کاردانەوەی رۆحانی لە بەرامبەر مانگرتنی کرێکارانی ئێران ئێران

نوچه‌نێت

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی زیاتری مانگرتنەکانی کرێکارانی کەرتی نەوت و گازی ئێران، حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە گوتی، حکومەت سەرنج دەداتە کێشەی کرێکارانی پیشەسازیی نەوت، بەڵام ئەو مانگرتنە هیچ کێشەیەکی بۆ بەرهەمهێنان یان هەناردەکردنی نەوت دروست نەکردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 30 حوزەیران، حەسەن رۆحانی لە میانەی کۆبوونەوەی وەزیران گوتی: "هەندێ قسە سەبارەت بە کارمەندانی کەرتی نەوت دەکرێن، من به‌ڵێن بەو کارمەندە بەشەرەفانەی کەرتی نەوت دەدەم، کێشەکەیان چارەسەر دەکەم. رێگەنادەم لە رووى مووچە و حەقدەستەوە کێشەیان بێت".

ماوەی نزیکەی 10 رۆژە، کرێکارانی پیشەسازیی نەوت، گاز و پترۆکیمیا چەندین خۆپیشاندانی کەم وێنەیان ئەنجام داوە. یەکە جیاوازەکانی پەیوەندیدار بە کەرتی وزەی لە چەند پارێزگای ئێران، و لەوانە پارێزگاکانی ورمێ و ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئیسفەهان، بوشەهر، تاران و خوزستان بە بۆنەی ئەو مانگرتنانە داخراون.

رۆحانی وێرای رەتکردنەوەی کاریگەریدانانی ئەو مانگرتنانە گوتی: "هیچ کێشەیەک بۆ بەرهەمهێنان، گواستنەوە، دابەشکردن و هەناردەکردنی نەوت نەهاتووەتە ئاراوە و نایەتە ئاراوە. داودەزگا و کەناڵەکانی پڕۆپاگەندەی دژبەری ئێران هەواڵ و راپۆرتی هەڵە و چەواشەکارانە بڵاو دەکەنەوە".

کرێکاران و بەڵیندەرانی ئەو یەکە پیشەسازیانە خوازیاری زیاتکردنی مووچە و گۆڕانی مەرجەکانی پشووی کرێکارانن، بەڵام رۆحانی سەبارەت بە هۆکاری مانگرتنەکانی کەرتی وزە گوتی: "کێشەکە پەیوەندی بە پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵەوە هەیە".


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین