سەرۆک کۆماری ئێران: ئامانجی ئێمە جەنگ نییە ئێران

نوچە نێت

سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەمان پابەندبوونی خۆی بە تەکنەلۆژیای ئەتۆمی ئاشتیخوازانە دووپات دەکاتەوە، نە بەدوای جەنگدا دەگەڕێین و نە سازش لەسەر دەستکەوتە ئەتۆمییەکان دەکەین.

ڕۆژی پێنجشەممە (10/4/2025) ماڵپەڕی (ئێرنا) بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، "ئێران لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا بەهێز دەوەستێت، تا زیاتر هەڕەشە بکەن، ئێمە بەهێزتر دەوەستین، ئێمە بەدوای جەنگدا ناگەڕێین، بەڵام بە بەهێزی دژی هەر دەستدرێژییەک دەوەستینەوە."

هاوکات سەرۆک کۆماری ئێران تۆمەتەکانی ڕۆژئاوای ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئێران بەدوای چەکی ئەتۆمیدا دەگەڕێت و گوتی، "ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دووپاتی کردووەتەوە کە ئێمە بەدوای بۆمبی ئەتۆمی نین".

جێگەی ئاماژە پێدانە، ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتن لەم چەند هەفتەیەی دواییدا زۆر زیادیکردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری دا لەوەی، "ئەگەر ئێران دانوستاندن لەگەڵ ئەمەریکا نەکات، بۆمباران دەکرێت. دواتر جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن یان سەرنەکەوتن لە گفتوگۆکاندا ئێران دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە".

محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "وڵاتەکەمان دەستکەوتی ستراتیژی و تەکنەلۆژی زۆری هەیە لە بوارەکانی سووتەمەنی ئەتۆمی، تەندروستی و پیشەسازیدا کە ڕۆڵێکی گرنگ لە ژیانی ڕاستەوخۆی هاووڵاتییاندا دەبینن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین