بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی: لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان، بۆ نیو كورسی، له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات رێككه‌وتوون کوردستانی

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

ئه‌ندامێكی شورای بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی ڕایگه‌یاند، حیزبه‌كه‌ی له‌ باره‌ی بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی عێراقه‌وه‌، بڕیارێكی دروستی داوه‌، ڕه‌خنه‌ له‌ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی كوردستانیش ده‌گرێت، كه‌ له‌ پێناو كورسیدا، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ڕێككه‌وتوون.

یه‌كشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی (30/ئاب/2021)، كه‌مال زراری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شورای بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی‌ كوردستان، به‌ (نوچه‌نێت)ی ڕاگه‌یاند، حیزبه‌كه‌ی سووره‌ له‌سه‌ر بڕیاری بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و لێی پاشگه‌ز نابێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌و ئاماژه‌ی پێدا، ئه‌و بڕیاره‌یش له‌دوای شیكردنه‌وه‌ی بارودۆخی عێراقه‌وه‌ هات و له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یشدا، درووشمی بایكۆت به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی شورای بزووتنه‌وه‌، گومانی حیزبه‌كه‌ی له‌ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌شارده‌وه‌ و پێیوایه‌، پێش هه‌ڵبژاردن، نه‌خشه‌ی داهاتووی عێراق دیاری كراوه‌، بۆیه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی به‌ گوماناوی وه‌سف كرد و گریمانه‌ی ئه‌وه‌یشی كرد، پرۆسه‌كه‌ له‌ خه‌ش و گزیكردنێكی زۆر به‌ دوور نابێت.
كه‌مال زراری ڕه‌خنه‌ له‌ حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی كوردستان ده‌گرێت و پێیوایه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی دروشم و بۆچوونه‌كانی پێشوویانه‌وه‌ ده‌جوڵێنه‌وه‌، ئه‌و زیاتر گوتی:"هەندێک حیزب بە تایبەت لە کوردستان کە ڕۆڵی ئۆپۆزۆسیۆنیان ئەبینی و گلەیی زۆریان لە حزبە دەستەڵاتەکان ئەگرت، ئێستا بۆ کورسی و نیو کورسی کەوتوونەتە ڕێکەوتن لەگەڵ حزبە دەستەڵاتدارەکان و ئامادەن لەم پێناوەدا دەنگیان بخەنە پاڵ دەنگی ئەم حزبانە، کە ئەمەش بەڕاستی تەواو پێچەوانەی ئەو هاشوو هووشەیە کە خەڵکیان پێ چەواشە ئەکرد".
ئەندامەکەی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی، گوتیشی:"لەم پڕۆسەیەدا ئەگەر لەگەڵ هەردەنگێک چاودێرێکت نەبێت٫ ئەگەری لەدەستدانی گەلێک زۆر٫ە بەهۆی تەزویری زۆرەوە، بۆیە دوای دیراسەکردن لەم قۆناغەدا٫ بایکۆتکردنمان بە باشترین بژاردە زانی".
ڕۆژی (6/ئایار/2021) عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانییدا، بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ڕاگه‌یاند، به‌ گوته‌ی كه‌مال زراری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شورای بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی، ئه‌و بڕیاره‌ به‌ ته‌نیا تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌ كاتی نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، بزووته‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و دیراسه‌ی ده‌كات و بڕیاری گونجاوی خۆی ده‌دات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین