رووسیا چۆن لە پشتی پەردەوە رێگه‌ لەوە دەگرێت ئێران چەکی ئەتۆمیی هەبێت؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ئیبراهیم رەئیسی، دادوه‌ره‌ تووندڕەوەکە، ناوەڕاستی مانگی حوزەیران سەرکەوتە سەر کورسی دەسەڵات، لەگەڵ سەرکەوتنی رەئیسیدا گەردەلوولێک پرسیار لەسەر ئاستی جیهان دروست بوون، وەکوو: سەرکەوتنی ئەم پیاوە چی دەگەیەنێت؟ کێ براوەیە و کێ دۆڕاوە لە هەبوونی ئەم پیاوە لە دەسەڵاتدا؟

لە نێوەندی ئەو دڵەڕاوکێیەی هەبوو لەبارەی سەرۆکی نوێوە، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو ساردوسڕیی رووسیای هاوپەیمانی ئێران و پێشوازییە نابەدڵەکەی بوو لە هەواڵی سەرکەوتنی رەئیسی. سەرکەوتنێک کە وای لێدەخوێنرێتەوە کە بەڵگەی پاشەکشەی ریفۆرمخوازه‌كان بێت لە ئێران، ئەوەش مانای وایە ئیدی دەبێ چالاکیی نهێنیی رووسیا زیادبکات بۆ لە قاڵبدانی هەڵپە ئەتۆمییەکانی ئێران و گەرمبوونەوەی گرفتە جیۆسیاسییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەسەر حسابی بابەتە لەپێشینەکانی هاوپەیمانێتیی نێوانیان لە زۆر بوار و پرس و هەڵوێستی هەنووکەییدا.

ئێران هه‌میشه‌ به‌گومانه‌وه‌ له‌ رووسیا ده‌ڕوانێت

 

رووسیا و بەرنامەی ئه‌تۆمى ئێران

پەیوەندیی نێوان ئێران و رووسیا تەمەنێکی هەزار ساڵەی هەیە و دەگەڕیتەوە بۆ پەیوەندیی مێژوویی نێوان رووس و فارسەکان، بەڵام ئەم پەیوەندییانە بە تایبەت لە سەدەی هەژدەدا پەرەیان سەند وەکوو پەیوەندیی بازرگانی.
سەدەی نۆزدە جارێکی دیکە ململانێ کەوتەوە نێوان رووس و وڵاتی فارس، کە بەوە کۆتاییهات رووسەکان دەستیانگرت بەسەر قەوقازدا، کە شکستێک بوو بۆ ئێرانییەکان کە ئێستاش دەنگدانەوەی هەیە لە ناخیاندا، دوای شۆرشی ئیسلامیی ئێران لە ١٩٧٩ ناکۆکیی و بێ متمانەیی نێوانیان هەر بەردەوام بوو، ئەوەش لە پشتیوانیی رووسیا بۆ عێراق ڕەنگی دایەوە لە جەنگی عێراق ئێراندا، جەنگێک کە ملیۆنێک قوربانیی ئێرانی لێکەوتەوە، هەروەها رووسیا پشتیوانی ئەو سزایانەی کرد کە بەسەر ئێراندا سەپێنران بەهۆی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتەوە.

دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەرەو باشی چوون، بە تایبەت پەیوەندییە ئابوورییەکان، ئەوە بوو چەندین دامەزراوەی پیشەسازی لە ئێران بونیاتنران بە پشتیوانیی رووسیا، هەروەکو هەردوو وڵات بوونە هاوپەیمان لە چەندین پرس و روانگەدا، کە دیارترینیان لە دەیەی رابردوودا بوو بە پشتیوانییان لە بەشار ئەسەد و رزگارکردنی لەدەستی شۆڕشی سووریا، شۆڕشێک کە هێندەی نەمابوو ئەسەد بڕووخێنێ.

هەردوو وڵات دەستیان بە ناردن و بەخشینی هەر پێداویستییەک کرد کە بۆ بەشار ئەسەد پێویست بوو، لە چەک و جبەخانە و پارە بۆ بەهێزهێشتنەوەی رژێمەکەی لەبەردەم گەردەلوولە سیاسی و ئەمنییەکان کە لەهەموو لایەکەوە چواردەوریان گرتبوو لە سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبییەوە، بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنانە نەبوونە هۆی نەهێشتنی ئەو گرفتانەی بوونەتە لەمپەر لە بەردەم پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بۆ ئاستی نزیکتر و گەرموگوڕتر.

رووسیا نایه‌وێ ئێران ببێته‌ خاوه‌ن چه‌كى ئه‌تۆمى

 

رووسیا رەتی دەکاتەوە ئێران بەشێوەیەک پەرە بە تەکنۆلۆجیای ئەتۆمی بدات کە بیکات بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەوەش بابەتێکە ئێران ئامادەی دانوستاندن نییە لەسەری، بە تایبەت باڵی نەریتخواز کە سەرۆکی نوێ یەکێکیانە و بەوە دەناسرێت کە پاشخانێکی پڕ تووندڕەویی هەیە.

رووسەکان وایدەبینن ئەوەی کە رژێمێکی ئایینی لە باشووری رووسیاوە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بە تووندی کار لە بەرژەوەندییەکان و ناوچەکانی هەژموونیان دەکات لە ئاسیای ناوەڕاست و حەوزی دەریای قەزوین، جگە لەوەی لەوانەیە لە داهاتوو ئێران بەم هۆیەوە بتوانێت کێبڕکێ لەگەڵ رووسیا بکات لە ناوچەکانی سۆڤیەتی جاران، سەرەڕای ئەوانە، ئێران بەهۆی چەکی ئەتۆمییەوە دەتوانێت سەقامگیریی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکبدات.

گومان لە یەکتر

ئەو هۆکارانەی باسمان کردن، هۆکاری ئەوە بوون کە رووسیا هەموو فشارەکانی ئێرانی ڕەتکردووەتەوە کە ویستوویەتی رێگەپێدانی هەبێت چەکی ئەتۆمی رووسی لەناو ئێراندا دروست بکرێت، ئێرانیش لەم پەیامەی رووسیا بە باشی تێدەگات، چونکە هەر ئێران خۆیشی بەردەوام گومانی هەیە لە نیازە راستەقینەکانی رووسیا، چونکە ئێران ئاگادارە لە هەڵپەکانی رووسیا لە ناوچەکەدا هەر لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتەوە.

ڕاستیی گومانەکانی ئێران سەبارەت بە نیازەکانی رووسیا لەم دواییەدا بەرجەستەبوون، کاتێک رووسیا بە بەهای ١.٦ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی کرد لە بونیاتنانی بەندەرێکی نوێ و هێڵی ئاسنین و پڕۆژەی ریگاوبان بۆ شاری لاگان لەسەر کەناری دەریای قەزوین، کە پێگەیەکی جوگرافیی ناوازەی هەیە و سەرەڕێگای ئەوروپا، هیندستان و ئاسیایە و بووەتە بازاڕێکی سەرەکیی وزە و وەبەرهێنەران ملیاران دۆلاریان ئاراستەی کردووە بە مەبەستی وەبەرهێنان.

رووسیا هەروەها ملیۆنان دۆلار وەبەرهێنانی کردووە بۆ نوێکردنەوە و فراوانکردنی بەندەری شاری ئەستراخان، کە یەکێکە لە دێرینترین شارەکانی ئەستێڵکی رووباری فۆلگا، هەروەها گرێبەستی لەگەڵ تورکمانستان و کازاخستان کردووە بۆئەوەی نەوتەکانیان لە رێگەی باکوورەوە بگەیەننە بازاڕی جیهان کە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی رووسیا، نەک لە ریگەی هێڵی باکۆ-تبلیسی باشووری قەوقاز، ئەویش بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئابووری و ئەمنیی خۆی لە ناوچەی دەریای قەزوین.

جێگیربوونی رووسیا لەم ناوچەیەدا، وای لێکردووە دوودڵ نەبێت لە هاویشتنی مووشەکی کروز لەسەر کەشتییەکانی خۆیەوە لە دەریای قەزوین بە ئاراستەی هەر ئامانجێکی دژ بە ڕژێمی ئەسەد لە پارێزگا جیاجیاکانی سووریا. رووسیا ئەمە بە هەلێکی زێڕین دەزانێت تاوەکوو پەیامێکی روون بداتە هەموو لایەک بەوەی هێشتا رووسیا هێزی سەربازیی دەسەڵاتدارە بەسەر ناوچەکەدا.

هاریکاری لەگەڵ دوژمنانی ئێران

رووسیا به‌ پێویستى ده‌زانێ
هه‌میشه‌ فشار له‌سه‌ر ئێران هه‌بێت

 

سەرەرای بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات، رووسیا پەیوەندییەکی ئاڵۆز و پڕ بەریەککەوتنی لەگەڵ ئێران هەیە، بۆ نموونە هەردوولایەن پشتیوانیی رژێمی سووریا دەکەن، بەڵام روانگەیان زۆر جیاوازە بۆ قۆناغی دوای ململانێکان لە سووریا و بونیاتنانەوەی دەوڵەت و چاکسازیی سەربازیی سووریا. رووسیا لای خۆیەوە لەگەڵ هەمووان خۆی دەگونجێنێت لە ناوچەکەدا بۆ بونیاتنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنە کاریگەرە دژبەیەکەکانیش، لە ناویاندا ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو و ئیسرائیل.

ئێران بە بێمتمانەییەوە تەماشای گەمەکانی رووسیا دەکات، زۆر بە باشی دەزانێت ئەگەر رووسیا دان بە ئێرانیشدا بنێت وەکوو رۆڵگیڕێکی گرنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و باشووری قەوقاز و دەریای قەزوین، ئەو دانپێدانانەش رێگر نابێت لەوەی رووسیا بە هەمان ئاست پەیوەندی ببەستێت لەگەڵ رکابەرە هەرێمییەکانی ئێرانیش.

هەروەکوو چۆن هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا، رێگەی لە ڤلادیمیر پوتین نەگرت کە واژووی بەیاننامەی هاوبەشی سەرۆکایەتی هەردوو وڵات بکات سەبارەت بە سەقامگیریی ستراتیجی لەنێوان ئەمریکا و رووسیا، کە ئەمە رێگه‌ بۆ مۆسکۆ خۆشدەکات کە رۆڵێکی گرنگ ببینێت لە گفتوگۆکانی ڤیێنا بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی و پاشان لێدانی پشتپەردە لە ئێران.

مۆسکۆ تارانی وەلانا کاتێک زۆترین پێویستی پێیبوو بۆ لابردنی سزاکان لەسەر ئێران، مەینەتییەکانی ئێرانی لەبەرچاو نەگرت و ئەویش وەکوو کاری لە پێشینە تەماشای ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی کرد، لە گفتوگۆکانیشدا بە سیاسەتێکی پراگماتییانە بەشداری کرد کە نەبێتەهۆی لەدەستدانی هاوسۆزیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.


بەڵام ئێرانیش لەم نێوەندادا کەوتە خۆی و هاوپەیمانێتیەکی جێگرەوەی لەگەڵ چین بونیات نا، چەندین گرێبەستی ستراتیجیی نهێنی لەگەڵ چین واژووکرد بۆ ٢٥ ساڵی داهاتوو بۆ هاریکاریکردن لە چەندین بواری جیاجیادا، کە هێشتا زۆربەیان ئاشکرا نەکراون.

رووسیا چەندین کارتی فشاری هەیە دژ بە ئێران، هەندێک جاریش ئێران دەخاتە ژێر سایەی هەراسانکردنی سیاسی و رێگه‌ی پێچاوپێچ، هەروەک ئێرانیش کارتی فشاری بەهێزی هەیە لە ناوچەکانی ژێر هەژموونی رووسیادا، بەهۆی کاریگەریی ئێران لە باکووری قەوقاز، ناوچەی باڵکانی ئۆراسیا، ئەم کارتانەی ئێران وایان لە رووسیا کردووە پەلە بکات بۆ گرێدانی چەندین ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بۆ دوورکەوتنەوەی هەردوولا لە ڕووبەڕووبونەوە لە قەوقاز، و پشتیوانیی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولا لە سەرچاوەکانی وزەی دەریای قەزویندا.

مێژوو پێمان دەڵێت کە ئێران هەمیشە ناوچەی قەوقاز وەکوو ناوچەیەکی دووەمیی خۆی دەبینێت،زیاتر چاوی لەسەر ململانێ بەردەوامەکانی هەژموون بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لەولاشەوە پراگماتیزمی رووسیا و هەڵویستی تایبەتی لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، وایکردووە ئێران وەکو کارتێکی سازش بخاتە بەردەم مۆسکۆ، دیارە رووسیا زۆر ترسی لەو ئەگەرە هەیە ئێران ببێتە رکابەری سەرەکیی کۆمپانیای زەبەلاحی گاز پرۆم لە بازاڕی گازی ئەوروپا.

ئێران بە زیرەکیی خۆی رووسیای ناچارکردووە پەیوەندی لەگەڵ تاران ببەستێت لە کەرتی وزەدا، هەروەها میکانیزمێکی هاوبەشی رووبەڕووبوونەوەی دوژمنە جیۆسیاسییەکانی مۆسکۆ و تارانیان داڕشتووە، دەبێ بڵێین رووسیا گەورەترین هەناردەکاری گازی سروشتییە بۆ ئەوروپا (٤٣٪ی گازی سروشتیی هەموو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دابیندەکات)، ئێرانیش دووەم گەورەترین سامانی گازی سروشتی هەیە لەسەر ئاستی جیهان.

بەڵام هەموو ئەمانەش ئەو راستییە ناشارنەوە کە رووسەکان هەمیشە فشاریان لە ئێران کردووە کە پرۆتۆکۆڵی پاشکۆیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم واژۆ بکات و هیچ کاتێکیش رەخنەکانی خۆیان نەشاردووەتەوە کاتێک ئێران جێبەجێکردنی خۆبەخۆی پرۆتۆکۆڵەکەی راوەستاندبێ، بگرە پشتیوانی بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیان کردووە لە ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە ساڵانی پێشووی ٢٠٠٦، ٢٠٠٩ و ٢٠١٠.

رووسیا هەمیشە دژایەتیی ئەوەی کردووە ئێران دامەزراوە ئەتۆمییە نهێنییەکانی بشارێتەوە، هەروەها پێشنیازی وێستگەی ئەتۆمیی تارانی رەتکردووەتەوە بەوەی یۆرانیۆمی کەم پیتێنراو بنێردرێت بۆ رووسیا و ئاستی پیتاندنی بەرزبکرێتەوە بۆ ١٩.٧٥٪ و رووسیا لە وەڵامدا وتوویەتی کە ئەوان پابەندی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانن لە دژی ئێران.

لەگەڵ ئەوەی رووسیا بەراورد بە ئەمریکا کەمتر هەستیارە بە هەڵپەکانی ئێران بەرەو پڕۆگرامی ئەتۆمی، بەڵام وا لە هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی دەڕوانێت کە سەرسەخت و سەرکێشە، هەروەها وایدەبینێت کە ئێران هەمیشە پێویستە فشاری لێبکرێت بۆ ئەوەی شەفافیەتی پێویست پیشان بدات سەبارەت بە چالاکییەکانی ئێران، کە دەکرێ ببنە هەڕەشە بۆ هەموو جیهان و جیاوازی تێدا نەکات لەنێوان دوژمن و هاوپەیمان.

سه‌رچاوه‌: نوون پۆست

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین