توێژەرێکی کۆمەڵایەتی: راگەیاندن زۆر بێباکانە مامەڵە لەگەڵ سایکۆلۆژیەتی خەڵک دەکات دیمانە و راپۆرت

نوچە: ئافرەتان

توێژەرێکی کۆمەڵایەتی، شێوازی کاری راگەیاندن و پابەند نەبوون بە پرەنسیپەکانی کارەکە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی رێژەی توندوتیژی دەزانێت. پێیوایە پێویستە رێکبخرێتەوە.

بەپێی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی توندوتیژی خێزانی، لە هەولێر توندوتیژییەکان زیادیکردووە، بە تایبەت لەو ئامارانەی کە بە ئۆنلاین کۆیان کردووەتەوە.

  توێژەری کۆمەڵایەتی و راهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی هێمن رەفیق، سەبارەت بە پرسی زیابوونی توندوتیژی خێزانی بە نوچەی گوت "بە رەهایی نا بەڵام بەگشتی راگەیاندن زۆر بێباکانە سەروسەودای لەگەڵ سایکۆلۆژیەتی بینەر و خەڵک هەیە، ئەوەی بەلای ئەوەوە گرنگ نییە ئەوەیە کە ئەو بینەرە کاردانەوەی چی دەبێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم رووداوە، یان بۆ ئەم هەواڵە. تەنیا لە هەوڵی ئەوەدان کە زۆرترین بینەر بۆ خۆیان رابکێشن، بە بێ رەچاوکردنی هیچ پرەنسیپێک. کاریگەری خراپی زۆرە، چونکە راگەیاندنی کوردی ئەوەندەی ئایدۆلۆژیانە ئیشی کردووە، نەیتوانیوە بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و پیشەیانە کاربکات، بۆیە کاریگەری لەسەر زیادبوونی توندوتیژی هەیە بە تایبەتیش توندوتیژی خێزانی".

مقەدەم فەرمان، بەڕێوەبەری بەڕیوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەولێر، لە لێدوانێکدا بە نوچەنێتی راگەیاند "بە پێی ئامارەکانی دادگا و تۆمارکردنی سکاڵا، رێژەی توندوتیژی کەمبووەتەوە، بەڵام بە پێی ئەو ئامارەی ئێمە لە راپرسییەکی ئۆنلاین دەستمان کەوت رێژەکە زیادبووە، ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی کە هەموو کەس ناتوانێ سەردانی بنەکەکانی ئێمە یان پۆلیس بکات، بە تایبەتیش لەو کاتەدا کە کەرەنتین هەبوو بە هۆی کۆرۆناوە، بۆیە بە پێی ئەو ئامارە ئۆنلاینە رێژەی توندوتیژی زیادبووە".

هێمن رەفیق، وێڕای کاریگەری کۆرۆنا پێیوایە "بۆ کەمکردنەوەی ئامارەکانی توندوتیژی، پێویستە راگەیاندنەکان بگەڕێنەوە بۆ پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی کاری رۆژنامەوانی و هەڵگری بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و نیشتیمان و ئینسانی بن. راگەیاندن دەبێت پەیامی هەبێت، پەیامەکانیشی روون بێت و خزمەت بە کۆمەڵگە بگەیەنێت، نەك تەنها شێواندن و رەخنەگرتنێکی کوێرانە یان بریندارکردن بێت، بۆ نموونە بە دەیان کاری باش لەلایەن کەرتی تایبەت و حکومەتەوە دەکرێت، بەڵام بەداخەوە نابینرێت بەڵکو تەنها ئەوەی خۆی پێ باشە و ئەو پەیامە ئاراستە دەکات، بەمەش دەبێتە هۆی پەردە پۆشکردنی جوانییەکان لای خەڵک، بەتایبەت میدیای ئۆپۆزسیۆن ئیش لەسەر ئەوە دەکات، کە دەیان کاری باش هەیە نیشان نادرێت، تەنها شتێك کە حکومەت کەموکوری تێدا بکات ئەوە زەق دەکرێتەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین