كاردینال لویس ساكۆ: ئاوارە مەسیحییەکان دەتوانن بگەڕێنەوە و بە ئارامى لە کوردستان بژین کوردستانی

نوچەنێت:

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ لەگەڵ كاردینال لویس ساكۆ پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان کۆبوونەوە و "دۆخى پێکهاتەى کلدان و مەسیحییەکانى عیراق و هەرێمى کوردستان بەگشتى و ڕەوشى ئاوارە مەسیحییەکانیان لە هەرێمى کوردستان تاوتوێ کرد"، تاوتوێکرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە (18)ى تەمووزى (2021)، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە دیدارەکەدا لەگەڵ پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان، بەپێى ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەیتى هەرێم، هەردوولا هاوڕا بوون کە متمانە و دڵنیایى پێویستە بۆ ئەوەى ئاوارە مەسیحییەکان بتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان و دەست بە ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەى ژیان بۆ ناوچەکانیان بکەن کە لە ئەنجامى هێرشەکانى داعشدا زیانى زۆریان بەرکەوتووە و پێویستییان بە یارمەتى و هاوکاریى نێودەوڵەتى هەیە.

هەروەها كاردینال ساكۆ ستایشى ڕۆڵى هەرێمى کوردستانى کر لە دروستکردنى پێکەوەژیان و لێبوردەیى و ڕاشیگەیاند، "کوردستانیبوون ناسنامەیەکى کۆکەرەوەى هەموو پێکهاتە ئایینى و نەتەوەیییەکانە و ئاوارە مەسیحییەکان لە وڵاتانى جیهان دەتوانن بگەڕێنەوە تا بە ئارامى و دڵنیایى لە کوردستان بژین و هاوبەشى و بەشدارى لە پێشخستن و ئاوەدانکردنەوەیدا بکەن."

ڕاگەیێندراوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێم ئاماژەى بەوەشکردووە، "نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان شانازى بە کولتوورى پێکەوەژیان و لێبوردەیییەوە دەکات و وەک هەمیشە بە لانەى ئارامى هەموو پێکهاتەکانى دەمێنێتەوە." 

دەشڵیت، "هەردوولا سەردانى پاپاى ڤاتیکانیان بۆ عیراق و هەرێمى کوردستان بە گرنگ لە قەڵەم دا کە ڕۆڵى لە قووڵکردنەوەى کولتوورى پێکەوەژیاندا هەیە."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین