بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەی راوێژکاری ئەنجام دەدات کوردستانی

نوچەنێت-تایبەت

کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیپێکرد و تێیدا گفتوگۆ لە بارەی شکستی بزووتنەوەی گۆڕان دەکرێت.

رۆژی ١٠-١٠-٢٠٢١، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجامدرا، هیچ بەربژێرێکی بزووتنەوەی گۆڕان سەرکەوتنی بە دەستنەهێنا.

دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە زانرا، کە هیچ بەربژێرێکی بزووتنەوەی گۆڕان نەیتوانیوە دەنگی پێویست بە دەستبهێنێت. خانەی راپەڕاندنی ئەم بزووتنەوەیە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو تێیدا گوتیان" بەرپرسیارێتی ئەم شکستە لە ئەستۆ دەگرین و بە زووترین کات گۆڕانکاری ریشەیی ئەنجام دەدەین".

وێڕای ئەم بەیاننامەیەش ئەندام و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان، داوای دەستلەکارکێشانەوەی رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە و خانەی راپەڕاندن دەکەن، پێیانوایە ئەم ستافە ناتوانن گۆڕانکاری ریشەیی ئەنجام بدەن.

هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە نوچەی راگەیاند" ئێمە پێمانوایە ئەم ستافە هۆکاری شکستی بزووتنەوەی گۆڕانن، چونکە لەم ئامانجە لایداوە کە کاک نەوشیروان گۆڕانی بۆ دامەزراند".

دوا بە دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان و راگەیاندنی بەیاننامەیەک لە لایەن خانەی راپەڕاندنەوە، زۆرێک لە ئەندام و لایەنگرانی گۆڕان نوسیویانە" جەماوەری گۆڕان هوشیارە بۆیە ئەم گروپەی سزادا کە سەرکردایەتی گۆڕان دەکەن و ئەمجارە متمانەیان پێنەدانەوە".

سەبارەت بە رازیبوونی عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە و خانەی راپەڕاندن بە دەستلەکارکێشانەوەیان، هەڵسوڕاوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی" پێموایە ناچارن بەم داواکارییە رازی بن بە پێچەوانەوە دەبێتە کۆتایی بزووتنەوەکە".

ئەمڕۆ خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکە بە مەبەستی"راوێژکاری" کۆبوونەوەو بڕیاریشە سبەی جڤاتی نیشتیمانی کۆببنەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین