بۆ دووه‌م رۆژ خۆپیشاندانى ناوچه‌ عه‌ره‌بنشینه‌كانى ئێران به‌رده‌وامه‌ ئێران

نوچه‌نێت

هاوکات لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەکان بە هۆی بێئاوی لە پارێزگای خوزستانی ئێران، نوێنەرێکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی ئەو پارێزگایە، رەخنەی لە پلانی گواستنەوەی ئاو گرتووە و گوتوویەتی ئاسایشی ئەو پارێزگایە کەوتووەتە مەترسییەوە.

ئەمڕۆ شەممە ١٧ی تەمووزی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، لە دووەم شەوی خۆپیشاندانەکان لە پارێزگای خوزستان، خەڵکی شارە جیاجیاکان، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان لە بێئاوی، چوونە سەر شەقامەکان و لە دژی بەرپرسان دروشمیان گووتەوە. 

بەگوێرەی وێنە و ڤیدیۆکان، خۆپیشاندەران بەشێک لە جادەی ئەهواز- ئەندیمشکیان بۆ ماوەیەک داخست. 

عەبدوڵا ئیزەدپەنا، نوێنەری ئیزە و باغلمەک لە پەرلەمان، گوتوویەتی، خوزستان پارێزگایەکی گرنگە بۆ ئێران و "نەبوونی ئاسایش لە خوزستان، بە واتای نەبوونی ئاسایشە لە هەموو ئێران". ئیزەدپەنا گوتوویەتی، ئاسایشی خوزستان "بە هۆی هەڵەی مرۆیی و بڕیاری ناگونجاو کەوتووەتە مەترسییەوە".

ئیزەدپەنا، داوای کۆتاییهێنان بە هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی ئاوی کردووە و گوتوویەتی "وشکەساڵی لایەنێکی باسەکەیە. ئەوە گواستنەوەی ئاوە کە خوزستانی رووبەڕووی ئەم دۆخە کردووەتەوە". 

بە گوتەی بەرپرسانی ئێران، وڵاتەکەیان ئەمساڵ تووشی وشکەساڵییەکی قووڕس و بێ وێنە بووەتەوە. 

لە چەند رۆژی رابردوودا، لە شارە جیاجیاکانی پارێزگای خوزستان، چەندین خۆپیشاندان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە کەمئاوی بەڕێوەچوون. 

وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر خۆپیشاندانەکان، قاسم سلێمانی دەشتەکی، پارێزگاری خوزستان گوتوویەتی، قەیرانی ئاوی ئەو پارێزگایە لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکی باڵای ئێران (سەرۆکی حکومەت، پەرلەمان و دەزگای داد) تاوتوێ دەکرێت. 

قاسم سلێمانی دەشتەکی گوتوویەتی، "ئەمساڵ رووبەڕووی گوشارێکی قورسی کەمئاوی بووینەتەوە و ئاوی پاشکەوتکراوی پشت بەنداوەکان ئێجگار کەمە". 

لە ساڵانی رابردوودا گواستنەوەی ئاو لە پارێزگای خوزستانەوە بۆ شوێنەکانی تری ئێران، چەندین جار کاردانەوەی دانیشتووان و بەرپرسانی ئەو پارێزگایە لێکەوتووەتەوە. رەخنەگرانی ئەو پلانە دەڵێن، گواستنەوەی ئاوی ئەو پارێزگایە بۆ ناوچەکانی تری ئێران، دەبێتە هۆی وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاوی ئەو پارێزگایە. 

نوێنەری خوزستان لە ئەنجومەنی شارەزایانیش، وێڕای ئاماژەدان بە گواستنەوەی ئاوی ئەو پارێزگایە لە سەروبەندی کەمئاویی ئێستادا، داوای داخستنی کاتی هەندێ لە کەناڵەکانی گواستنەوەی ئاوی کردووە. 

بەرپرسی رێکخراوی ئاو و کارەبای خوزستانیش گوتوویەتی، بە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی ئاوی پاشکەوتکراوی خوزستان، پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا، شارەکانی ئابادان و خوڕەمشار رووبەڕووی دۆخیكی دژوار ببنەوە. 

ئەمساڵ یەکێکە بووە لە گەرمترین ساڵەکانی پارێزگای خوزستان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بووەتە هۆی ئەوەی چەند رۆژێک داودەزگا حکومییەکان دابخرێن. 

ئەو پارێزگایە، وەک ناوچەکانی تری ئێران، ئەمساڵ رووبەڕووی قەیرانی وشکەساڵی و کەمبوونی رێژەی بارانبارین بووەتەوە. لە چەند هەفتەی رابردوودا، چەندین کۆبوونەوە لە شارە جیاجیاکانی ئێران بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە پچڕانی کارەبا و کەمئاویی بەڕێوە چوون. 

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، کە دوایین هەفتەکانی دەسەڵاتدارێتی کابینەکەی تێدەپەڕێنێت، پێشتر گوتبووی: "ئێران ئەمساڵ تووشى وشکەساڵی بێ وێنە بووەتەوە و ڕێژەی بارین لە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو ٥٢٪ کەمی کردووە". 

جگە لە خوزستان، پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، خوراسان، هۆرمۆزگان و کرمانیش، تووشی کەمئاوی بێ وێنە بوونەتەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین