سەرەڕای هۆشدارییەكەی تەندروستی جیهان عێراق ڤاكسینی سپوتنیك هاوردە دەكات تەندرووستی

نوچه‌نێت

لە كاتێكدا رێكخراوی تەندروستی جیهان لە بەكارهێنانی ڤاكسینی "سپوتنیك ڤی" رووسی دژ بە كۆڕۆنا هۆشداری دەدات، بەرپرسانی تەندروستی عێراق دووپاتی دەكەنەوە، گرێبەستی هاوردەكردنی ئەو ڤاكسینەیان تەواو كردووە و بەم زووانە برێكی دەگاتە عێراق.

ئەمڕۆ پێنجشەممە پێنجی ئاب ماڵپەڕی بەغداد تودەی عێراقی لێدوانێکی هەیسەم عوبەیدی بەرپرسی بەشی "بەهێزکردنی تەندروستی" لە وەزارەتی تەندروستی عێراق بڵاوكردووەتەوە و كە دەڵێ‌، "عێراق گرێبەستی ڤاكسینی سپوتنیك ڤی تەواو كردووە و بەم زووانە بڕێكی دەگات".

 ئەم راگەیاندنەی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە كاتێكدایە كە رێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە بەكارهێنانی ڤاكسینە رووسییەكە دەدات، چونكە ئەو رێكخراوە و ئاژانسی ئەوروپی بۆ دەرمان پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ سپوتنیك ڤی دەكەن و تا ئێستا ئەنجامی كۆتایی دەرنەچووە.

 پێشتر رێكخراوی تەندروستی جیهان سەردانی ئەو شوێنەی كردووە كە ڤاكیسنی سپوتنیكی تێدا دروست دەكرێت و چەندان تێبینی لەسەر پیسبوونی شوێنەكە و شێوازی ئامادەكردنەكەی هەبووە، هەرچەندە كۆمپانیاكە بەڵێنی چارەسەركردنی ئەو كێشەیەی داوە، بەڵام هێشتا رێكخراوی تەندروستی جیهان گومانی لە سەلامەتی ڤاكسینەكە هەیە.

عێراق چەندان ڤاكسین بە هاووڵاتییانی دەدات و دواجار ئەم هەفتەیە تەواوی دەزگاكانی حكومەت كەوتوونەتە هاندانی هاووڵاتیان بۆئەوەی ڤاكسین وەربگرن، چونكە رێژەی تووشبوون بە كۆڕۆنا لە زیادبوون دایە و تا ئێستا لە عێراق ملیۆنێك و 673 هەزار و 84 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە تۆمار كراوە و 18 هەزار و 938 كەسیش بە نەخۆشییەكە مردوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین