جه‌مال كۆچه‌ر : ده‌بووایه‌ حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵاتیش كاندیدى تاكه‌كه‌سییان هه‌بووایه‌ کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

جه‌مال كۆچه‌ر په‌رله‌مانتارى كورد له‌ عێراق كه‌ سێیه‌م جاره‌ خۆى بۆ په‌رله‌مانى عێراق كاندید ده‌كات، دوو جاریش براوه‌ بووه‌، له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت ده‌ڵێ، "ده‌بووایه‌ پارته‌كانى ده‌سه‌ڵاتیش كاندیدى سه‌ربه‌خۆیان هه‌بووایه‌".

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، نزیكه‌ى 800 كاندیدى سه‌ربه‌خۆ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ى په‌رله‌مانى عێراق هه‌یه‌ و 40 كه‌س له‌و كاندیدانه‌ ئێستا و پێشتر په‌رله‌مانتار بوون، كه‌ جه‌مال كۆچه‌ر یه‌كێكیانه‌، پێشتر دووجارى تر له‌سه‌ر لیستى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان بووه‌ته‌ په‌رله‌مانتارى عێراق.

له‌كاتێكدا گومان له‌وه‌ ده‌كرێت كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆكان نه‌توانن له‌به‌رانبه‌ر كاندیدى حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات و هاوپه‌یمانییه‌ گه‌وره‌كان بوه‌ستن، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ یه‌كى ئه‌یلوول جه‌مال كۆچه‌ر له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت گوتى، "ئەگەر متمانەمان بەخۆ نەبووایه‌، خۆمان کاندید نەدەکرد. لەو بڕوایەداین دەردەچین چونکە خەڵك ئێمە دەناسێت و ئەوانیش ئێمە دەناسن. به‌ڵام ئه‌گه‌رهاتوو حزبە گەورەکان فشار لەسەر خەڵك نەکەن و تەزویر نەکەن نفوسی ساختە بەکار نەهێنن و یاخود خەڵکان نانبڕ نەکەن".

سه‌باره‌ت به‌ زۆرى ژماره‌ى كاندیدى سه‌ربه‌خۆ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ جه‌مال كۆچه‌ر به‌ دیارده‌یه‌كى سروشتى ده‌زانێ و چونكه‌ پێیوایه‌ ئه‌مه‌ بنه‌ماى یاساكه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێ، "ده‌بووایه‌ حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵاتیش كاندیدى سه‌ربه‌خۆیان هه‌بووایه‌، چونكه‌ ئه‌سڵى ئه‌و یاسایه‌ پێى ده‌گوترێ، كاندیدبوونى تاكه‌كه‌سى، واته‌ ده‌نگده‌ر ده‌نگ به‌ به‌ربژێر ده‌دات نه‌وه‌ك لیسته‌كه‌".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین