حه‌شدى شه‌عبى له‌ توونس داده‌مه‌زرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رێكخراوێك له‌ توونس به‌ ناوى "حه‌شدى شه‌عبى توونسى" داده‌مه‌زرێت، ئه‌مه‌یش نیگه‌رانى له‌ ناوه‌نده‌ سیاسییه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ دروست ده‌كات، گومانى ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندى به‌ میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى عێراق و پڕۆژه‌كانى ئێرانه‌وه‌ هه‌بێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 15ى ئاب رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید له‌ راپۆرتێكدا باس له‌و رێكخراوه‌ سیاسییه‌ ده‌كات كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ مشتومڕى له‌ ناوه‌نده‌ سیاسییه‌كانى توونس دروست كردووه‌.

ئه‌و رێكخراوه‌ ناوى"حه‌شدى شه‌عبى توونسى"یه‌، وه‌ك له‌ لۆگۆى لایه‌نه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت ره‌نگه‌كانى لۆگۆى حه‌شدى شه‌عبى دووباره‌ كراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ناوه‌نده‌ سیاسییه‌كان له‌وه‌ ده‌ترسن ئه‌مه‌ هاوشێوه‌ى حه‌شدى شه‌عبى عێراق پڕۆژه‌یه‌كى ئێرانى بێ و بارودۆخى توونس ئاڵۆزتر بكات.

به‌ پێچه‌وانه‌ى لایه‌نه‌كانى تر حه‌شدى شه‌عبى توونسى پاڵپشتى له‌و بڕیارانه‌ ده‌كات كه‌ قه‌یس سه‌عیدى سه‌رۆك كۆمارى توونس داویه‌تى، به‌ تایبه‌تى سڕكردنى په‌رله‌مان و له‌كارخستنى حكومه‌ت.

جیا له‌مه‌یش ده‌گوترێت سه‌ركرده‌كانى حه‌شدى شه‌عبى توونسى سه‌رسامن به‌ بیرى "جه‌ماوه‌رى" كه‌ موعه‌مه‌ر قه‌زافى سه‌رۆكى پێشووترى لیبیا بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كرد.

مونسیف وحێشى گوته‌بێژى حه‌شدى شه‌عبى توونسى ره‌تی ده‌كاته‌وه‌، په‌یوه‌ندییان به‌ حه‌شدى شه‌عبى عێراقییه‌وه‌ هه‌بێت و ده‌ڵێ، "لۆگۆى ئێمه‌ چه‌كى تێدا نییه‌" جیا له‌وه‌یش باس له‌وه‌ ده‌كات ته‌نیا لێكچوونى ناوه‌، هۆكاره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان خۆیان له‌ به‌كارهێنانى وشه‌ى "حزب" و "حه‌ره‌كه‌" به‌ دوور گرتووه‌ بۆیه‌ وشه‌ى "حه‌شد" به‌كارده‌هێنن.

ئه‌وه‌ى له‌ هه‌موو شتێك زیاتر جێگه‌ى سه‌رنج بێت حه‌شدى شه‌عبى توونسى ده‌ڵێ، "بڕوامان به‌ راپه‌ڕینه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى نییه‌ و پێمانوایه‌ پڕۆژه‌یه‌كى زایۆنیزمى بووه‌ ئامانج لێدانى ئیسلام و یه‌كێتى عه‌ره‌به‌".
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین