عێراق 10 ملیار تۆن یه‌ده‌گى فۆسفاتى هه‌یه‌ کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ له‌ به‌دواداچوونێكدا ئاشكراى ده‌كات، عێراق بڕى 10 ملیار تۆن یه‌ده‌گى فۆسفاتى هه‌یه‌ و ده‌توانێ له‌م ماده‌یه‌ زیاتر له‌ تریلیۆن دۆلار داهاتى بێت.

دوێنێ شەشی تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ به‌دواداچوونێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌باره‌ى ماده‌ى فۆسفات له‌ عێراق كراوه‌. تێیدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ عێراق له‌سه‌ر ئاستى جیهان به‌ دووه‌م وڵات داده‌نرێت له‌ یه‌ده‌گى فۆسفاتدا.

وڵاتى مه‌غریب به‌ پله‌ى یه‌كه‌م دێت كه‌ 70% یه‌ده‌گى فۆسفاتى هه‌یه‌، دواى ئه‌و عێراق دێت كه‌ 9% یه‌ده‌گى فۆسفاتى جیهانى هه‌یه‌، دواتر چین به‌ 5% و هه‌ر یه‌كه‌ له‌ سووریا و جه‌زائیر به‌ 3% و رووسیا و باشوورى ئه‌فریقیا و ئه‌مریكا و میسڕ و ئوردن هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ 2% ، پیرو به‌ 1% له‌ یه‌ده‌گى فۆسفات دێن. 

به‌گوێره‌ى ئه‌و ئاماره‌ فه‌رمیانه‌ له‌ عێراق هه‌یه‌، یه‌ده‌گى فۆسفات له‌ عێراق به‌ 10 ملیار تۆن مه‌زنده‌ ده‌كرێت و ده‌توانرێت له‌ رووى ئابوورییه‌وه‌ داهاتێكى زۆر به‌ عێراق بدات، به‌ڵام وه‌ك به‌رپرسان و شاره‌زایانى كه‌رتى پیشه‌سازى كیمیاگه‌رى باسیان كردووه‌، ئه‌و سه‌رچاوه‌ى داهاته‌ فه‌رامۆش كراوه‌ و ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌یه‌كى سنووردار سوودى لێبینراوه‌، ئه‌ویش به‌رهه‌مهێنانى په‌ینى كیمیاییه‌.

فوئاد دوجه‌یلى ئه‌ندازیارى راوێژكار مه‌زنده‌یه‌كى بۆ داهاتى فۆسفات كردووه‌ و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووە له‌ هه‌شته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو به‌رهه‌مى ساڵانه‌ى په‌ین گه‌یشتووه‌ته‌ ملیۆن تۆن، له‌ شوباتى رابردووه‌وه‌ نرخى تۆنێك فۆسفاتى خاو گه‌یشتووه‌ته‌ 152 دۆلار، به‌ڵام ئه‌گه‌رهاتوو فۆسفاتى عێراق به‌ 140 دۆلار بۆ تۆنێك مه‌زنده‌ بكرێت، ئه‌وا یه‌ده‌گى عێراق كه‌ 10 ملیاره‌، به‌هاكه‌ى ده‌كاته‌ تریلیۆنێك و 400 ملیار دۆلار.

دوجه‌یلى روونى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر تواناى به‌رهه‌مهێنانى فۆسفات زیاد بكرێت، بۆ تێكڕایى ساڵانه‌ى 100 ملیۆن تۆن و هه‌ر تۆنێك به‌ 140 دۆلار بفرۆشێت، عێراق ساڵانه‌ 14 ملیار دۆلارى ده‌ستده‌كه‌وێ كه‌ ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌یه‌ش 9% تا 12% ى بودجه‌ى گشتى عێراق پێكده‌هێنێ.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین