نیویۆرك تایمز: ئه‌مریكا هه‌ڵه‌ى عێراق له‌ ئه‌فغانستان دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزى ئه‌مریكى ره‌خنه‌ له‌ بڕیارى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان ده‌گرێ و ده‌ڵێ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ى له‌ سه‌رده‌مى باراك ئۆباماى سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌ عێراق كرا، له‌سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى بایدن له‌ ئه‌فغانستان دووباره‌ كرایه‌وه‌.

دواى پێشڕه‌وییه‌ خێراكانى بزووتنه‌وه‌ى توندڕه‌وى تاڵیبان له‌ ئه‌فغانستان، سه‌رنجى میدیاكانى دنیا كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌م وڵاته‌ و به‌ تایبه‌تى كه‌ ده‌زانرێت ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌ پاڵپشتى گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كانى تر دانراوه‌ و پێشتر شه‌ڕى له‌دژدا كراوه‌ و كه‌چى ئێستا خه‌ریكه‌ ده‌ست به‌سه‌ر رووبه‌ڕێكى فراوانى وڵاته‌كه‌ داده‌گرێت.

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12ى ئاب پوخته‌ى راپۆرتێكى رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزى ئه‌مریكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ تێیدا باس له‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ى له‌ ساڵى 2011 باراك ئۆباما له‌ عێراق كردوویه‌تى، ئه‌مساڵ جۆ بایدن له‌ ئه‌فغانستان دووباره‌ى كرده‌وه‌.

رۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ به‌راوردێك له‌نێوان ئه‌م دوو رووداوه‌ ده‌كات و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات چۆن دواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا، گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانى قاعیده‌ و داعش له‌ عێراق چالاك بوون، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ ئه‌فغانستان بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان ده‌ركه‌وته‌وه‌.

رۆژنامه‌كه‌ له‌ چه‌ند رووییه‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات بڕیاربه‌ده‌ستانى ئه‌مریكا له‌ كۆمارییه‌كان و دیموكراته‌كان، ناتوانن به‌رژوه‌ندى ئه‌مریكا له‌ وڵاتانى ئاڵۆز و دووره‌ده‌ستى وه‌ك عێراق و ئه‌فغانستان بپارێزن.

خاڵى گرنگ له‌و راپۆرته‌دا ئه‌وه‌یه‌ ته‌نیا باس له‌ لێكه‌وته‌كه‌ خراپه‌كانى بڕیارى كشانه‌وه‌ى بۆ ناوخۆى وڵاته‌كه‌ ناكات، به‌ڵكو مه‌ترسى ئه‌وه‌ ده‌كرێت، ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ى كه‌ له‌ نموونه‌ى وه‌ك عێراق و ئه‌فغانستان ده‌رده‌كه‌وێ، سه‌ر بۆ ده‌ره‌وه‌ بكێشێ.

حارس حه‌سه‌ن له‌ سه‌نته‌رى كارنیگى  ده‌ڵێ، "بڕیاربه‌ده‌ستانى سیاسى ساویلكه‌ن ئه‌گه‌ر باوه‌ڕى ئه‌وه‌یان هه‌بێت ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ دواجار بۆ ئه‌و دیوى سنووره‌كان ناپه‌ڕێته‌وه‌".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین