەوەی بڕیارەکانی ئێستا و دواین کۆبوونەوەی ئۆپێک پلەس دەکات تا ساڵی 2022.
قەیرانەکانی وزە و نرخ لە بازارەکانی ئەورووپا و هۆکارەکانی
جگە لە پرسەکانی کۆرۆنا وکاریگەریەکانی لەسەر بازاڕی نەوت گاز هاوکات ڕۆڵی بڕیارەکانی ئۆپێک پلەس و داهاتووی بازارەکانی نەوت، سەرۆکی رووسیا بە وردی تیشکی خستەسەر قەیرانی دابینکردن و نرخی گازی سروشتی کە ماوەی چەند مانگێکە بەرۆکی بازارەکانی ولاتانی ئەورووپای گرتووە.
لەوبارەیەوە پوتین وتی" رووسیا کاری پێکەوەیی لە پێناو سەقامگیرکردنی بازارەکانی وزە بەرز دەنرخێنیت، بە تایبەت لە پرسەکانی داهێنان و بونیاتنانی تەکنەلۆژیای سەردەم و تەکنیکی تازە بۆ بەرهەمهێنانی وزەیەک کە دۆستی ژینگە بێت ڕێژەی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن کەمتر بەرهەمبهێنیت".
سەرۆکی رووسیا ئەوەیشی ئاشکرا کرد، کە جگە لە پرسی نەوت لە ئێستادا بازارەکانی گازی سروشتی هاوسەنگ نین و تووشی قەیران بووە، بە تایبەت لە وڵاتانی ئەورووپا. لە هەمانکاتدا پوتین هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەو قەیرانەی ئاشکرا کرد و دووپاتیکردەوە، ئەوەی لە بازارەکانی گازی ئەورووپا روودەدات، هۆکارەکەی وڵاتە بەکاربەرەکانن نەک وڵاتە بەرهەمهێنەکان.
پوتین" لە بازارەکانی گازی سروستی ئەورووپا، وڵاتە بەکاربەرەکان ڕۆل دەگێرن بۆیە ناهاوسەنگی دروستبووە".
ڤلادمیر پوتین چەند ڕاستیەکی دەربارەی سەرهەڵدانی قەیارنی گازی سروشتی لە بازارەکانی ئەورووپا ئاشکرا کردوو وتی"دان بە هەندێک ڕاستی دەنێم، کە بەشێکی زۆری ئامادەبووانی ئەم کۆربەندە دەیزانین و نایانەوێت ڕاستیەکە بدرێکنن، یانیش بێ دەنگیان هەڵبژاردووە".
هەروەها وتیشی" لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا وڵاتانی ئەورووپا، پەنایان بردۆتە بەر پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەکاربردنی وزەی جێگرەوە، ئەمەیش بۆتە هۆکاری زیادبوونی هاوردەکردنی ئاستی ئەو جۆرە وزەیە، لە راستیدا من ئەو هەنگاوە بە کارێکی باش دەزانم، بە تایبەت کە ئەو کاریگەریەی هەبێت، من دەپرسم ئایا ئەوە کارێکی باشە؟ وا دیارە باشە"
سەرۆکی ڕووسیا زیاتر لە سەر پیشەسازی وزەی جێگرەوە دوا و وتی" وڵاتانی ئەورووپا ئەو رێچکەی گرتوویانەتە بەر نارێک و ناسیستەماتیکە و پێویستی بە یەدەگ هەیە بۆ ئەوەی نەوەکانی داگاتوو لە گەر فشار و قەیرانێک یانیش زریانێکی کەشوهەوا بپارێزێت، بەڵام من دەپرسم لە ئێوە ئایا ولاتانی ئەورووپا یەدەگی وزەی جێگرەوەیان هەیە؟ ئایا بیریان لەو یەدەگە کردۆتەوە"
پوتین ئەو زانیاریەشی ئاشکرا کرد" ئەوەی ئەمساڵ ڕووبەڕووی بازارەکانی وزەی ئەورووپا بوویەوە، ئەم خاڵە بوو کە من باسم کرد، بە جۆرێک کاتێک بە هۆی تێكچوونی کەشوهەوا و زریانەکان، وزەی جێگرەوە(وزەی با، وزەی هەتاوی) توشی کورتهێنان بوو، بەمەیش ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبای ئەورووپا تووشی گرفتی کورتهێنان هات و لە ئەنجامدا نرخەکانی ئەو وزانە بەرزبوونەوە و وڵاتانی ئەورووپا ناچار بوون بۆ دابینکردنی وزە و کارەبای پێویست پەنا ببەنە بەر بەکاربردنی گازی سروشتی،ئەم ڕاستیە نرخەکانی گازی سروشتی بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە".
سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی ڕۆڵی گازی سروشتی و میکانزمی گرێبەستەکانی ئەو جۆرەی وزە، بە ئامادەبووانی راگەیاند" گازی سروشتی وزەیەکی وەرزیە لە هاوینەوە بۆ زستان، هەروەها گرێبەستەکانی گازی سروشتی شێوازی کلاسیکی خۆیان دەویت. بەڵام ئەوەی ئەمساڵ وڵاتانی ئەورووپا هەنگاویان بۆ نا، هۆکار بوو لە دروستبوونی خودی قەیرانەکە"
پوتین وتیشی" وڵاتە ئەورووپیەکان بۆ پڕکردکردنەوەی خواستی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی کورتهێنانی وزە، پەنایان بردە بەر بەکاربردنی گڕیبەستی خێرا بۆ کرینی گازی سروشتی، ئەمەیش نرخەکانی گازی بە شێوەیەکی چاوەروانکەراو بەرزکردوە، بۆیە ئەوەی لە ئەووروپا ڕوویدا هۆکارەکەی ئەورووپیەکان خۆیان بوون نەک وڵاتێکی تر، لەبەر ئەوە پێویست ناکات لە سەرهەرڵدانی ئەو قەیرانە هیچ وڵاتێک و لایەنێک تاوانبار بکەن".
سەرۆکی رووسیا درێژەی بە قسەکانیدا وتی" من چەند ژمارەیەکتان بۆ ئاشکرا دەکەم، بۆ ئەوەی کرۆکی قەیرانەکەتان بۆ روون بێتەوە، هەرچەندە ئەورووپیەکان نایانەوێت دان بە راستیەکان بنێن و هەمیشە هەوڵ دەدەن هەڵەکانیان پەردەپۆش بکەن".
ڤلادمیر پوتین لەبارەی هۆکارێکی تری پشت قەیرانەکانی گازی سروشتی لە ئەورووپا بە ئامادەبوانی راگەیاند" لەو کاتەی کە لە رێگەی وزەی ئەتۆمیەوە کارەبا بەرهەمدەهات و گازی سروشتی وزەیەکی بنەڕەتی بوو، جیهان هیچ قەیرانێکی هاوشێوەی ئێستای تووش نەبوو و هیچ کامێک لەو هۆکارانەی ئێستا بوونیان نەبوو"
پوتین ئەوەیشی زیاد کرد" خۆشبەختانە ئێمە لە ڕووسیا ئەو کێشانەمان نیە ونابێت، چونکە بە پلانێکی تۆکمە دوو مەودا کار دەکەین بۆ کۆکردنەوە و عەمبارکردنی وزەی پێویست بۆ سەرجەم دانیشتوانی کشتوکاڵی پیشەسازی بە کەمترین تێچووی هەر هاوڵاتییەکی ئەورووپا".
مەبەستی سەرۆکی رووسیا لەو دەربڕینەوەی، بڕی تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا بوو لە وڵاتی رووسیا و بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتەکانی تر لە ئەورووپا. بە گوێرەی زانیاریەکانی سەرۆکی ڕووسیا بێت، تێچووی بەرهەمهێنانی یەک مێگاوات کارەبا لەهەر کاتژمێڕێک بۆ ڕووسیا تەنیا 20 یۆرۆیە، بەڵام ئەو رێژەیە لە وڵاتێکی وەک لیتوانیا 256 یۆرۆ و لە ئەڵمانیا وفەرەنسا 300 یۆرۆ و لە بەریتانیا زیاتر لە 320 یۆرۆیە.
ڤلادمیر پوتین دووپاتیکردەوە، کە میکانزم و تەکینکەکانی وزەی جێگرەوە هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی تێچووی کارەبا لە وڵاتانی ئەورووپا و هاندەری سەرەکی بووە لە خەرجکردنی بری پارەی زیاتر لە لایەن هاوڵاتیە ئەورووپیەکانەوە.
کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخی وزە و گازی سروشتی بۆسەر گەشەی ئابووری
سەرۆکی رووسیا لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە گرنگی و کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە دەکەن بۆ سەر وڵاتە بەرهەمهێنەکان و دەستکەوتنی قازانجێکی بێ شوومار لە کاتی بەرزبوونەوەی نرخەکان. پوتین لەو بارەیەوە وتی" دەمەوێت پێتان ڕابگەینم، ئەوانەی وا بیر دەکەنەوە بەردەوامی مانەوەی نرخەکانی وزە بە بەرزی، لە قازانجی بەشێک لە وڵاتە بەرهەمهێنرەکانە، ئەوا پێیان رادەگەینم ئەوانەی پشت بەو هاوکێشەیە دەبەستن زۆر هەڵەن، و هیچ لە پرسەکە نەگەیشتوون و نازانن چۆن بچنە پێشەوە".
پوتین وتی " راستی بابەتەکە ئەوەیە، بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی وزە، دەبێتە هۆی پەککەوتنی گەشەی ئابووری بە تایبەت لە کەرتی پیشەسازی، چونکە گرانی نرخەکان وا دەکات کە کۆمپانیاییەکان و کارگەکان وزەی کەمتر بەکارببەن و لە ئەنجامدا خواست بۆ وزە بەرەوە کەمبوونەوە دەچێت، لە کۆتاییدا ئاستی بەرهەمهێنان کەمدەبێتەوە دەبێتە هۆی مایەپووچ بوونی کۆمپانییەکان. ئەم ڕاستیە بۆ وڵاتێکی ڕووسیا کە بەرهەمهێنیکی سەرەکییە هەمان شتە و هەڵکشانی نرخی وزە بە بەردەوامی زیانی بۆ سەر ئابووری رووسیا دەبێت".
چارەسەری قەیرانی وزە لە بازارەکانی ئەورووپا
ڤلادمیر پوتین، دوای ئەوەی هۆکارەکانی پشت سەرهەڵدانی قەیرانی وزەی لە بازارەکانی ئەورووپا خستەروو، لە رێگەی کۆربەندی هەفتەی وزەی رووسیا، پەیامێکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، ئاراستەی ولاتانی ئەورووپا کرد. دەربارەی چارەسەرەکان پوتین وتی" رووسیا ئامادەیە گاز و وزەی زیاتر هەناردەی بازارەکانی ئەورووپا بکات و پشتگیری و هاوکاری دۆستەکانی بکات بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە"
پوتین" رووسیا دۆستەکانی لە نیوەی رێگادا جێناهێڵیت".
پوتین جەختی لەوەیش کردەوە، رووسیا ئامادەیە لە گەڵ هاوبەشەکانی ڕێککەوتنی تازە واژوو بکات و تا کۆتای ساڵی 2021، و ڕێژەی هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ بازارەکانی ئەورووپا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. هەروەها دووپاتیکردەوە کە ڕووسیا لە پلانیدایە لە رێگەی پەرەپێدان بە پڕۆژەکانی (تورک ستێرم، نۆرد ستێرم یەک و دوو) ئاستی هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ ئەورووپا بە هاوبەشی کاکردن لەگەڵ کۆمپانیاییە ئەورووپیەکان زیاد بکات.
سەرۆکی رووسیا " ئامانجمان دابینکردنی گازی پێویستی ئەورووپایە لە دەییەکانی داهاتوودا"
جگە لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە رێگەی ئەو پرۆژانەی سەرۆکی رووسیا ئاماژەی پێدا، تیشکی خستە سەر ڕۆڵ و کاریگەری پرۆژەکانی گواستنەوەی گازی ڕووسیا بۆ بازارەکانی ئەورووپا لە رووی پاراستنی بنەماییەکانی ژینگەو ئاستی بەرهەمهێنانی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لەو پرۆژانەدا.
پوتین لەو باریەوە ئاشکرای کرد"بۆ زانیاریتان رێژەی بەرهەمهێنانی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی نۆرد ستێرم یەک بە رێژەی ٪66.7 کەمترە لە گواستنەوەی گازی شلی ئەمریکا ، ئەوە بچووکترین بەراوردە من بۆ ئێوە باسی دەکەم".
سەرۆکی رووسیا ڕووی لە ئامادەبووە ئەورووپیەکان کرد ووتی" ئێستا ئێمە پێکەوە پێویستمان بە گەیشتن بە مەرجە جیهانیەکانە بۆ هاوسەنگکردنی بازارەکان و ئەم ڕێکارەیش گفتووگۆی جدی دەوێت لە نیوان بەرهەمهێن و بەکاربەرەکان، بەڵام پێویست دەکات ئەم گفتوگۆیە دوور بێت لە ئامانجی سیاسی و سەپاندنی سزای ئابووری"
پوتین وتیشی" بە بروای من تاکە چارەسەر بۆ ئێمە ئەورووپیەکان گفتوگۆی جدیە و تەنیا چارەسەریش بۆ قەیرانی بازارەکانیان هەر ئەوەیە".
گۆرانی کەشوهەوا پیشەسازی وزەی جێگرەوە
سەرۆکی رووسیای فیدراڵ و دابینکەری ئاسایشی وزەی ئەورووپا و ئاسیا لەبەردەم دەیان بەرپرسانی وڵاتانی جیهانی عەرەبی بۆ یەکەم جار لەبارەی گۆرانی کەشوهەوا و پلانی رووسیا بۆ ئەو سیاسەتە زانیاری تازەی خستەڕوو.
ڤلادمیر پوتین لە بارەی گۆرانی کەشوهەوا وتی" گۆرانی کەشوهەوا یەکێکە لە گرنگترین فاکتەر و بنەماییە سەرەکیەکانی گەشەپێدان وبەرەو پێشڤەچوونی دوو مەودای پێشەسازی وزەی جیهانی"
هەروەها وتیشی" ڕووسیا زۆر بەجدی کار بۆ رووبەروونەوەی ئاڵنگاریەکانی گۆرانی کەشوهەوای گۆی زەوی دەکات، بە تایبەت کە پلەکانی گەرما لە وڵاتی رووسیا دوو پلە زیاتر بەراورد بە پلەی گەرمای وڵاتانی تر بەرز دەبنەوە، و نموونەی ئاشکرا بۆ ئەو کاریگەریانە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای جەمسەری باکوورە کە تەنیا لەمساڵدا، پلەکانی گەرمای ئەو ناوچەیە بە نیو پلە بەرزبوونەوە، ئەمەیش لێکەوتەی تایبەتی دەبێت بۆسەر رەوشی وڵاتی رووسیا ".
هەربۆیە دەمەوێت پێتان بڵێم رووسیا بە هاوکاری وهەماهەنگی دۆستە ئەورووپیەکانمان زۆر بەجدی کار دەکات بۆ کەمردنەوەی ئەو گازانەی دەبنە هۆی پیسبونوی ژینگە و گۆرانی کەشوهەوا، ئەمەی دەیڵیم تەنیا قسە نیە، بەڵکو بە کردارە.
بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئامانجە پوتین وتی" حکوومەتی رووسیام راسپاردووە بۆ ئەوەی لە رێگەی پرۆژەی ستراتیژی و دوومەودا کار بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بکەن تا ساڵی 2035"
پوتین ئەوەیشی زیادکرد"رووسیا ئامانجیەتی کار بۆ پاراستنی سیكتەرە پیشەسازی و مرۆیی و کشتوکالیەکان بکات لەو ماوەیدا بۆ ئەوەی دوور بن لە لێکەوتەکانی گۆرانی کەشوهەوا و پاراستنی بەرهەم و داهاتیەکانیان، تا بۆ ساڵی 2060 ڕووسیا بگات بە پرۆژەی تایبەت بە خۆی".
سەرۆکی ڕووسیا ئامانجی بوو زیاتر تیشک بخاتە سەر پیشەسازی و وزەی جێگرەوە و بەستنەوەی ئەو سیاسەتە بە بنەمایەکانی گۆرانی کەشوهەوا، بۆیە دووبارە جەختی لە قسەکانی کردەوە و وتی "وەک پیشتر ئاماژەم پێدا و ئێستاش دووپاتیدەکەمەوە، پاراستنی پاککی ژینگە و گۆی زەوی ئەرکی سەرسانی هەموومانە و هەموومان بەرپرسیارین لە هێشتنەوەی مرۆڤایەتی، بەڵام نابێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، وڵاتانی جیهان پرسی گۆرانی کەشوهەوا بکەنە پیوەرێک بۆ زیادکردنی هەژموون و دەستەڵاتەکانیان و بۆ خواستی ئابووری خۆیان بەکاری بهینن، بەڵکو پێویستە بە شیوەیەکی چر هەر ولاتێک بەرپرسیارەتی خۆی بۆ پاراستن زەوی بزانێت"
پوتین ئەوەیشی زیادکرد" لە پرسی گۆرانی کەشوهەوا گرنگە وڵاتانی ناوچەکە لە پرس و کێبرکێ تەکنەلۆژیا هاوکار بن، بۆ داهێنان و دروستکردنی ئەو ئامێرانەی کە هاوکارن لە کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی گازی دژی ژینگە و گۆڕینی ئەو گازە بۆ پێكهاتەی تر لە پێناو دوور بوون لە کاریگەریە نێگەتیڤەکانی بۆ سەر زەوی و مرۆڤایەتی"
ئامادەبووانی هیژا و پسۆرە ئەزیزەکان، دەمەوێت زانیاریەکتان بۆ ئاشکرا بکەم کە لەوانیە بۆ زۆربەی زۆرتان پرسێکی تازە بێت، ئایا ئێوە دەزانن ڕێژەی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە وزەی هەوتاوی زیاتر بەرهەمدیت بەراورد بە وزەی ئەتۆمی؟بەڵی ئەمە راستیە، بۆیە رووسیا لە رێگەی پرۆژەی گرنگ و ستارتیژی هەوڵدەدات کار بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای زیاتر لە ڕێگەی وزەی ئەتۆمیەوە بکات، بە تەکنیکێکی تازە کە ڕەچاوی بنەمایەکانی پاراستنی ژینگە بکات.
سەرۆکی ڕووسیا لە کۆتای گوتارەکەیدا، تیشکی خستە سەر داهاتووی بازارەکانی نەوت و رایگەیاند" پسۆڕەکانمان ئەوەمان پێ دەلین کە لە 25 ساڵی داهاتوودا خواستی جیهانی بۆ نەوت لە رێژەی 80 بۆ 85ــەوە بۆ تەنیا ٪60 تا ٪65 دادەبەزێت، ئەمەیش بە واتای ئەوە دێت کە خواستی جیهان بۆ گازی سروشتی زیاتر دەبێت. ڕووسیا هەموو ئامادەیەکی تێدایە لە رووی تەکنیک و تەکەنەلۆژیاوە گازی پێویست بۆ بازارەکان دابین بکات و لە هەمانکاتدا پلانی رووسیا زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی جۆری LNGــە بۆ زیاتر لە 140 ملیۆن پێ سێجای سالانە تا ساڵی 2035".
پوتین ئەوەیشی وت" تا ساڵی 2035 رێژەی بەرهەمە پترۆکیمیاویەکانی رووسیا لە ٪1 بۆ ٪7 بەرزدەکەینەوە، ئەمەیش وا دەکات بواتنین هاوسەنگی خواست و بازارەکان ڕابگرین"
بۆیە دەمەوێت لە کۆتایدا پێتان بڵێم کۆرۆنا بۆ تەواوی جیهانی سەلماند، کە دروستبوونی قەیرانی هەرێمی وزە زیان بەسەرجەم بازارەکانی وزە و سیاسەت و پیشەسازی وزە دەگەیەنێت. بۆیە ڕووسیا ئامادەیە هاوکاری بازارەکانی جیهان بکات و ڕێگری لە دروستبوونی هەر قەیرانێک تری لەو چەشنە بکات.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment