بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ هه‌ڵبژاردنی عێراق به‌شداره‌ و چاوی له‌ گۆڕینه‌وه‌ی ده‌نگه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت: لاڤین عومه‌ر

هه‌رچه‌نده‌ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بایکۆتکردنی هه‌ڵبژاردنی عێراقی ڕاگه‌یاند، به‌ڵام ده‌رکه‌وت که‌ به‌ کاندیدێکه‌وه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌که‌ ده‌کات، په‌رله‌مانتارێکی پێشووی ئه‌و حیزبه‌یش، ئۆفه‌ری گۆڕینه‌وه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانییان، ده‌خاته‌ به‌رده‌م حیزبه‌ سیاسییه‌کانی تر.

ڕۆژی (6/ئایار/2021) عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز ڕابه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی کوردستان، له‌ کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانییدا، بایکۆتكردنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ڕاگه‌یاند، پاساوی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی بۆ ئه‌و بایکۆته‌، هه‌بوونی گزی و ته‌زویرات بوو، ئه‌وان پێیانوابوو پێش هه‌ڵبژاردن، نه‌خشه‌ی داهاتووی عێراق دیاری کراوه‌، بۆیه‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌یان به‌ گوماناوی وه‌سف کرد و گریمانه‌ی ئه‌وه‌یشییان کرد، پرۆسه‌که‌ له‌ خه‌ش و گزیکردنێکی زۆر به‌ دوور نابێت، به‌ڵام ئێستا که‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن نزیکبووه‌ته‌وه‌، ده‌رکه‌وت ئه‌و حیزبه‌ به‌ کاندیدێک له‌ پارێزگای که‌رکووک له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ به‌شداره‌ و ده‌یه‌وێت ده‌نگی ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌ له‌ بازنه‌کانی تری کوردستان، به‌ ده‌نگی پارێزگای که‌رکووک بگۆڕێته‌وه‌ و ده‌رچوونی ئه‌و كاندیده‌ مسۆگه‌ر بكات. 
ئاری عه‌بدولله‌تیف په‌رله‌مانتاری پێشووی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، له‌ په‌رله‌مانی کوردستان، له‌ پۆستێکدا که‌ له‌ ئه‌کاونتی خۆی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوک بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌، به‌شداریکردنی حیزبه‌که‌ی له‌ هه‌ڵبژاردن ئاشکرا ده‌کات، باس له‌وه‌یش ده‌کات، هه‌ر لایه‌نێک هاوکار و ده‌سباری ئه‌و کاندیده‌ بکات بۆ ده‌رچوونی، ئه‌وا بزووتنه‌وه‌ له‌ بازنه‌کانی تری کوردستان، به‌ گوێره‌ی ڕێکه‌وتنێک ده‌نگ به‌ کاندیدانی ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌ده‌ن.
ئه‌گه‌رچی ئاری عه‌بدولله‌تیف ڕایگه‌یاند، حه‌سه‌ن شێخانی ته‌نیا که‌سایه‌تییه‌کی بزووتنه‌وه‌یه‌، که‌ وه‌ک مامۆستایه‌کی زانکۆ و چالاکوانێک له‌ بازنه‌ی دووی شاری که‌رکووک خۆی کاندید کردووه‌، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌کانی نوچه‌نێت، حه‌سه‌ن شێخانی ئه‌ندامی شورا و به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی که‌رکووکی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامییه‌، پێشتریش ئه‌و ده‌نگۆیه‌ی بڵاوکرده‌وه‌، که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێکراوه‌.
حه‌سه‌ن شێخانی هه‌ڕه‌شه‌ لێكردنییه‌وه‌، به‌ میدیاکانی ڕایگه‌یاندبوو، له‌ پێناو کشانه‌وه‌ له‌ خۆکاندیدکردن و ڕه‌خنه‌ نه‌گرتن له‌ ئیداره‌ی شاره‌که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێکراوه‌، به‌ڵام وه‌ک خۆی گوتوویه‌تی: ئه‌و سوره‌ له‌سه‌ر خۆکاندیدکردن و ناکشێته‌وه‌.
له‌ لایه‌کی تره‌وه‌، که‌مال زراری ئه‌ندامی شورای بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، به‌ نوچه‌نێتی ڕاگه‌یاند، تا ئێستا حیزبه‌که‌ی له‌سه‌ر بڕیاری بایکۆتكردنی هه‌ڵبژاردن سووره‌ و ده‌نگ به‌ کاندیدی هیچ لایه‌نێک ناده‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش جگه‌ له‌ بایکۆت، هیچ بڕیارێکی نوێ له‌ لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامییه‌وه‌ نه‌دراوه‌.
ڕۆژی (6/ئایار/2021) عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز له‌ کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانییدا، بایکۆتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ڕاگه‌یاند، هه‌ر له‌و کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌دا گوتی: "لە ئێستادا نەخشەی ئەنجامی هەڵبژاردن روونەو دیارەو پۆستەکانیش دیاریکراوە".
 

 

حه‌سه‌ن شێخانی، كاندیدی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، له‌ شاری كه‌ركووك

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین