رێگه‌ نه‌درا ئه‌نبار بخرێنه‌ ناو ململانێیه‌كانه‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

خه‌ڵكى ئه‌نبار له‌وه‌ سه‌ركه‌وتن رێگه‌ به‌ گرووپێك نه‌ده‌ن بچێته‌ شاره‌كه‌وه‌ و خۆپیشاندان بكه‌ن، موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در شه‌وى رابردوو له‌ تویتێكدا ئه‌نبارییه‌كان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و خۆپيشاندانه‌ى ده‌كرێت بۆ ئاژاوه‌ى تایفه‌گه‌رییه‌.

دوێنێ هه‌ینى 13ى ئاب رێگه‌ به‌ خۆپیشاندانێك نه‌درا له‌ناو ئه‌نبار به‌ڕێوه‌ بچێت، خه‌ڵكى شاره‌كه‌ له‌ چه‌ند به‌یاننامه‌یه‌كى جیاواز روونیان كرده‌وه‌ ئه‌وان رێگه‌ به‌ میوان ده‌ده‌ن، به‌ڵام رێگه‌ به‌ هیچ كه‌سێك ناده‌ن به‌ ناوى خۆپیشاندان روو له‌ شاره‌كه‌ بكات. چونكه‌ شاره‌كه‌یان تازه‌ له‌ جه‌نگ ده‌ربازى بووه‌، بۆیه‌ رێگه‌ناده‌ن هیچ كه‌سێك ئارامى و سه‌قامگیرى شاره‌كه‌یان تێكبدات.

ئه‌مه‌ دواى ئه‌وه‌ هات كه‌ رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو گرووپێك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرای كرد رۆژى هه‌ینى ده‌چنه‌ ئه‌نبار خۆپیشاندانێك له‌ دژى گه‌نده‌ڵى ده‌كه‌ن، گرووپه‌كه‌ به‌ناوى "ئه‌حرار عێراق" خۆى ناساندووه‌، گوایه‌ په‌یوه‌ندى به‌ راپه‌ڕینه‌كه‌ى تشرینه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام چه‌ند میدیایه‌كى عه‌ره‌بى و عێراق گومان له‌ ناوه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كى دیارى سوننه‌یه‌ بەپه‌له‌ گه‌یشتووه‌ته‌ فه‌لووجه‌ و داواى كردووه‌ رێگه‌ نه‌درێت خۆپیشاندان له‌ ئه‌نبار بكرێت.

هاوكات دوێنێ ناسر غه‌نام فه‌رمانده‌ى ئۆپراسیۆنه‌كانى ئه‌نبار رایگه‌یاندووه‌، رێگه‌ نه‌دراوه‌ له‌ ئه‌و گرووپه‌ بچنه‌ ناو شاره‌كه‌ و هه‌وڵه‌كه‌یان شكستى هێناوه‌.

شه‌وى رابردوو موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى سه‌در توتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و هۆشدارى داوه‌ له‌وه‌ى خۆپیشاندان له‌ ئه‌نبار بكرێت. موقته‌دا سه‌در ده‌ڵێ، "هه‌وڵى خۆپیشاندان له‌ ئه‌نبار له‌لایه‌ن هه‌ندێك نه‌زانه‌وه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ ئاژاوه‌ى تایفه‌گه‌رى بۆئه‌وه‌ى سیاسییه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان پێى بژین، ده‌ڵێم ئاژاوه‌كه‌ خه‌وتووه‌ نه‌فره‌تى خوا له‌و كه‌سه‌ى به‌ئاگاى ده‌هێنێته‌وه‌".

له‌دواى راپه‌ڕینه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى له‌ 2012 خۆپیشاندان و مانگرتنێكى گه‌وره‌ له‌ ئه‌نبار و شاره‌ سوننیه‌كان ئه‌نجام درا، ئه‌و كات كه‌ نوورى مالیكى سه‌رۆك حكومه‌تى عێراق بوو به‌ هێز كۆتایى به‌ خۆپیشاندانه‌كان هێنا و به‌ سه‌دان كه‌سى ده‌ستگیر كرد، ئه‌مه‌یش ئاژاوه‌یه‌كى گه‌وره‌ى لێكه‌وتووه‌ و دواتر شارى ئه‌نبار له‌ هاوینى 2014 كه‌وته‌ ده‌ست تیرۆریستانى داعش.

چاودێرانى سیاسى پێیانوایه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ململانێیه‌كانى خۆیان  جارێكى تر بخه‌نه‌ شاره‌كه‌، بۆیه‌ ئه‌و هۆشدارییه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانى عێراقه‌وه‌ ده‌درێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین