به‌ به‌راورد به‌ حكومه‌ته‌كانى تر.. پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت سه‌خترین ده‌بێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا به‌راورد له‌نێوان پێكهێنانى حكومه‌ته‌كان ده‌كات و ده‌ڵێ، "پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت له‌ كابینه‌ى یه‌كه‌م ئاسانترین و له‌ كابینه‌ى داهاتوو سه‌خترین ده‌بێت".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ حه‌وتى تشرینى یه‌كه‌م، رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا به‌راورد له‌نێوان پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ته‌كان ده‌كات و روونى ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ دواى هه‌ڵبژاردن پرۆسه‌كه‌ زه‌حمه‌تتر ده‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌م جاره‌ به‌و ئاسته‌ ئاڵۆزه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ ناتوانرێت پێشبینیشى لێ بكرێت.

شه‌رق ئه‌وسه‌ت پێكهێنانى یه‌كه‌م كابینه‌ى حكومه‌تى عێراق به‌ ئاسانترین پرۆسه‌ وه‌سف ده‌كات، چونكه‌ ئه‌و كات سه‌ركرده‌ى یه‌كه‌مى حزبه‌كان راسته‌وخۆ له‌ناو پرۆسه‌ى سیاسى بوون، بۆیه‌ ده‌كرا پێشبینى بكرێت كه‌ كێ ده‌بێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران.

وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ تێگه‌یشتن له‌نێوان لایه‌نه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كات حزبى ده‌عوه‌ ته‌نیا 12 كورسى هێنا بوو، ئه‌نجوومه‌نى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى 30 كورسى هێنا بوو، كه‌چى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت به‌ ده‌عوه‌ درا.

به‌ بڕواى راپۆرتى رۆژنامه‌كه‌ له‌ دوو هه‌ڵبژاردنى دواتر 2010 و 2014 ده‌زانرا ركابه‌رى توند له‌نێوان كێیه‌، ئه‌یاد عه‌لاوى و نوورى مالیكى بوو. به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنى چواره‌م 2018 پرۆسه‌كه‌ ئاڵۆز بوو، ئه‌و كاته‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى دوور له‌ پێشبینیه‌كان بوو به‌ سه‌رۆكى حكومه‌تى عێراق و دواتریش له‌ كانوونى یه‌كه‌مى 2019 له‌ژێر فشارى خۆپێشانده‌ران ده‌ستى له‌كار كێشایه‌وه‌.

له‌كۆتایى راپۆرته‌كه‌ پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌كرێت دواى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى عێراق پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت ئاڵۆز بێت و نه‌توانرێت پێشبینى و خوێندنه‌وه‌ى بۆ بكرێت، ئه‌مه‌یش به‌ چه‌ند هۆكارێك یه‌كه‌م سیسته‌مى هه‌ڵبژاردن فره‌بازنییه‌یه‌، دووه‌م ناڕه‌زاییه‌كى زۆر له‌ناو خه‌ڵك هه‌یه‌، له‌وانه‌یه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر كاندیدى سه‌ربه‌خۆ ده‌ربچن، جگه‌ له‌مه‌یش ركابه‌رییه‌كى توند له‌نێوان لایه‌نه‌ دێرێنه‌كان هه‌یه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین