بى بى سى: خۆپیشاندانه‌كانى ئێران هه‌لێكه‌ بۆ كورد کوردستانی

نوچه‌نێت

ئاژانسى بى بى سى راپۆرتێكى درێژى له‌سه‌ر مێژووى خه‌باتى كوردانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ى ئێستاى ئێران به‌ هه‌لێك ناوده‌بات كه‌ كورد ده‌یه‌وێ له‌میانه‌یاندا شووناسى خۆى ده‌ربخات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 10 كانوونى یه‌كه‌م 2022 ماڵپه‌ڕى ئاژانسى بى بى سى راپۆرتێكى درێژى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا له‌سه‌ر چه‌ند وێستگه‌یه‌كى گرنگى خه‌باتى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌ دژى رژێمه‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى ئێران ده‌وه‌ستێ. 

له‌ ناونیشانى راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، “هه‌ر چه‌نده‌ سیسته‌مه‌كانى ده‌سه‌ڵات له‌ ئێران گۆڕاون كه‌چى ململانێ و جه‌نگى نێوان تاران و هاووڵاتییه‌ كورده‌كانى به‌رده‌وامه‌”. راپۆرته‌كه‌ له‌ ته‌واوى ته‌وه‌ره‌كانى رۆشنایى ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كورد له‌ ته‌واوى رژێمه‌كانى ئێران فه‌رامۆش كراوه‌.

له‌ بڕگه‌یه‌كیشى هاتووه‌، "به‌ درێژایى ساڵانى رابردوو به‌ هه‌زاران كورد له‌ ئێران رایانكردووه‌ و به‌ هه‌زارانیان له‌ هه‌رێمى كوردستان گیرساونه‌ته‌وه‌".  جگه‌ له‌مه‌یش بى بى سى باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌ر چه‌نده‌ ئیبراهیم ره‌ئیسى سه‌رۆكى ئێران چه‌ندان شێوازى به‌كارهێناوه‌ بۆ دامركاندنه‌وه‌ى تووڕه‌یى كورده‌كان به‌ڵام تا ئێستا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.

له‌ كۆتایى راپۆرته‌كه‌ى بى بى سى هاتووه‌، "ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ گۆڕه‌پانى ئێران ده‌گوزه‌رێ و كورد به‌ فراوانى ده‌ڕژێنه‌ ناو خۆپیشاندانه‌كان، ئه‌مه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى خه‌فه‌كردن و سه‌ركوتكردنى ساڵانێكى درێژه‌ كه‌ كورد تووشى بووه‌ و ئه‌م خۆپیشانادانه‌یش هه‌لێكى چاوه‌ڕوانكراوه‌ بۆ ده‌رخستنى شووناسى خۆیان و ئه‌و واقیعه‌ى تێیدا ده‌ژین".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین