یاری ڕووسیا لە سووریا ... لە هاوکاری مرۆییەوە بۆ لادانی یاسای قەیسەر شیکاری ئابوری

نوچەنێت

ڕووسیا لە پێناو گۆڕینی هاوکێشە سیاسی و ستراتیژیەکانی رووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کارتی داخستنی سنوورەکانی سووریای بۆ تێپەڕبوونی هاوکارییە مرۆییەکان بەکارهێنا، بۆ ناچارکردنی وڵاتانی دراوسێی سووریا بۆ ئاسایکردنەوەی پێوەندەیکانیان لەگەڵ بەشار ئەسەد و ڕێگەدان بە تێپەڕبوونی هێلی گازی عەرەبی بە ئاگاداربوون و سەرپەرشتی رووسیا

تێپەڕبوونی کاروانی هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سنوورە کێشە لەسەرەکانی باکووری ڕۆژئاوای سووریا، شانۆییەکی تازە بۆ گفتوگۆییەکانی وڵاتانی دراوسێ لەگەڵ سووریا و دووبارە ئاسایکردنەوەی پێوەندیەکان دەهێنێتەوە ئاراوە.

هۆکاری سەرەکی پشت ڕێگەپیدانی ڕووسیا بۆ دەربازبوونی ئەو کاروانانەی هاوکاری بۆ نێو خاکی سووریا، دوای بڕیاری داخستنی سنوورەکانی سووریا بەدەم هاوکارییە مرۆییەکانی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامانجەکانی مۆسکۆ و پووتین بوون بۆ دووبارە ئاسایکردنەوەی پێوەندیەکانی وڵاتانی دراوسێ لەگەڵ سووریا  و لادانی یاسای قەیسەر لە پێناو بوژانەوەی ئابووری سووریا بە روونی ئاشکرا دەکات .

لە ڕێککەوتی 31/8/2021، ڕێگایە سنووریەکانی نێوان هيئة تحرير الشام (HTS) و حکوومەتی سووریا کرانەوە، بە مەیش کاروانەکانی هاوکاری لە ڕێگەی حکوومەتی سووریا و گوندی میرناز (رۆژئاوای حەلەب) گەیشتنە ئەو ناوچانەی کەلە ژێر کۆنترۆلی سووریادا نین (ڕۆژهەڵاتی حەلەب).

لەوکاتەدا حکوومەتی سووریا، لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند" ئەو هاوکاریانە لە چوارچێوەی هاوکاریەکانی رێکخراوی خۆراکی جیهانی (WFP)ـین کە لەڕێگەی دەروازەی (باب الهوى)ــی سنووری هاوبەشی نێوان سووریا و تورکیاوە هاتوونەتە ناو خاکی سووریا.

داخستنی سنوورەکانی سووریا لە پێناو ئاسایکردنەوەی پێوەندیەکان

پلان و بەرنامەی ڕووسیا بۆ داخستنی سنوورەکانی سووریا و ڕێگەنەدان بۆ تێپەڕبوونی هاوکارییە مرۆییەکان، ئامانجی رووسیا بوو بۆ هاتنەوەی سەرجەم ئاراستە و جولە وڵاتانی دراوسێ، بۆ دووبارە مامەڵەکردن لەگەڵ سووریا و ئاسایکردنەوەی پێوەندیەکانیان لەگەڵ بەشار ئەسەد و دابەشکردنی هەر هاوکاریەکی دەرەوەیە لە ڕێگەی حکوومەتی سووریا، تەنانەت ئەو ناوچانەی کەلەژێر کۆنترۆلی حکوومەتی بەشار ئەسەدیش دا نین.

ڕووسیا لە پێناو گەیشتن بەو ئەنجامە، بە بڕیارێکی ڤیتۆ، هەرسێ دەروازەکانی باب السلامة وباب الهوى(سنووری تورکیاو سووریا) اليعربية(سنووری عێراق و ڕۆژئاوای کوردستان)  والرمثا(سنووری ئوردن وسووریا)ــی داخستن، ئامانجی سەرەکی ڕووسیا لەو بڕیارە، ڕێگریکردن بوو لە تێپەڕبوونی  هێڵی گازی عەرەبی لە میسرەوە بۆ تورکیا و هاوکات بریاروابوو. لە ڕیگەی سنورەکانی عێراقەوە بێ ڕووسیا، ‌هێلی گازی ئێران و عێراق سووریا بگەینرێتەوە هەمان هێل، بەڵام ڕێگریەکانی مۆسکۆ، ئەو پلانەی شکست پێهێنا و لە ئەنجامدا ئەمریکا یاسای قەیسەری بەسەر سووریادا سەپاند و سزا و ئابلوقەی ئابووری خستە سەر سووریا.

دوای ڕێککەوتنی ڕووسیا و ئەمریکا و ڕێگەدان بە تورکیا بۆ داگیرکردنی بەشێک لە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی کوردی و هاوکات کۆنترۆلکردنەوەی بەشێکی زۆری خاکی سووریا لە لایەن حکوومەتی بەشار ئەسەدەوە، دووبارە ڕێگەی بۆ رووسیا خۆشکرد، بۆ ئەوەی بە کارتی هاوکارییە مرۆییەکان و  کردنەوەی سنوورەکان، وڵاتانی دراوسێ ی سووریا ناچار بکات پێوەندیەکانیان لە گەڵ بەشار ئەسەد ئاسای بکەنەوە. لە ماوەی رابردوودا هەریەکە لە وڵاتانی ئیمارات، بەحرەین، سعوودیە، ئوردن، جوڵەی سیاسەتەکانیان لەگەڵ سووریا گۆری، تا ئاستێک، دوای سەردانەکەی شا عبدوڵای ئوردن  بۆ ئەمریکا ، پاشای ئوردن بە فەرمی داوای لە ئەمریکا کرد دووبارە دەستبکرێتەوە بە پرۆژەی هێلی گازی ئوردن بۆ سووریا و لوبنان، ئەمەیش بە واتای هەڵگرتنی سزای قەیسەر دێت بۆسەر ولاتی سووریا.

بە مانایەکی تر، دوای تێپەڕبوونی کاروانە مرۆییەکان بۆ ناوخاکی سووریا لە رێگەی دەروازەی باب الهوى(سنووری تورکیاو سووریا)، و بەڕەزامەندی ڕووسیا،  ئەوا لە قۆناغی دووەم ڕووسیا داوای لادانی سزایەکانی قەیسەر لە ئەمریکا و وڵاتانی هەرێمی ناوچەکە  دەکات.

هاوکارییە مرۆیەکان و ئاسایش و ئابووری سووریا

لە تەمووزی 2014، ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە مەبەستی هاوکاریکردنی سووریا، بە بڕیاری 2165،هەرسێ ڕێگا سنووریەکانی (باب الهوى، اليعربية، اليعربية)ــی خستە پلانی خۆی بۆ هەناردەکردنی هاوکاریەکان  بۆ ناو خاکی سووریا، بەڵام بە گوێرەی بڕگەی 2 و3 ی یاساکە، ئەو هاوکاریانە تا مانگی یەکی 2022 درێژ دەکرێتەوە، لێ ئەوەی بووە جێگەی سەرنجی میدیا و ناوەندەکانی توێژینەوە، بڕیاری دووبارە درێژکردنەوەی هاوکاریەکان بوو تا 10 تەمووزی 2022. 

لەو ڕێگەیەوە لە کۆبوونەوەی داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکان، رووسیا دەتوانێت کاری هاوکاریە مرۆیەکان وەک دەرگایەک بۆ کردنەوەی پێوەندیە دیپلۆماسیەکان و لادانی یاسای قەیسەر بخاتە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێگە بدات بە تێپەڕبوونی هەر هاوکاریەک لە  رێگەی حکوومەتی بەشار ئەسەد، بێ ئەوەی توشی گرفتی ئەمنی ئابڵوقەی ئابووری ببێت.

لەو بارەیەوە ئاژانسی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران، لە راپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە، لە کۆی 189 داواکاری بۆ تێپەڕبوونی هاوکاریەکان لە سنوورەکانی سووریا، حکوومەتی بەشار ئەسەد 93 داواکری قەبوڵکردووە.

لە لایەکی تر حکوومەتی سووریا سوود لە هاتنی ئەو هاوکاریانە وەردەگرێت  لە فرۆشتنەوەی ئەو هاوکاریانە بە هێزەکانی باکووری ڕۆژئاوای سووریا، لە جیاتی کرینی پێداویستیەکانیان لە حکوومەتی تورکیا، ئەمەیش داهاتێک بۆ سووریا دابین دەکات لە کاتی گۆڕینەوەی مامەڵەی دراوی.

هۆکاری قازانجی سوریا لەو پرۆسەیە، تەخمینکردنی نرخی لیرەیە بە 2500 لیرە بۆ هەر دۆلارێک لەگەل ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ، لە کاتێکدا نرخی لیرە 3500 بۆ هەر دۆلارێک.

لە کۆتایشدا، گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان لە لایەن سووریاوە دەبێتە هۆی زیادبوونی هەژموونی حکوومەتی بەشار ئەسەد بەسەر لایەن ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا و جێبەجێکردنی خواستەکانی رووسیا بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لە گەڵ وڵاتانی هەرێمی.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین