سرێگى فالتشنيكۆ: دروستكردنى كەناڵى ئيستەمبۆڵ دژى رووسيایە تورکیە

نوچەنێت:

پسپۆڕێكى رووسى ڕايدەگەيەنێت، دروستكردنى كەناڵى ئيستەمبۆڵ لە لايەن ئەردۆغانەوە، گورزێكى كوشندە لە رێككەوتننامەى مۆنتۆر دەدات، هەروەها پێىوايە "ئەو پرۆژەيە لە دژى رووسياشە".

ئەمرۆ دوو شەممە (٢٨)ى حوزەيرانى (٢٠٢١) ماڵپەڕى (ئاڕتى) بڵاويكردەوە،  نووسەرى رووسى سرێگى فالتشنيكۆ ڕايگەياند،  "ئامانجى دروستكردنى كەناڵى ئيستەمبۆڵ لێدانە لە رووسيا و رێككەوتننامەى مۆنترۆ".

لە بەشێكى ترى قسەكانى دەڵێت، "توركيا بە درێژايى چەند دەيەى رابردوو دەستيكردووە بە جێبەجێكردنى چەند پرۆژەيەكى گەورە، لە (٢٦)ى حوزەيرانيش دەستى كرد بە دروستكردنى كەناڵى ئيستەمبۆڵ، كە يەكێكە لە پرۆژە گەورەكان".

لە لايەكى ترەوە سيميۆن بەگداسارۆڤ بەرێوبەرى ناوەندى لێكۆڵينەوەى وڵاتانى رۆژهەڵات و ئاسياى ناوەڕاست، ئەوەى خستەڕوو كە، "رێككەوتننامەى مۆنترۆ كە بۆ پەرينەوەى كەشتييە جەنگييەكانە لە گەرووى بۆسفۆڕ و دەرەدنيل بۆ دەرياى ناوەڕاست، پەڕينەوە لەو گەرووە بۆ وڵاتانى سەر كەناراوەكان لە پێشترە بە بەراورد بە وڵاتانى تر".

وڵاتانى كەناراوەكانى سەر دەرياى رەش، هەر يەك لە بولگاريا و جۆرجيا و رووسيا و رۆمانيا و ئۆرانيا دەگرێتەوە.

بە گوێرەى ئەو رێككەوتنە كەشتیى سەربازى، وڵاتانى تر دەبێت دواى (٢١) رۆژ لە چوونە ناوەوەى دەرياى رەش، ئەو دەریایە جێ بهێڵێن.

لە بەشێكى ترى قسەكانى دەشڵێت، "دروستكردنى كەناڵى ئيستەمبۆڵ سيستەمى ئێستاى پەڕينەوەى كەشتى بۆ دەرياى رەش هەڵدەوشێنێتەوە".

هەروەها ئاماژەى بەوەشکرد، "پێم وانييە لە ماوەى (٨٥) ساڵ لە شارى مۆنتۆرى گەشتيارى لە سويسرا، زوو يا درەنگ بەبيريان داهاتبێت، سەركردەيەك لە توركيا لە ناكاو رێگەيەكى دەستكرد دروست دەكات بۆ بەستنەوەى دەرياى مەڕمەڕە بە دەرياى رەش".

گووتیشى، "ئەردۆغان يەكەم كەسە لە (٢٠١١)وە بيرۆكەى ئەو كەناڵەى داهێنابێت، ئەو كاتەش پڕۆژەكەى ناونا (شێتانە) دواى (١٠) ساڵ دەستى بە جێبەجێكردنى بيرۆكەكەى كرد".

بەگوێرەى قسەى ئەو نووسەرە، دواى بەگەڕخستنى ئەو كەناڵە لە بوارى وەبەرهێنان، "ئەو دۆخە بە شێوەيەكى ڕيشەيى دەگۆڕێت، تەنيا ئەو كەشتيانە بەو كەناڵە تێدەپەڕن، كە جێگەى رەزامەندى توركيايە" لە كۆتايى قسەكانى ئاماژەى بەوە دەکات، "پێش هەموو شتێك سەرۆكى توركيا پرۆژەكەى لە دژى رووسيا بەهێز دەكات، بەو جۆرە دەيانەوێت دەرياى رەشمان لێ داماڵن، رووسيا لە داهاتوو بەتەواوى دەبێتە پاشكۆى توركيا".

پرۆژەى كەناڵى ئيستەمبۆڵ لە ناوخۆى توركيا ناڕەزايى زۆرى لێكەوتۆتەوە، بەتايبەت پارێزگارى ئيستەمبۆڵ بەهەموو شێوەيەك دژى ئەو پرۆژەيە، بە كارەساتى سروشتى ناودەبات. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین