پارتی: هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ واده‌ی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت کوردستانی

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت: سیهام، لاڤین

فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ باره‌ی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، سه‌رقاڵی گفتوگۆن، ڕاوێژكارێكی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ڕایگه‌یاند، تا ئێستا حیزبه‌كه‌ی بڕیاری وایه‌، كه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ واده‌ی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نوچه‌نێت، له‌ سه‌ره‌تای مانگی نیسانی ئه‌مساڵدا، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ باره‌ی دوو پرسه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان كۆبووه‌وه‌، كه‌ برتیبوون له‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور و هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام تا ئێستا به‌ هیچ ئه‌نجامێك نه‌گه‌یشتوون.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ چواری ئابی (2021) سامان ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ نوچه‌نێتی ڕاگه‌یاند، فراكسیۆنه‌كان له‌ناوخۆیاندا له‌ گفتوگۆدان و له‌ باره‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووه‌وه‌، تێڕوانینی حیزبیی خۆیان هه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا هیچ پێشنیازێكییان ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌كردووه‌.
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، عارف ڕوشدی ڕاوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت، كه‌ له‌ ڕۆژی (28)ی حوزه‌یرانی (2021) له‌ ماڵپه‌ڕی نوچه‌نێت بڵاو كرایه‌وه‌، ڕایگه‌یاند:"تا ئێستا بڕیار وایە، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستا‌ن له‌ كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت، ئه‌و بڕیاره‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه".
ڕوشدی دیدی حیزبه‌كه‌ی له‌ باره‌ی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ خسته‌ڕوو، كه‌ به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ په‌رله‌مان ده‌زگه‌یه‌كی یاسادانانى نیشتیمانییه‌ و سه‌نگ و پێگه‌ی خۆی هه‌یه‌، بۆیه‌ لایان باشه‌ ئه‌ركه‌كانییان به‌ ڕێككه‌وتن و ته‌وافقی سیاسیی به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، ڕاوێژكاره‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی گوتی:"فراكسیۆنی پارتیی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، فراكسیۆنی زۆرینه‌یه‌، ئەگەر بمانەوێت  ده‌توانین هه‌موو یاسا و بڕیارێك به‌ زۆرینه‌ تێپه‌ڕێنین، به‌ڵام هه‌میشه‌ خۆمان له‌وه‌ بواردووە و هەوڵمانداوە بە هاوبەشی و كۆده‌نگیی، پرسه‌كان یه‌كلایی بكرێنه‌وه".‌
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین