تاڵیبان داواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى توركیا له‌ ئه‌فغانستان ده‌كات هەواڵ

نوچه‌نێت

بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان چه‌ند جارێكه‌ داوا له‌ توركیا ده‌كات، له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ تاڵیبان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكى ئه‌ندام له‌ ناتۆ هێزه‌كانی له‌ ئه‌فغانستان بكشێنێته‌وه‌.

ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ (12) ته‌مووزی (2021) ماڵپه‌ڕی (ئاڕتی) بڵاویكرده‌وه‌، سوهه‌یل شاهین گوته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان رایگه‌یاند، "به‌گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌كۆتایی مانگی شوباتی ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا واژۆمان كردووه‌، پێویسته‌ توركیاش وه‌ك ئه‌ندامێكی ناتۆ هێزه‌كانی له‌ ئه‌فغانستان بكشێنێته‌وه".

له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانی گوته‌بێژه‌كه‌ى تاڵیبان گوتى، "به‌هۆی ئه‌وه‌ی توركیا ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی موسڵمانه‌، ئه‌فغانستان په‌یوه‌ندی مێژوویی له‌گه‌ڵی هه‌یه‌، هیوادارین دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تێكی ئیسلامیمان دروستكرد، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌تین و باشی بمێنێته‌وه‌".

له‌ مانگی رابردوو ئه‌نقه‌ره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی به‌رگری ناتۆ، ئه‌وه‌ی خسته‌ به‌رده‌م ئه‌ندامانی ناتۆ، دواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ناتۆ، هێزه‌كانى بمێنێته‌وه‌ بۆ پاراستنى فڕۆكه‌خانه‌ى كابول، دواتریش ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ جۆ بایدنی سه‌رۆكی ئه‌مریكا تاوتوێی ئه‌و پرسه‌یان كرد، كه‌چى تا ئێستا نه‌گه‌یشتینه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی.

بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانیش ئه‌وه‌ چه‌ندین جاره‌ داوا له‌ توركیا ده‌كات پابه‌ندی رێككه‌وتنی ئه‌مریكا ــ تاڵیبان بێت بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ ئه‌فغانستان.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین