پێشبینى ده‌كرێت ئه‌مساڵیش هه‌رێم بێ بودجه‌ بێت کوردستان- عێراق

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی بۆ نوچەنێت دەڵێت، "حەوت ساڵە بودجەی هەرێم بوونی نییە، نەهاتۆتە پەرلەمان، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە پرۆژە یاسای بودجه‌ى هەرێم شکستی هێناوە."

چاوه‌ڕوان ده‌كرا لە ناوەڕاستی مانگی شوبات پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمى كوردستان رەوانەی پەرلەمان بکرێت، كه‌چى دواكه‌وت و هۆی دواکەوتنەکەش بۆ دواكه‌وتنى بودجەی عێراق گێڕدرایه‌وه‌. لەکۆتایی مانگی ئادار پڕۆژە یاساى بودجەی عێراق پەسەند کرا، کەچی دوای دوو دانیشتنی حکومەتى هه‌رێم كه‌ تێیایدا تاوتوێى بودجه‌ كراوه‌، رێككه‌وتنێكیش له‌سه‌ر ناردنى پاره‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان كراوه‌، كه‌ بڕه‌كه‌ى 200 ملیار دیناره‌، كه‌چى تاکو ئێستا پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان نه‌كراوه‌، لەو بارەیەوە شێرکۆ جەودەت دەڵێت، "پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم شکستی هێناوە."

شێرکۆ جەودەت لە لێدوانێکی بۆ نوچەنێت گووتی، "هۆكارى ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، شڵەژاوی حکومەتی عێراقیشە لە هەمان کات. ئەگەر حکومەت پابەند نەبێت بە جێبەجێ کردنی یاساکە نەوت رادەست نەکات و نیوەی داهاتی ناوخۆ رادەست نەکات، بەغدایش شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نەنێری ئیتر وای لێ دێ".

سەبارەت بە پرۆژە یاسای بودجەی هەرێم شێرکۆ جەودەت بۆ نوچە دەڵێت، ''حەوت ساڵە یاسای بودجە هەرێم بوونی نییە و نەهاتۆتە پەرلەمان، ئەمەش خۆی شکستێکی گەورەیە بێگومان و هیچ پاساوێکی نییە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە پەردەپۆشی گەندەڵەکانیان پێ ناکرێت. چونکە گەندەڵییەکان لە یاسای بودجە دەردەکەوێت".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى په‌رله‌مانتاران له‌ حاڵه‌تى دواكه‌وتنى زیاترى بودجه‌ى شێركۆ جه‌وده‌ت گوتى، "ئێمە بە بەردەوام فشارمان لەسەر ئەوەیە کە دەبێت بودجە و داهاتی خەرجی هەرێم بێتە پەرلەمانەوە، لەپێش چاوی پەرلەمان و بینینی دیوانی چاودێرییەوە ئەنجام بدرێت، بەردەوامین بۆ ئەوەی ئەو فشارە دروست بکەین، چونکە ئەوە رێگا دروستەکەیە و بە پێچەوانەوە گەندەڵییە".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین