ئه‌ردۆغان داواى هاوكارى له‌ كازمى ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ئه‌نجام داوه‌ و باسى په‌كه‌كه‌ى له‌ مه‌خموور و شنگال كردووه‌ و داواى هاوكارى زیاترى له‌ كازمى كردووه‌.

ئاژانسى ئه‌نادۆڵى توركى بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، شه‌وى رابردوو 21ى ئاب ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان په‌یوه‌ندییه‌كى له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمى ئه‌نجام داوه‌ و به‌گوێره‌ى راگه‌یێندراوێكى نووسینگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى سه‌رۆكایه‌تى توركیا، ئه‌ردۆغان دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ ده‌بێت عێراق و توركیا په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى "تیرۆر" زیاد بكه‌ن.

ئه‌ردۆغان به‌ كازمى راگه‌یاندووه‌، چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌ر دوو ناوچه‌ى مه‌خموور و شنگال زیاتر بڵاو ده‌بنه‌وه‌ كه‌ هه‌ر دوو ناوچه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى هێزه‌كانى حكومه‌تى عێراق دایه‌.

سه‌باره‌ت به‌ دوو هێرشه‌كه‌ى هه‌فته‌ى رابردوو ئه‌ردۆغان به‌ كازمى ده‌ڵێ، "توركیا وه‌ك پێشتر ته‌نیا په‌كه‌كه‌ ده‌گاته‌ ئامانج و خه‌ڵكى سڤیل ناكاته‌ ئامانج" بۆیه‌ ره‌تى ده‌كاته‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كى شنگال كرابێته‌ ئامانج و ئه‌مه‌ به‌ "درۆى په‌كه‌كه‌" ناو ده‌بات.

تا ئێستا هیچ راگه‌یێندراوێكى فه‌رمى عێراق له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ى نێوان كازمى و ئه‌ردۆغان بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.

له‌وه‌ته‌ى مسته‌فا كازمى له‌ مانگى ئایارى 2020 بووه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق حكومه‌تى توركیا له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وام دایه‌ بۆئه‌وه‌ى كازمى رازى بكات و رێگه‌ به‌ توركیا بدات ئۆپراسیۆنێك له‌ دژى شنگال به‌ بیانووى ده‌ركردنى هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌ ئه‌نجام بدات.

دوێنێ مه‌حما خه‌لیل قایمقامى شنگال له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت رایگه‌یاند، "بارودۆخى شنگال خراپه‌ و به‌رگه‌ى ململانێیه‌كانى په‌كه‌كه‌ و توركیا ناگرێت" مه‌حما خه‌لیل دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ پاراستنى شنگال له‌ ئه‌ستۆى حكومه‌تى عێراق دایه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین